“دابەشكردنی مووچەی كەسوكاری شەهیدان لە 16ى 3دا بێبەهاكردنی خوێنی شەهیده‌كانمانه‌”

0
412
مۆنۆمێنتى شه‌هیدانى كیمیاباران له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ | فۆتۆ: SNN

SNN-عەلی حەمە سەعید
به‌شێك له‌ كه‌سوكارى شه‌هیدانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ دابه‌شكردنى مووچه‌ له‌ 32مین ساڵیادى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌دا به‌ بێبه‌هاسه‌یركردنى شه‌هیده‌كانیان ناوده‌به‌ن و وارسى پێنج شه‌هیدى ئه‌و جێنۆسایده‌ش ده‌ڵێت: “حكومه‌ت به‌ به‌رنامه‌ كار بۆ كاڵكردنه‌وه‌ى یادى هه‌ڵه‌بجه‌ و ئه‌نفال ده‌كات”.

رۆژى سێشه‌ممه‌ 7ى ئازار، وه‌زاره‌تى دارایی حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان خشته‌ى مووچه‌ى مانگى شوباتى راگه‌یاند و له‌ خشته‌كه‌دا رۆژى 16ى ئازار دیارى كراوه‌ بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ 32 ساڵڕۆژى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌.

غەفور حەمە ساڵح، وارسی پێنج شەهیدی كیمیابارانی هەڵەبجە له‌وباره‌یه‌وه‌ بە SNNی راگەیاند، “ماوەیەكی زۆرە هەست بەوەدەكەین كە حكومەت بە پلان و بەرنامە كار بۆ كاڵكردنەوەی یادی كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال دەكات لە نوێترین هەنگاویشیاندا هه‌ستاون به‌ دیاریكردنى رۆژی 16ى ئازار بۆ دابەشكردنی مووچە، ئه‌مه‌ش دەچێتە ئەو چوارچێوەیەوە بۆ ئەوەی لەو رۆژەدا كەسوكاری شەهیدان بیریان لای یادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و یادەوەری شەهیدەكانیان نەبێت و بیریان لای وەرگرتنی مووچەكانیان بێت”.

ئه‌و وارسه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان ئه‌م كاره‌ى حكومه‌نى هه‌رێم به‌ “بێبه‌ها” گوزارشت لێده‌كات و ده‌شڵێت: “ئەم كارەی حكومەتی هەرێم دەیكات بەرامبەر بە كەسوكاری شەهیدان ئەوپەڕی بەكەمزانینی یادی شەهیدان و بێبەهاكردنی خوێنی شەهیدانی هەڵەبجەیە، چونكە دەكرا لەبەر رێزی شەهیدانی هەڵەبجە رۆژێك یان چەند رۆژێك پێش یادی كیمیاباران مووچەی كەسوكاری شەهیدان دابەشبكرایە، بەڵام دیارە یادێك لە بیری حكومەت نەبێت یادی كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالە”.

ئەو وارسەی شەهیدانی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، “بەداخەوە لەبری ئەوەی حكومەتی هەرێم یادەكانی كیمیاباران و ئەنفالی بە نشتیمانی بكردایە و ساڵانە لەكاتی یادكردنەوەكاندا باڵوێز و كونسوڵی وڵاتانی جیهانی بانگهێشتبكردایە بۆ ئەوەی ئەو كارەستانەی بەسەر گەلەكەماندا هاتوون لەناوەندە نێودەوڵەتییەكان بەفەرمی بناسرێن، بەڵام بە پێچەوانەوە حكومەتی هەرێم بۆخۆی كار بۆ كاڵكردنەوەی ئەو كارەستانە دەكات كە بەسەر گەلەكەماندا هاتووە لە نمونەی كیمیاباران و ئەنفال”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this