
SNN
د.عادل باخەوان نوسەر و مامۆستای زانکۆ لە وتارێکيدا مێژووی سەرهەڵدانی گرژييەکانی رووسيا و ئۆکرانيای خستووەتەروو، هەروەها باس لە ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگ دەکات لە ئێستادا، خوێنەر بن:
سەرەتا
30 ساڵ پاش هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتە گەورەکەی یەکێتیی سۆڤیەت و پاش هەرەسهێنانی بلۆکی رۆژهەڵات لەبەرامبەر رۆژئاوادا، وا جارێکی دیکە رووسیای ڤلادیمیر پووتین سواری ئەسپەکەی دەبێتەوە و بەخۆی و سوپاکەیەوە لەبەر دەرگەی ئەوروپادا وەستاوە و لە گریمانەی جەنگێکی گەورەدا کە دەکرێت بە داگیرکردنی ئۆکرانيا دەستپێبکات، تەواوی جیهانی خستووەتە دۆخی چاوەڕوانییەکی ترسناکەوە.
ساڵی 2016، لە شاری سانت پێترسبۆرگ، ڤلادیمیر پووتین لە بەردەم کامێرەکاندا و بە تۆنێکی توڕە و بە دەنگێکی بەرز هەڕەشەی کرد و گوتی “من نازانم هەموو ئەم رووداوانە بەرەو کوێمان دەبەن، بەڵام دەزانم کە چیتر ئێمە رێگەنادەین بە ئارەزووی خۆیان ئاراستەی رووداوەکان بکەن و ئێمە لەمەودوا بەرگری لە خۆمان دەکەین.”
ئەم لێدوانەی پووتین لە گەرمەی جەنگی ئۆکرانيادابوو، جەنگێک کە لە باشووری ئۆکرانيادا بەڕێوەدەچوو، جەنگێکی خوێناوی وا کە تەنیا لەنێوان 2014 بۆ 2019 دا 13000 کەسی تێدا کوژرا و لە کۆتایشدا، نیمچە دوورگەی کریمیا کە دەکەوێتە باشووری ئۆکرانياوە، لە رێگەی زەبری هێزی ڤلادیمیر پووتینەوە لە ئۆکرانيا دادەبڕێندرێت و دەلکێندرێت بە رووسیای گەورەوە.
بەڕاستیی چی روویدا؟ چۆن کریمیا بووە بەشێک لە رووسیا؟ بۆ ئێستا مۆسکۆ دەیەوێت تەواوی ئۆکرانيا داگیربکات؟ بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا زراویان تۆقیوە و دۆخی جەنگێکی ترسناک باڵی کێشاوە بەسەر تەواوی ئەمریکا و ئەوروپادا؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، با ئێمە بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای چیرۆکەکە، چونکە بەبێ ئەم گەڕانەوەیە زۆر ئەستەمە بتوانین تێبگەین لەوەی کە لە ئێستا و ئێرەدا روودەدات.
ئۆکرانيا چ مانایەکی بۆ رووسیا هەیە؟
لەنێو دڵی هەر کەسێکی رووسیدا، ئیتر سەر بە هەر ئایدۆلۆژیا و گرووپێکی کۆمەڵایەتی بێت، ئۆکرانيا بایەخێکی یەکجار گەورە و مانایەکی باڵای هەیە. لە یادەوەریی دەستەجەمعیی رووسەکاندا، ئۆکرانيا وەک منداڵدانی شارستانیەتی رووسی و وەک سەرچاوەی قوڵپەقوڵپکردنی کولتووری رووسی و بوون بە رووس وێنادەکرێت. دەکرێت لێکچوونێک بکرێت لەنێوان ناوچەی گولوا و گۆلییەکان بۆ فەرەنسا و ئۆکرانيا و ئۆکرانييە رووسۆفۆنەکان بۆ رووسیا. هەروەک چۆن فەرەنسییەکان پێیانوایە کە شارستانیەتی فەرەنسی لە ناوچەی گولواوە دەستپێدەکات و گۆلەکان بە رەچەڵەکی خۆیان دەزانن و فەرەنسییەک بۆ ئەوەی خۆی بە فەرەنسیی رەسەن پێناسە بکات دەڵێت، من گولوام، ئاواش رووسەکان پێیانوایە کە شارستانیەتی رووسی لە ئۆکرانياوە دەستپێدەکات و ئۆکرانييە روسۆفۆنەکان بە رەچەڵەکی خۆیان دەزانن.
