نانەواخانەکانی هەولێر بڕیارەکەی حکومەتیان جێبەجێ نەکرد

0
648

SNN-
نانەواخانەکانی شاری هەولێر بایکۆتیان شکاند و بێ ئەوەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەن دەستیان بە کارکردن کردەوە.

سەرۆكی ئەنجومەنی نانەواخانەكانی هەولێر ڕایگەیاند، بایكۆتی كاركردنمان شكاند و ئەمڕۆ دەست بەكاركردنی خۆماندەكەینەوە تاوەكو دەگەین بە ڕێكکەوتنی بنەبڕ لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتیش لەهەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانمانە .

وتیشی: تاوەكو ئێستا ئارد و غازیان وەرنەگرتوە و هاوشێوەی جاران كاردەكەن تا بەتەواوی ڕێكکەوتن دەكەن.

دوێنێ چوارشەممە 610 نانەواخانە لە شاری هەولێر مانگرتنیان راگەیاند و کاریان نەکرد لە بەیاننامەیەکیشدا ئاماژەیان بەوەکرد کە:” ئەوان وەكو خاوەنی 610 نانەواخانەی هەولێر كە کاریان نەكردوە بەهۆی ئەو هەموو فشارەی لەسەرمانە، دەست خراوەتە گیرفانمان و چاو بڕاوەتە نانی دەمی منداڵەكانمان، تكامان وایە ئەو بڕیارە بە بەرپرسانی هەولێر رابگرە چونكە بەڕاستی ئەوان رێنادەن كار بكەین”.

ئەنجومەنی وەزیران، لە 7ی كانونی یەكەمی رابردوو بڕیاریدا بە هەرزانكردنی نان و سەمون و هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بازرگانی راسپارد بۆ جێبەجێكردنی.

هەفتەی رابردوو، قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر جێبەجێكردنی بڕیارەكەی بۆ ئەم هەفتەیە راگەیاند و جەختیكردەوە لە بەرامبەردا لەسەدا 50 کرێی کارەبای نانەواخانە و سەمونخانەکان کەم دەکرێتەوە، هەروەها بەهەمان شێوە بریاریدا بڕی پێدانی غاز بەو شوێنانە بۆ لەسەدا 50 كەمبكاتەوە.

هەر لە بڕیارەكەدا هاتووە كە نرخی فەردەی ئاردیان لە 29 هەزار دینارەوە بۆ دەکرێتە 24 هەزار و بۆ هەر تۆنێكیش فەردەیەك ئاردیان بەخۆڕایی پێدەدرێت. ئەوانەشیان وەک پاڵپشتی حکومەت بۆ هەرزانكردنی نان لێكدایەوە.

بەگشتی لە سنوری هەولێر 1800 نانەواخانەو سەمونخانە هەن و بەشێكی كەم لە ئەوان چونە بەردەم بینای پارێزگای هەولێر و دژی بڕیارەكە وەستانەوە.

ئاسایشی هەولێر بەبێ بڕیاری دادوەر و بەبێ ئەوەی “هیچ پەڕاوێك” بۆ ئیدریسی نانەوا بكاتەوە، ناوبراویان بۆ ماوەی 18 سەعات دەستگیركرد، هەر بەبێ بڕیاری دادوەریش ئازادكرا، دوای ئەوەی ناڕەزایی لە دەستگیركردنەكەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنی.

ئیدریس مەسعود (ئیدریسی نانەوا)، رۆژی دووشەممە 8ی کانونی دووەم، ژمارەیەك خاوەن نانەواخانە و سەمونخانە، لەبەردەم بینای پارێزگای هەولێر گردبونەوە، دژی هەرزانكردنی نرخی نان لە هەشت نان بە هەزار دینارەوە بۆ 10 نان بە هەمان نرخ و ئیدریس مەسعودیش کە خاوەنی یەکێک لە نانەواخانەکان بوو ناڕەزایی توندی دژی بڕیارەکە دەربڕی و رایگەیاند، بە خۆم و منداڵەكەم رۆژانە ئیش دەكەین 35 هەزار دینار پەیدادەكەین، ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێ بكەم رۆژانە 50 هەزار دینار زەرەر دەكەم، بۆیە ئەگەر تۆ چاكسازیی دەكەیت لە ماڵی خۆت و براو كەسوكاری خۆتەوە دەستپێبكە… بڕۆ لەناو سەرۆك عەشیرەت و جاشەكانەوە دەستپێبكە. بڕۆ لە نەوت و غازەوە دەستپێبكە… بۆ دەبێت تەنیا فەقیر باجەكەی بدات؟.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this