ئەنجومەنی وەزیران ڕێکخستنی دەستی کار و ڕەخساندنی دەرفەتەکانی کاری تاوتوێ کرد

0
445

SNN

ئەمڕۆ سێ شەممە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم کۆبوونەوەى ئاسایی خۆی بەسەرپەرشتى مەسرور بارزانى و ئامادەبوونى قوباد تاڵەبانى ئەنجامداو تیایدا گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێک کراوە کە یەکێک لەوانە دابینکردنى هەلی کار بووە.

بەپێی راگەیەنراوی ئەنجومەنى وەزیران، لە بڕگەی یەکەمدا، گفتوگۆ دەربارەی بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بابەتی ڕێکخستنی دەستی کار و ڕەخساندنی دەرفەتەکانی کار لە کەرتی تایبەت بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرا لە سەر بنەمای دابەشکردنی دادپەروەرانە و گرنگیدان بە دەستی کاری خۆماڵی لە ڕێگای تەرخانکردنی ڕێژەیەکی دیاریکراو لە دەرفەتەکانی کار بۆ دەستی کاری خۆماڵی. ئەم بابەتە لە لایەن  کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، خرایەڕوو.

سەرۆکى حکومەت جەختیکردەوە، پێویستە حکومەت هەموو ئاسانکارییەک و هەماهەنگییەک بکات بۆ یارمەتیدانی گەنجانی کوردستان بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بەتایبەتی لە کەرتی تایبەت، هەروەک لە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمدا جێگیرکراوە. لەم ڕووەوە، حكومەت هانی خاوەنکارانی کوردستان دەدات کە گەنجانی کوردستان لە پێشینەی وەرگرتنی دەستی کاری کۆمپانیاکان بن و پابەندبن بە بڕیاری حکومەت سەبارەت بەوەی کە دەبێ بە لایەنی کەم ڕێژەی %70 دەستی کاریان، خەڵکی هەرێمی کوردستان بن، بە پێچەوانەوە، دەبێ ڕێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر. هەروەها پێویستە میکانیزمی پێویستیش هەبێت بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی کوردستان و دامەزراندنی ناوەندی کار لە سەرجەم پارێزگا و قەزا و ناحیەکان کە ببێتە ناوەندی بەیەکگەیاندنی داواکارانی کار و خاوەنکارەکان.

هاوکات قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگی ئامار و زانیاريیەکان و هەبوونی داتا سەنتەر و ناوەندی دۆزینەوەی کار كرد تا ئاسانکاریی بکرێت بۆ دابینکردنی هەلی کار، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە، داواکرا پەرلەمانی کوردستان پەلە بکات لە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای نوێی کار، کە ستراتیجێکی نوێی داڕشتوە بۆ پەیوەندی نێوان کرێکار و خاوەنکار .

هەروەها داوایکردوە، پەلە بکرێت لە گەڵاڵەکردنی پڕۆژە یاسای خانەنشینی و بیمەی کۆمەڵایەتی کە قۆناغی باشی بڕیوە و بە کەوتنە بواری جێبەجێکردنی ئەم دوو یاسایە، چوارچێوەیەکی یاسایی نوێ و هاوچەرخ دێتەئارا بە ئاڕاستەی پاراستنی بەرژەوەندیی کرێکاران و پاراستنی و دابینکردنی ئیمتیازات و مافەکانیان، بە تایبەتی بۆ خانەنشینان . لەهەمانکاتدا برەودان بە کەرتی تایبەت و گەشەپێدانی ئابووریی.

تاڵەبانى لە کۆبوونەوەکەدا  ئاماژە بە ڕێنمایی نوێی ڕێکخستنەوەی دەستی کاری بیانی لە هەرێمی کوردستان کرا، کە ڕەشنووسەکەی لە لایەن بەڕێز دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان خرایەڕوو، کە ئامانج لێی، ڕێکخستنەوەی هێزی کاری بیانیيە لە هەرێم، بەجۆرێک لە خزمەتی بازاڕی کار بێت و لەهەمانکاتیشدا ئەولەویەت بۆ هاووڵاتیانی هەرێم بێ لە دەرفەتەکانی ڕەخساو بۆ کار و مافی ئەو کرێکارە بیانیانەی لە هەرێم کاردەکەن بپارێزێت، لەبەر ڕۆشنایی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان. ئەنجومەنی وەزیران، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد پەلە بکەن لە تەواوکردنی ڕێنماییەکان بە ڕەچاوکردنی ئەو تێبینیانەی لە کۆبونەوەکە خرانە ڕوو.

بەپێی راگەیەنراوەکە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەیەکی بەرفراوان، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، لە بەر ڕۆشنایی هەموو ئەو تێبینی و ڕاسپاردانەی بۆ ئەنجومەن خرانەڕوو ، دووبارە پێداچوونەوە بە بابەتی دەستی کار بکرێت و ئامادە بکرێت بۆ بڕیار لە سەردانی لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەن.

لە بڕگەی دووەمدا، وەک هەنگاوێک بۆ جێبەجێکردنی یاسای ئەرک ومافەکانی نەخۆش ژمارە 4 ساڵی 2020 ، ڕەشنووسی پەیڕەوی تایبەت بە ( پێکهاتە و ئەرکەکانی لیژنەکانی لێکۆڵینەوەی پیشەیی لە وەزارەتی تەندروستی ) لە لایەن بەڕێز سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی خرایەڕوو، کە تایبەتە بە دانانی ڕێسا و ڕێکاری نوێ بۆ لێکۆڵینەوە لە هەڵەی پزیشکی (لە نەخۆشخانە گشتیەکان بێت یان نەخۆشخانە تایبەتەکان) لە دەرەنجامی کەمتەرخەمیی پیشەییان یان نەبوونی شارەزایی یان پشتگوێخستنی نەخۆش، بە جۆرێک کە ناگونجێن لە گەڵ ڕێساکانی پیادەکردنی پیشەی پزیشکی و چارەسەرکردن و لە ئەنجامدا، بووەتە هۆی زیان گەیاندن بە نەخۆش یان کەمئەندامبوون یان گیان لەدەستدانیان.

ئەنجومەنی وەزیران، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و جەختکردنەوە لە پاراستنی مافی نەخۆش و دڵنیابوون لە پیادەکردنی بنەما کارپێکراوەکانی پیشەی پزیشکیی وچارەسەرکردن و لە ڕوانگەی کاراکردنی ڕۆڵی حکومەت و دامەزراوە تەندروستیەکان، لە چاودێریی و گەشەپێدانی گیانی بەرپرسیارێتی، لەدوای خستنەڕووی چەندین تێبینی و پێشنیار، پەیڕەوەکەی پەسەند کرد.

لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، باس لە ڕەشنووسی ( یاسای دەزگای خۆراک و دەرمان لە هەرێمی کوردستان ) کرا کە بەشێکی گرنگە لە پرۆسەی چاکسازیکردن لە بواری تەندروستی و دەرمان و خۆراک ، هەروەک لە کارنامەی کابینەی نۆیەمدا هاتووە . تا ئێستا چەندین کۆبوونەوەی تایبەت کراوە بۆ ئامادەکردن و گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی یاساکە و پێکهاتەکانی دەزگاکە. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لە کۆبوونەوەی داهاتوو، بە وردی و زیاتر گفتوگۆ لەبارەی ڕەشنووسەکە بکات بەمەبەستی پەسەندکردنی .

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this