بێگومان ئەم یادەوەرییە دەستەجەمعییە لەسەر کۆمەڵێک وەهم بینانەکراوە، بەپێچەوانەوە لەنێو مێژوویەکی درێژدا و لەسەر زەمینەیەکی کۆنکرێتی و پشتئەستوور بە هەلومەرجێکی بابەتی چوارچێوەی گرتووە. بۆنموونە لە 200 ساڵی رابردوودا، ئۆکراینا و رووسیا یەک قەوارە و یەک رووبەر و یەک دەسەڵاتیان هەبووە و هەمیشە پێکەوەبوون و ئەوەی کە جیایکردنەوە هەرەسی یەکێتیی سۆڤیەت بوو لە کۆتاییەکانی سەدەی رابردوودا.
گرێکوێرەکەی نیمچە دوورگەی کریمیا
لەنێو ئەم مێژووە درێژەدا، رووبەرێک هەیە کە پێگەیەکی زۆر تایبەتی لە یادەوەریی دەستەجەمعیی رووسەکاندا هەیە کە بریتییە لە نیمچە دوورگەی کریمیا. پێگەی رەمزیی و تەنانەت ماددی کریمیا لای رووسەکان، دروست وەک پێگەی کەرکووکە لای کوردەکان و قودسە لای عەرەبەکان.
کریمیا کە دەکەوێتە باشووری ئۆکرانيا و باکووری دەریای رەشەوە، پێگەیەکی جیۆستراتیژیی ناوەندیی هەیە، بەتایبەتی مینای سێباستۆپۆل کە لە جەنگی جیهانیی دووەمدا وەک یەکێک لە دەروازە هەرە گەورەکانی جەنگ لەگەڵ ئەڵمانیای هیتلەریدا لەلایەن سۆڤێتییەکانەوە بەکارهێندرا و بەبێ مینای سێباستۆپۆل ئەستەم بوو سۆڤێتییەکان بتوانن سەرکەوتن بەدەستبهێنن.
بێهودەنییە کە کریمیا تاوەکو ساڵ 1954یش هەر بەشێک بووە لە رووسیا و راستەوخۆ لەلایەن مۆسکۆوە ئیدارەکراوە، بەڵام لەم ساڵەدا، نیکیتا خروچۆڤ کە ساڵێ پێشتر گەیشتبووە لووتکەی دەسەڵات لە یەکێتیی سۆڤیەتدا، بۆ بەرزنرخاندنی پەیماننامەی پێریاسلاڤ کە 300 ساڵ پێشتر لەنێوان ئۆکرانيا و رووسیادا واژۆکرابوو، بڕیاریدا کریمیا لەڕووی ئیدارییەوە بە ئۆکراینا ببەخشێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەم بەخشینە تەنیا رەمزیی بوو، چونکە خودی ئۆکرانياش بەشێکبوو لە یەکێتیی سۆڤیەت.
تاوەکو ساڵی 1991 بڕیارەکەی نیکیتا خروچۆڤ بێگرفت و بێ دەرەنجامی نەرێنی بوو بۆ مۆسکۆ، بەڵام لە 1991 دا جیهان گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا دێ و یەکێتیی سۆڤیەت وەک چوارچێوەی دەوڵەتیی هەڵدەوەشێتەوە و جمهوورییەتەکانی یەکێتییە هەڵوەشاوەکە سەربەخۆیی خۆیان رادەگەیێنن و ئۆکرانيا بە کریمیاشەوە دەبێت بە یەکێک لەو دەوڵەتە سەربەخۆیانەی کە دادەمەزرێن.
