بەوێنە:لە شارەزوور بۆ یەکەمجار فێرگەیەکی تایبەت بە کچان دەکرێتەوە

0
2299
فۆتۆ:شاهۆ فایق

SNN Sport

بۆ یەکەمجار فێرگەیەکی تۆپی پێی کچان بە ناوی (فێرگەی کوردستان) لە قەزای شارەزوور  دەکرێتەوەو هەفتانە 3 رۆژ مەشق و راهێنان دەکەن”.

ئیمان بەرزان راهێنەری فێرگەی کوردستان کە بە خۆبەخش راهێنان بە کچە یاریزانەکان دەکات لە قەزای شارەزوور بە (SNN Sport)ی راگەیاند:” هۆکاری کردنەوەی ئەم فێرگە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شوێنێکی تایبەت بە کچان نیەو لە هەموو وەرزشەکان گرنگی بە کوڕان دراوە،بیرم لەوە کردەوە گۆڕانکارییەک و کارێکی جیاواز بکەم و فێرگەیەکی تایبەت بە کچان دروست بکەم و ئەوانیش وەکو کوڕان بێنە ناو بواری وەرزشەوە، چونکە ئەوان خاوەن توانایەکی باشن و حەز و خولیای خۆیان هەیە”.

وتیشی:” فێرگەکەمان رەسمییەو مۆڵەتی هەیە، 15 یاریزان پەیوەندییان بە فێرگەکەمان  کردووەو تەمەنیان لە نێوان 8 بۆ 16 ساڵیدایە و تا ئێستا بەهۆی خوێندن و تاقیکردنەوەوە یاریزانی ترمان هەیە نەیانتوانیوە پەیوەندیمان پێوە بکەن و لە رۆژانی داهاتوو ئەوانیش پەیوەندی بە فێرگەکەوە دەکەن”.

لەسەر ئەو رێگریانەی کە لە نێوان کچە یاریزانەکان هەیە ئیمان بەرزان وتی:” تا ئێستا هیچ رێگرییەک نیە، بەڵام هێشتا بە کەلتوور نەکراوە، لای خەڵک جیاوازە، چونکە پێشتر هاوشێوەی نەبووە لەم دەڤەرە، ئەوەشی کە زیاتر منی هانداوە  دایک و باوکی کچە یاریزانەکانە من رۆژانە پەیوەندییان پێوە دەکەم و ئەوان زۆر خۆشحاڵن”.

لەکۆتایدا وتی:” تا ئێستا هیچ کەسێک یارمەتی نەداوین و سەر بە هیچ لایەنێک نین، بەڵام چەند شوێنێک لە سنوورەکە ئامادەی هاوکارییان نیشانداوە، بەڵام هێشتا هیچ هاوکارییەکمان بەدەست نەگەیشتووە سەرەڕای ئەوەی رۆژانە لە کاتی راهێنانەکان ئێمە مەشق و راهێنان لە یاریگایەک دەکەین پارەمان لێوەردەگرێت و  ئەوەش لە ئەستۆی مناڵەکانە لەگەڵ چەند پێداویستییەکی تری رۆژانە”.

کچە یاریزانەکانیش خۆشحاڵن و رایدەگەیەنن:” لە ماڵەوە هیچ رێگرییەکیان لێ ناکرێت و داوا لە کچانی تر دەکەن پەیوەندی بە فێرگەکەوە بکەن، ئامانجیان هەیەو دەیانەوێت بەدەستی بهێنن، چونکە حەزو  خولیای خۆیانە”.

Share it:
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this