ئەمڕۆ وادەكەی سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی دێت و فراكسیۆنی یەكێتیش بۆچوونی خۆیان خستووەتەڕوو

پەرلەمانی کوردستان
SNN-عەلی حەمەسەعید
ئەمڕۆ ئەو وادەیە كۆتایی پێدێت كە لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە بۆ سەرۆك فراكسیۆنیكان دیاریكرابوو بۆئەوەی بۆچوونی خۆیان لەبارەی پرسی هەڵبژاردن و كۆمیسیۆن و دەستوورەوە بخەنەڕوو، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیش ئاماژە بەوەدەكات ئێمە ڕابۆچوونی خۆمانمان ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە و بۆ ئەو پرسانەش بۆچوونی خۆمانمان هەیە.
زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، بە SNNی ڕاگەیاند: ئێمە لە فراكسیۆنی یەكێتی هەمیشە جەختمان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە بابەتەكانی یاسای هەڵبژاردنەكان و پرسی دەستوور و هەروەها پرسی كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن سێ پرسی گرنگ كە دەبێت سازان و تەوفوقیان لەسەر بكرێت و چونكە ئەو بابەتانە ڕەهەندی نشتیمانیان هەیە و ناكرێت بە بێ لایەنەكانی دیكە تێبەڕێندرێن.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە لە فراكسیۆنی یەكێتی بۆچوونی خۆمانمان ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە و پێمان وایە كە دەبێت یاسای هەڵبژاردنەكان هەموار بكرێتەوە بەجۆرێك كە هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی پارێزگاكان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەش بكرێت، هاوكات لە بارەی دەستوورەوە، داوامان كردووە كە لیژنەی نووسینەوەی دەستوور كارا بكرێتەوە و ئەو بەند وماددانی لە ڕابردوودا لە دەستووری هەرێم نوسرانەوە، بكرێنە بنەما بۆ نووسینەوەی دەستوورێك بۆ هەرێمی كوردستان، هاوكات لەسەر پرسی كۆمیسیۆنیش پیمان وایە كە یان ئەو ئەنجومەنی كۆمیسیارانەی ئێستاهەیە كارابكرێتەوە یان گۆڕاتكاری لە یاساكەیاندا بكرێت.
وتەكانی سەرۆكای فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان لە كاتێكدایە كە لە سەرەتای ئەم مانگەوە، سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، داوای لە فراكسیۆنەكان كردوە لە ماوەی 10 رۆژدا تێبینی و بۆچوونی كۆتایی خۆیان لە بارەی یاسای هەڵبژاردن و كاراكردنەوەی كۆمیسیۆن بگەڕێننەوە بۆ پەرلەمان، ئەمڕۆش كۆتایی بەو وادەیە دێت.