لێرەوە گرفتە سیستەمییەکان دەستپێدەکەن، چونکە چەن کوردەکان خۆیان بە عێراقی دەزانن هەر هێندەش کریمیاییەکان خۆیان بە ئۆکرانی دەزان! لە هەر 10 کەسی دانیشتووی کریمیا هەشت کەسیان خۆیان بە روسۆفۆن و بە رووس دەزانن. بەپێی راپرسییەک کە 2013 ئەنجامدراوە، تەنیا 15%ـی خەڵکی کریمیا خۆیان بە ئۆکرانی دەزانن. لە 2014 دا کاتێک کە ریفراندۆم لە کریمیادا ئەنجامدرا، 97%ـی دەنگیان بەوەدا کە بخرێنە سەر رووسیا و لە ئۆکرانيا جیابکرێنەوە. بێگومان دەکرێت پرسیار لە هەلومەرجی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بکرێت، بەڵام بەپێی هەموو پێشبینییەکان و سەرەڕای هەلومەرجەکان، زۆرینەی هەرە زۆری کریمیاییەکان لەنێوان رووسیا و ئۆکرانيادا هەر رووسیا هەڵدەبژێرن و دەیانەوێت وەک رووسی لەنێو مێژوودابن، نەک وەک ئۆکرانی.
دنیای دوای ئاشبەتاڵ
پاش راگەیاندنی ئاشبەتاڵی یەکێتیی سۆڤیەت لەلایەن میکایل گۆرباتشۆڤەوە لە ساڵی 1991 دا و لەپێناوی دروستکردنی دنیایەکی ئارامتر و سەقامگیرتردا، وڵاتانی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیاریاندا سیستمێکی نوێی جیهانی دروستبکەن و رووسیایش بەشێکی گرنگبێت لێی. مۆسکۆی نوێ ئەم پێشنیازەی قبووڵکرد، بەمەرجێک کە ناوچەی نفوزی پارێزراو بێت و ناتۆ دەستنەبات بۆ پرسی ئاسایش و سەقامگیریی ئەو رووبەرانەی کە کێڵگەی کارایی رووسیان.
لە بەرامبەر ئەم داوایەی رووسیادا، ئەمریکا بە مەرج وەڵامی ئەرێنیی دەداتەوە. رووسیا نابێت گرفت بۆ یەکگرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیا دروستبکات و ئەمریکاش بەڵێندەدات کە ناتۆ بەرەو ئەو وڵاتانە نەبات کە بە زۆنی کارایی مۆسکۆ ناسراون. ئەم رێککەوتنە لەنێوان مۆسکۆ و واشنتۆندا تاوەکو ساڵی 1999 بەردەوامدەبێ و بەجۆرێک لە جۆرەکان جیهان ئارامییەکی رێژەیی بەخۆیەوە دەبینێت.
لە 1999 دا ئەمریکا یەک گورز لەم رێککەوتنە دەدات، ئەوەش لەڕێگەی بانگهێشتکردنی پۆڵۆنیا و کۆماری چیک و هەنگاریاوە بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆدا. ئەم هەنگاوە مۆسکۆی تەواو بێزارکرد، بەڵام لەهەمانکاتدا دوو خاڵی گرنگ وایانکرد کە دۆخەکە تێکنەچێت. یەکەمیان بریتیبوو لەوەی کە ئەم سێ وڵاتە هاوسنوورنین لەگەڵ رووسیادا و دووهەمیشیان بریتیبوو لەوەی کە ئەمریکا بە نووسراوی فەرمی مۆسکۆی دڵنیاکردەوە لەوەی کە چەکی ئەتۆمی لە هیچ یەکێک لەم وڵاتانەدا دانانێت و هیچ یەکێکیان نابن بە مەترسی بەسەر رووسیاوە و هۆکارێکی بابەتیش نییە بۆ کارێکی لەم جۆرە.
