رەوەند مەلامەحمود: هەر کاردانەوەیەک لە داهاتوودا رووبدات پارتی لێی بەرپرس دەبێت

SNN-عەلی حەمە سەعید
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژە بەوەدەكات هەر لەسەردەمی ( مام جەلال)ەوە تائێستا پارتی هەمیشە دەستپێشەخەر بووە بۆ پاشگەزبوونەوەی لەو ڕێككەوتنانەی كە لەگەڵ یەكێتی كردوویەتی و هەر پارتیش هۆكار بوو كە پارێزگاری كەركوك لەدەستی كورد نەمێنێت، ئەوەش دەخاتەڕوو، كە هەر حزبێك بە عەقڵیەتی زۆرینەو كەمینە هەڵسوكەوت بكات ئەوە عەقڵی بچوكە.
ڕەوەند مەلا مەحمود، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نشتیمانی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: بەداخەوە هەر لە ڕابردووەوە تائێستا و لەسەردەمی (مامجەلال)یشەوە هەمیشە پارتی دەستپێشەخەر بووە بۆ پاشەکشەكردن و تێكدانی ئەو ڕێككەوتنانەی كە لەگەڵ یەکێتی واژۆی كردووە ئەمە زیانی زۆری بەگەلەكەمان گەیاندووە و نمونەی زیندووش پاشگەزبوونەوەی پارتی بوو كە وایكرد پارێزگاری كەركوك لەدەستی كورد نەمێنێت و ئێستاشی لەگەڵدابێت پۆستە لەلایەن كەسانێكەوە بەڕێوەدەبرێت كە دژ بە بەرژەوەندییەكانی كورد كار دەكەن پارتیش هۆكار بوو چونكە ئامادەنەبوون بینە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پاریزگا تا كار گەیشتە ئەمڕۆ.
ئاماژەی بەوەشكرد، كۆتاجاریش كە پارتی فێڵی لە یەكێتی كرد ئەوەبوو كە پێش هەڵبژاردنەكان پارتی لەگەڵ یەكێتی واڕێككەوتبوون كە پێكەوە بچنە بەغدا، بەڵام لەدواساتەكاندا لەو ڕیككەوتنە پەشیمان بوویەوە رێككەوتنێكی ژێربەژێریان واژۆكرد لەگەڵ دوولایەنی دیكەی عەرەبی، لەكاتێكدا ئەوان هەمیشە بەلایانەوە گرنگ نەبووە نێوماڵی كورد چۆن یەكگرتوو بێت هێندە بەلایانەوە گرنگە چۆن پلەوپۆست بۆ كەسانی نێو بنەماڵەیەكی حزبەكەیان بەدەستبهێنن.
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، هەر حزبێك بە عەقڵیەتی كەمینەو زۆرینە هەڵسوكەوت بكات ئەوە عەقڵی بچوكە و عەقڵی لەچوارچێوەی بنەماڵەیەكدا قەتیس ماوە، بۆیە ئێمە پێمان وایە كە ئەوەی پارتی هەنگاوی بۆناوە بابەتێك نییە گەلەكەمان ڕازی بیت تاسەر قەبوڵی بكات، هەر كاردانەوەیەش لەداهاتوودا ڕووبدات بەدلنیاییەوە پارتی لێی بەرپرس دەبێت وەك چۆن بەرپرسن لەو لێكترازانەی لەناوماڵی كوردی دروستیان كردووە.








