
موعتەز جبووری پێش کوژرانی
SNN-
ئەو والییەی خۆی کردبووە بەرپرسی هەموو عێراق لەگەڵ راگەیاندنی کوژرانیدا چەندین نهێنی شاراوە لەپشتییەوە بوو، موعتەز جبووری… ئەو خوێنڕێژەی عێراقی خەڵتانی خوێن کرد.
جبووری ئەندازیاری کوشتنە و خاوەنی بیرۆکەکانی داعش بوو لەچۆنێتی کوشتنی خەڵکدا، ئەو داهێنانی دەکرد لەشێوازی کوشتنی خەڵکدا.
لە هێرشێکی ئاسمانی هێزەکانی هاوپەیماناندا لە رۆژهەڵاتی سووریا، موعتەز جبوری والی داعش لە عێراق کوژراوە.
دژە تیرۆری عێراق رۆژی 26ی ئەم مانگە لە راگەیەندراوێکیدا ئەوەی خستەڕوو: “بە پشتبەستن بە زانیارییەکانمان، لە هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیيەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە ناوچەیەکی دێرەزور لە رۆژهەڵاتی سووریا، بەناو والی داعش لە عێراق، موعتەز نۆمان عەبد نایف جبوری ناسراو بە (حاجی تەیسیر) کوژرا”.

موعتەز جبوری لە ھەمانکاتدا یاریدەدەرەی سەرکردەی رێکخراوی داعش بوو بۆ کاروباری ویلایەتەکانی، هەروەها بەرپرسی هەموو پلانی کردە تیرۆریستییەکانی رێکخراوەکە بوو لە دەرەوە.
والی داعش زیاتر لە یەک پاسپۆرت و ناسنامەی هەبوو بۆ هاتوچۆکردن، جگە لەوەش لە ترسی راوەدوونانی بەهیچ شێوەیەک ئامێری پەیوەندیکردنی بەکارنەهێناوە.
گرنگیی کوژرانی موعتەز لەوەدابوو کە پیاوی سێیەمی داعش بوو، یەکێکە لە هەرە نزیکەکانی عەبدوڵا قارداش کە خۆی وەک خەلیفەی نوێی داعش ناساندووە.
جبووریی کێیە؟
جبووری خوێندکاری زانکۆ بووە و سەر بە خانەوادەی نایف جبوورییە کە هەموویان بەیعەتیان بە داعش داوە و سەر بەو گرووپەن.

جبووری ساڵی 1984 لەپارێزگای سەڵاحەدین لەدایکبووە و دایکی ناوی فانۆس محەمەد زەیف بووە و هاوسەرەکەشی ناوی سەحاب عەبد تورکی-یە.
جبووری لەسوریا دەژیا و براکەی بەناوی نۆمان عەبد نایف دەستە راستی جبووری بووە، ساڵی 2006 موعتەز پەیوەندیکردووە بە گروپە تیرۆریستییەکانەوە، بەهۆی ئەوەی شارەزایی هەبووە لە دروستکردنی بۆمبدا، داعش بەلایەوە گرنگ بووە کە بیکاتە ئەندامی خۆی.
بە مامی زۆر کاریگەر بووە
ساڵی 2011 جبووری دەست بە کار دەکات لەتەک مامیدا کە ناوی نیعمە عەبد نایف بووە وئەویش سەرکردەیەکی دیاری داعش بووە.
مامی موعتەز بە ئەبو فاتمە ناسرابوو، ساڵی 2015 لەبۆردومانێکی هێزی پێشمەرگەدا کوژرا کە ئەوکاتە والی کەرکوکی داعش بوو.
پێش داگیرکردنی موسڵ کاری جبووری ئەوە بووە کە لەکەرکوکەوە بۆمب و خۆکوژی هەناردەی سەڵاحەدین و تکریت دەکرد بۆ کاری خۆکوژی.
موعتەز جبووری لەساڵی 2014ەوە کرایە وەزیری پیشەسازی داعش و کەلوپەلی بۆ دروستدەکردن.
ساڵی 2018 کرایە بەرپرسی سەربازی هەموو ویلایەتەکانی داعش و پێش کوژرانیشی والی عێراقی رێکخراوەکە بوو.
جبووری ئۆباڵی کوژرانی 45 هەزار کەسی لەئەستۆدایە
جبووری بەرپرسی هەموو کارە تیرۆریستییەکانی عێراق بووە بەجۆرێک لەهەر شوێنێکی عێراق لە کەرکوک و بەغدا و سەڵاحەدین و ئەنبار و نەینەوا و دیالە کاری خۆکوژی و بۆمب هەبووبێت، موعتەز و مامی لێی بەرپرسن.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، ناوبراو لە سنوری نێوان سوریا و عێراق لە نزیک دێرەزور لە ئەنجامی بۆردەمانی فرۆکەکانی دژە تێرۆر و هاوپەیماناندا کوژرا.
More News
-
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
32 mins لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
1 hour لهمهوپێش -
نرخی مریشك دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی
22 hours لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
In Case You Missed
-
نرخی زێڕ بەرز بووەوە
32 mins لهمهوپێش -
سەرایا سەلام وەک یەکەم گرووپ چەکەکانی ڕادەستی دەوڵەت کرد و هەڵوەشایەوە
1 hour لهمهوپێش


