“پرۆسهى خوێندن له وادهى دیاریكراوى خۆیدا دهستپێناكاتهوه”

خوێندنگە
SNN – عەلی حەمە سەعید
ههرچهنده وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم رۆژی 10ی تشرینى یهكهمى وهك وادەی دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندنی 2020 -2021 دیاریكردووە، بەڵام بەرپرسانی یەكێتیی مامۆستایانى كوردستان و بەڕێوەبەری قوتابخانەكان دهڵێن: “مەحاڵە پرۆسەی خوێندن بتوانێت بهو دۆخهى ئێستایهوه لهوادهى دیاریكراوى خۆیدا دەستپێبكاتەوە”.
عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە SNNی راگەیاند: “وەك یەكێتی مامۆستایان پێمان وانییە لەو وادەیەی كە بۆ دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن دیاریكراوە مامۆستایان روو لە ناوەندەكانی خوێندن بكەنەوە، چونكە لەلایەك ئەو شێوازەی وەزارەتی پەروەردە بڕیاری لەبارەوەداوە بۆ پرۆسەی خوێندن سەركەوتوو نابێت، لە لایەكی دیكەشەوە مامۆستایان بە گیرفانی خاڵییەوە ناتوانن بڕۆنەوە ناوەندەكانی خوێندن”.
وتیشى: “وا نزیكدەبینەوە لە 60 رۆژ كە مووچە دابەشنەكراوە، هێشتا هیچ وادەیەكیش دیارينەكراوە بۆ دابەشكردنی مووچە، ئیتر چۆن دهكرێت بە مامۆستا بڵێن: وەرنەوە بۆ دەوام”.
جێگری سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان ئهوهشى خستهڕوو: “پرۆسەی پەروەردە بەبێ دابینكردنی مووچەی مامۆستایان لەكاتی خۆیدا سەركەوتوو نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا قوتابی لە پۆلدا نەبێت زۆ مەحاڵە فێر ببێت، بۆیە ئەوەی ئەمساڵ خوێندنەوەی بۆ دەكرێت كەرتی پەروەردە رووبەڕووی شكست و گرفتی زۆر دەبێتەوە”.
محەمەد شەریف، یەكێكه لە بەڕێوەبەری قوتابخانەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە لهوبارهیهوه به SNNی راگهیاند: “تا ئێستا هیچ ئامادەكارییەكمان نەكردووە بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی ساڵی نوێی خوێندن، هەروەك لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەشەوە هیچ داوایەكمان لێ نەكراوە بۆ ئەوەی بچین پەرتوكی نوێ وەربگرین لە كاتێكدا لە ساڵانی رابردوودا پێش دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن پەرتوكمان وەردەگرت و بەسەر قوتابیاندا دابەشمان دەكرد، بۆیە ئەمە ئەوەمان پێدەڵێت كە حكومەت بۆ خۆیشی جددی نییە لە سەر دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن”.
وتیشى: “بەدڵنیاییەوە مامۆستایان بەبێ وەرگرتنی مووچە ئامادەنین روو بكەنەوە ناوەندەكانی خوێندن، ئێمەش وەك بەڕێوەبەرەكان ئامادەنین هیچ فشارێك یان داواكارییەك لە مامۆستایان بكەین بۆ ئەوەی روو لە ناوەندەكانی خوێندن بكەنەوە، چونكە كاتێك ئەتوانین داوای ئەرك لە مامۆستا بكرێت كە مافەكەی دابینكرابێت، بۆیە ئەگەر وەزارەتی پەروەردە و حكومەتی هەرێم لە خەمی كەرتی پەروەردەدا نەبن ئەمساڵ خراپترین ساڵی دەبێت لەڕووی پەروەردە و فێركردنەوە”.
More News
-
ترەمپ: تواناکانی ئێران کەمیکردووە
18 hours لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.



