
سەربازانی تورکیا لە هەرێم، وێنە: hurriyet daily news
SNN- دهۆك
دوای نزیكەی مانگێك لە راوەستاندنی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا، ماوەی دوو رۆژە بۆردوومان و تۆپبارانی توركیا لە سنووری شارۆچكەی دەركار و باتیفا زیادیانكردووە و لە رێگەی فڕۆكەوە سەرباز و هێزەكانی لە چوار شوێنی نوێ دابەزاندووە و جێگیری كردوون.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە زاخۆ بە SNNی وت: “ماوەی دوو رۆژە بۆردوومان و تۆپبارانی توركیا لە سنووری شارۆچكەی دەركار و باتیفا زیادیانكردووە، هەروەها دەوڵەتی توركیا هێزەكانی لە چوار شوێنی نوێ دابەزاندووە و جێگیری كردوون”.
سەرچاوەكە وتیشی: “ئەو شوێنانەی توركیا سەربازەكانی لێ جێگیركردوون، بریتین لە هەریەكە لە چەلكێ زێوكێ، سێركا سپی، رەبیا شەرانش و نزیكی گرێ بیین، “هاوكات هێنانی ئەو سەربازانەی توركیا لە رێگەی سێ هێلیكۆپتەرەوە لە چوار خاڵدا دابەزێنراوە”.
بەپێی زانیارییەكانی SNN “تاوەكو ئێستا بەهۆی بۆردوومانەكانی سوپای توركیا جگە لە زیانی ماددی و ترس و دڵەڕاوكێ لەنێو خەڵكی ئەو ناوچانە، زیانی گیانی لە بۆردوومان و تۆپبارانەكان نەكەوتووەتەوە”.
لە ناوەڕاستی مانگی چواری ئەمساڵەوە، توركیا بە بیانووی لێدان لە بارەگاكانی پارتی كرێكارانی توركیا – پەكەكە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینی بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە.
تاوەكو ئێستا بە قوڵایی 30 بۆ 45 كیلۆمەتر لە سنووری قەزای زاخۆ هاتووەتە نێو خاكی هەرێمی كوردستان. بەهۆی بۆردوومانەكانیشەوە، تاوەكو ئێستا شەش كەسی سڤیل گیانیانلەدەستداوە، سێ ئۆتۆمبێل كراونەتە ئامانج و جگە لەوە، زیانی ماددی بەر خەڵكی ناوچە سنوورییەكان كەوتووە.
More News
-
ترەمپ: تواناکانی ئێران کەمیکردووە
13 hours لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.



