تەندروستی سلێمانی: بایکۆتی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی کاریگەری زۆر خراپی هەبووە

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی
SNN-عەلی حەمە سەعید
جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاژە بەوەدەكات مانگرتن و بایكۆتكردنی دەوام لەلایەن پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی سنووری پارێزگای سلێمانییەوە، كاریگەرییەكی زۆر خراپی كردوەتە سەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان بە هاووڵاتیان و ئەگەر ئەم دۆخەش هەروا درێژە بكێشێت بەتەواوەتی كارەكانمان پەكیدەكەوێت.
عەبدوڵا ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە SNNی ڕاگەیاند: بەردەوامی دواكەوتنی موچە و پێنەدانی مافەكانی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی بووەتە هۆی ئەوەی پزیشكانی نیشتەجێی خولاو و كارمەندانی تەندروستی لە نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەوام نەكەن و شوێنی كارەكانیان جێبهێڵن، ئەمەش كاریگەری زۆر خراپی كردووە كە نەتوانین خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ هاووڵاتیانی سنوورەكە پێشكەش بكەین.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە لەگەڵ مافە ڕەواكانی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستین و ئەركی حكومەتە كە نەهێڵێت ئەم دۆخە بەردەوامی هەبێت و داواكاری پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی جێبەجێ بكات بە دابەشكردنی مووچە بە 30 ڕۆژ جارێك، بۆیە ئەگەر ئەم دۆخە هەروا درێژە بكێشێت و مووچە دابەشنەكرێت ئەوا كارەساتی نەخوازراو بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دوور نییە بە تەواوەتی كارەكانمان ڕانەوەستن.
وتەكانی جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە كاتێكدایە كە زیاد لە 55 ڕۆژە پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی مووچەیان وەرنەگرتووە و تا ئێستاش هیچ وادەیەك بۆ دابەشكردنی مووچە دیارینەكراوە، هاوكات پزیشكان و كارمەندانی تەندروستیش سورن لەسەر ئەوەی كە ئەگەر مووچەش وەربگرن ناچنەوە سەر كارەكانیان تا ئەو كاتەی گەرەنتی ئەوەیان پێدەدرێت لە 30 ڕۆژ جارێك مووچەیان بە بێ لێبڕین پێدەدرێت.
More News
-
ترەمپ: تواناکانی ئێران کەمیکردووە
10 hours لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.