بەڵام لە 2004 دا، کاتێک کە جۆرج دەبلیو بووش رایدەگەیێنێت کە ئیستۆنیا، لیتوانیا، سلۆڤاکیا، سلۆڤینیا، رۆمانیا و بولگاریا دەبن بە ئەندانی ناتۆ، ئیتر مۆسکۆ راستەوخۆ دەگاتە ئەو باوەڕەی کە واشنتۆن دەیەوێت گەمارۆی بدات و ئاگرە گەورەکە بخاتە نێو ماڵی رووسیاوە، تەنانەت ڤلادیمیر پووتین بۆ یەکەمجار چەمکی خیانەتی بەکارهێنا.
سەرەتاکانی لێدانی تەپڵی جەنگێکی نوێ
پاش ئەم رووداوە گرنگە، ڤلادیمیر پووتین بەتووندی هەڕەشەی لە ناتۆ کرد و گوتی، “سەربازەکانتان بابێن خۆیان تاقیبکەنەوە و دواتر دەزانن ئێمە کێین.” بەڵام ئەمریکا و ئەوروپا ئەم هەڕەشەیەی پووتینیان بەجددی وەرنەگرت و لەنێوان 2004 و 2014 دا، بەپشتیوانیی واشنتن و برۆکسل چەندین بزووتنەوەی ناڕەزایی دژە مۆسکۆ لە چەندین وڵاتدا سەریان هەڵدا، هەر لە جۆرجیاوە تا دەگاتە ئۆکرانيا. ساڵی 2013، کیێڤی پایتەخت دەبێت بە لانکەی راپەڕین دژ بە سەرۆکی ئۆکرانيا کە بە پرۆڕوس ناسرابوو. سەرۆک ناچار بە وازهێنان دەکرێت و ئۆکرایناش رۆژ لە دوای رۆژ خۆی لە یەکێتی ئەوروپا نزیکدەکردەوە.
ئەمە ئیتر بەزاندنی ئەو هێڵە سورەبوو کە مۆسکۆ نەیدەتوانی قبووڵی بکات و هەر ئەوەش وایکرد کە لەڕێگەی سەربازییەوە دەستێوەردان بکات و کریمیا لە ئۆکرانيا وەربگرێتەوە و بیخاتەوە سەر رووسیا و بۆ هەمیشەش ئەژنۆی دەبابەکانی لەسەر سنگی کیێڤ بێت.
لە هەمانکاتدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پڕۆژەیەک دەخەنە بواری پراکتیکەوە کە رووسیا وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی پێناسەی دەکات. ئەو پڕۆژەیەش بریتیبوو لە دامەزراندنی دوو بنکەی دژە مووشەک و مووشەک هاوێژی دوورە مەودا لە رۆمانیا (2016) و لە پۆڵۆنیا (2020)دا.
ئەمریکییەکان دەڵێن، ئامانج لەم دوو بنکەیە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بەڵام مۆسکۆ باوەڕ بەم حیکایەتە ناکات و پێی وایە ئامانجی یەکەمی ئەم دوو بنکەیە تێکشکانی هێزە ئەتۆمییەکەی رووسیایە، چونکە بە بۆچوونی پووتین، “شتێک نییە بەناوی هەڕەشەی ئێرانی و رووسیاش ناچارە بەوەی کە بەرگری لە خۆی بکات.”
ئێستا چی روودەدات؟
لە پاییزی 2021 دا وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا زەنگی مەترسییەکی نزیک لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانيا لێدەدەن. رووسیا 100 هەزار سەربازی بەسەر ئەو سنوورانەدا و بەچەکی قورسەوە بڵاوکردووەتەوە و بەهەموو تواناکانیشییەوە یارمەتیی بزووتنەوەی جوداخوازەکانی رۆژئاوای ئۆکراینا دەدات کە بە پرۆ رووس ناسراون.
