بڕیاری ئەمریکا بۆ جەنگی دژی ئێران بەکوێ دەگات؟

0
351

SNN

بەرپرسانی ئەمریکا رایدەگەیەنن، ترەمپ لە نێوان دوو بژاردەدایە یان ئاگربەست یان فراوانترکردنی جەنگەکە، دەڵێن “چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی دۆناڵد ترەمپین بۆ فراوانکردنی جەنگەکە کە ئیسرائیلیش بێتە ناو جەنگەکەوە”.

بەرپرسانی ئەمریکا بە تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوزیان ڕاگەیاندووە، ناردن و جێگیرکردنی فڕۆکەی جەنگیی زیاتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا ئامادەکارییەکی پێشوەختەیە. ئەوان چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکەن بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کە زۆر چڕتر و بەهێزتر دەبێت لە هێرشەکانی ئێستا.

سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردنی ئیسرائیل لەو ململانێیەدا، سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە کە ئەگەر ترەمپ بڕیاری فراوانکردنی بازنەی جەنگەکە بدات، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئیسرائیلیش هاوشانی ئەمریکا بەشداری لە هێرشە گەورەکاندا بۆ سەر ئێران دەکات.

تاوەکو ئێستا واشنتن خۆی بەدوور گرتووە لە بەئامانجگرتنی ناوچەکانی نزیک تاران یان دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. بەڵام ئەگەر بڕیاری هەڵگیرسانی جەنگێکی بەرفراوان بدرێت، پێشبینی دەکرێت ئەمریکا ئەو هێڵە سوورانە ببەزێنێت و ئەو ناوچە هەستیارانەش بە تووندی بۆردوومان بکرێن.

لەلایەکی دیکەوە پێگەی ئاكسیۆس لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەرۆک ترەمپ لە دووڕیانێكی یەكلاكەرەوە لە شەڕی لەگەڵ ئێران نزیك دەبێتەوەو بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیل تەنیا دوو بژاردە دەبینن بۆ جێبەجێكردن:

بژاردەی یەکەم: هەوڵدان بۆ ئاگربەستێکی نوێ بۆ ماوەی دە رۆژە بە ئامانجی کردنەوەی گەرووی هورمز.

بژاردەی دووەم: دەستپێکردنی هەڵمەتێکی سەربازی هاوبەشی فراوان لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ناچارکردنی تاران بە رادەستبوون.

ماڵپەرە ئەمریكییەكە راشیگەیاندووە، ترەمپ هێشتا بڕیاری نەداوە. بەڵام بەرپرسان پێیان وایە چەند رۆژی داهاتوو رێڕەوی کارەکان دیاری دەکات، لە سایەی بەردەوامی ئەو ململانێیەی كە ناوچەی كەنداوی پەكخستووە.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this