رووسیا پێیوایە بڵاوکردنەوەی ئەم سەربازانە هیچ نییە کاردانەوەیەکی شەرعی نەبێت لە بەرامبەر چالاکییە هەڕەشە ئامێزەکانی ناتۆدا نەبێت. دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا باس لەوە دەکەن کە رووسیا، لە رێگەی سیخوڕەکانییەوە، دەیەوێت هەلومەرجی ناوخۆیی ئۆکرانيا بەڕادەیەک تێکبدات کە دەستێوەردانی سەربازییانەی مۆسکۆ ببێت بە فاکتێکی داواکرا و خوازراو و ئاسایی!
لە 18 مانگی رابردوودا، هەزاران سەربازی رووسی گەیشتنە بێلاڕووس و ئەمەش بووە هۆکارێکی دیکەی تێکچوونی زیاتری دۆخەکە و بەرزکردنەوەی ئاستی مەترسییەکانی ئەوروپا و ئەمریکا. لە 25ـی مانگی رابردووشدا شەش هەزار سەربازی رووسی دەستیان بە مانۆڕی سەربازی لە کریمیا و لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانيا کرد و دیسان ئەمەش مەترسیی تەقینەوەی دۆخەکەی زیاتر کرد بەڕادەیەک کە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، جۆ بایدن بڵێت، “ئەگەر رووسیا پەلاماری ئۆکرانيا بدات، بەدڵنیاییەوە دەرئەنجامەکانی زۆر گەورە دەبن و دەتوانم بڵێم دەبێت بە گۆڕینی دنیای ئێستا و دروستبوونی دنیایەکی دیکە.”
بەڵام لە هەمانکاتدا جۆ بایدن باس لەوەدەکات کە ئەمریکا نیازی نییە سوپاکەی بنێرێت بۆ ئۆکرانيا، چونکە تائێستا ئەندامی ناتۆ نییە. سەرەڕای ئەم لێدوانەش، واشنتن هەشت هەزار و 500 سەربازی خستووەتە ئامادەییەوە، بۆئەوەی بتوانێت مامەڵە لەگەڵ گریمانەی داگیرکردنی ئۆکرانيادا بکات.
یەکێتیی ئەوروپاش لە رێگەی ئێمانوێل ماکرۆنەوە دەیەوێت دەنگی ببیسترێت و رێگری بکات لە هەڵگیرسانی جەنگ، بەڵام لەهەمانکاتدا هەڕەشەش دەکات لەوەی کە ئەگەر مۆسکۆ پەلاماری کیێڤ بدات، بەدڵنیاییەوە باجەکەی ئێجگار گران و قورس دەبێت. تراژیدیای ئەوروپا لەوەدایە کە سوپایەکی یەکگرتووی نییە و دەبێت هەموو گرەوەکانی لەسەر ناتۆیەک بێت کە لەژێر هەژموونی ئەمریکادایە.
کۆتایی
ئەم پرسیارە بەردەوام دوبارە دەبێتەوە، ئایا دۆخەکە ئارام دەبێتەوە یان جەنگەکە بەڕاستی روودەدات؟ ئەوەی لە ئێستا و ئێرەدا رووسیا دەیەوێت و بە سەرۆک ماکرۆن و سەرۆک بایدنی گوتووە دوو شتە:
یەکەمیان بریتییە لەوەی کە وڵاتانی ناتۆ بەڵێن بە رووسیا بدەن کە چیتر رووبەری ناتۆ فراوان نەکەن و دەوڵەتی نوێ، بۆ نموونە ئۆکرانيا نەکەن بە ئەندام و دووهەمیشیان بریتییە لەوەی کە ناتۆ نابێ مانۆڕی سەربازی لە وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵاتدا ئەنجامبدات.
ئەم دوو داواکارییەی رووسیا، لەنێو ئەو مێژووە درێژ و ئاڵۆزەدا سەرچاوەدەگرن کە باسمانکرد. راستە هەردوو داواکارییەکە بۆ پارێزگاریکردن لە هەژموونی رووسیا و لە هێزە ئەتۆمییەکەی و زۆنی کاراییەکانیەتی، بەڵام ئەوەش راستە کە ملدان بەم دوو داواکارییە یەکسانە بە شکاندنی خواست و سیاسەتی سەربەخۆی ناتۆ و رازیبوون بەوەی کە دەسەڵاتێکی دەرەکی بەشداریبکات لە دەستنیشاکردنی بڕیارەکانیدا.
دۆخەکە رۆژ لە دوای رۆژ ئاڵۆزتر دەبێت، ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا باڵیۆزخانەکانیان لە ئۆکرانيا چۆڵدەکەن، وەک ئەوەی لە سبەینێیەکی نزیکدا جەنگەکە رووبدات.
ئایا بەڕاستی داگیرکردنی ئۆکرانيا دەبێت بەو چرکەساتەی کە دنیایەک کۆتاییپێبێت و دنیایەکی دیکە دروستببێت، رێک وەک دنیای پێش و پاش راگەیاندی ئاشبەتاڵ لەلایەن یەکێتیی سۆڤیەتەوە لە 1991 دا؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بەندە بە کاردانەوەی واشنتنەوە. گەر وەک سەرۆک بایدن دەڵێت، ئەمریکا ئامادەنەبێت سوپاکە بنێرێت بۆ ئازادکردنی ئۆکرانيا لەبەر ئەوەی کە ئەندامی ناتۆ نییە و تەنیا چەکی سزای ئابووری بەکاربێنێت لە دژی رووسیا، بەدڵنیاییەوە چرکەساتی 1991 خۆی دووبارە ناکاتەوە و گۆڕانکاریی مێژوویی دروستنابێت، بەڵام لە گریمانەی تێهەڵچوونی سەربازییانەی ئەمریکادا، بێگومان کۆی هاوکێشەکە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و دنیای ئێستا کۆتاییپێدێت و دنیایەکی دیکە لە دایکدەبێت.
مارکۆ ڕۆبیۆ: “مۆندیال بۆ ئەندامانی سوپای پاسداران قەدەغەیە”
24كاتژمێر لهمهوپێشترەمپ: پێموایە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ ئێران دەگەینە رێککەوتن
حوزهیران 2, 2026
هەواڵی زیاتر
-
ترەمپ هۆشداری دەداتە ئێران: کوژرانی یەک سەربازی ئەمریکی کۆتایی بە ئاگربەست دەهێنێت
41 خولهك لهمهوپێش -
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
21كاتژمێر لهمهوپێش -
عەلی زەیدی: بێبەرامبەر زەوی بەو خێزانانە دەدرێت کە خانووی خۆیان نییە
22كاتژمێر لهمهوپێش -
دووەمین کۆڕبەندی ئابورى نێودەوڵەتی دێلفی لەسلێمانی دەبەسترێت
23كاتژمێر لهمهوپێش
دەربارەی ئێمە
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
ئەگەر لەبیرت کرد
-
ترەمپ هۆشداری دەداتە ئێران: کوژرانی یەک سەربازی ئەمریکی کۆتایی بە ئاگربەست دەهێنێت
41 خولهك لهمهوپێش -
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
21كاتژمێر لهمهوپێش -
عەلی زەیدی: بێبەرامبەر زەوی بەو خێزانانە دەدرێت کە خانووی خۆیان نییە
22كاتژمێر لهمهوپێش
بنکۆڵکاری
-
هەولێر شاری باڵەخانە بەرزەکان بەڵام بێ ژێرخان
كانونی دووهم 5, 2022 -
بڵاوبوونەوەی ڤيديۆی سێکسی لە تۆڕەکۆمەڵايەتييەکاندا
تهمموز 6, 2021









