چارەنوسی “هەژماری من” چی بەسەر دێت؟

0
2348

SNN

ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە بارەی چارەنسوی پڕۆژی “هەژماری من”ەوە رایگەیاند، “بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە وەرگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە رێگەی بانکێکی عێراقیەوە دەبێت، دەڵێت “ئەو بانکانەی بۆ هەژماری من کاردەکەن میزانیەی گشتیان نادیارە”.

ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ SNN  لە بارەی چارەنوسی “هەژماری من” و کارکردن پێی رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە دروستکردنی کارتی بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم ئەوەیە، دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە رێگەی بانکە عێراقییەکانەوە بدرێت.

سەبارەت بە چارەنوسی “هەژماری من” ئاماژەی بەوەکردووە، “هەژماری من لە رێگەی سێ باکەوە ئیشەکانی دەکات، بەڵام دەبێت ئەو بانکانە میزانییەی گشتییان بۆ خەڵک ئاشکرا بکەن و بزانین پشکەکانی هی کێیە، سەرمایەکەی هی کێیە”، دەشڵێت “جیاوازی زۆر هەیە لە یەکێک لەو بانکانەی هەژماری من کاریان لەگەڵ دەکات لەگەڵ بانکی رافیدەین کە سەرمایەیان بە تریلیۆنە و ئەمانیش بە ملیار سەرمایەیان هەیە”.

روونیکردووەتەوە، “ئەگەر کێشەیەک لە بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسی یان کەسێکی سیاسیدا نەبێت لە فڵان بانک ئەگینا چ جیاوازییەک هەیە لە هەژماری من یان بانکێکی عێراقی مووچەخۆران مووچەکانیان وەربگرن.”

ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی عێراق جەختی لەوەکردووەتەوە، “ئەوانەی ئەو بانکانەیان بەدەستە ئەگەر مووچەی فەرمانبەران لە رێگەی بانکە عێراقییەکانەوە بدرێت ئەوا ئەوانە بەرژەوەندی لەدەست دەدەن و چیتر ناتوانن کۆنترۆڵی فەرمانبەرانی هەرێم بکەن.”

هاوکات، دوێنێ شەممە 2ی ئازار، بەشێک لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە سلێمانی و دەوروبەری گردبوونەوە و راگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە، تیایدا پاڵپشتی خۆیان بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەربڕی و ئاشکرایانکرد، کە دەیانەوێت مووچەکانیان لە رێگەی “هەژماری من”ەوە نەبێت و لە رێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە بێت، یەکێک لە فەرمانبەرانی بەشداربوو لە گردبوونەوەکە بە SSNی راگەیاند “نامەوێت مووچەکەم لە رێگەی هەژماری منەوە بدرێت، چونکە سیقەیان نییە و نازانم مووچەکەم دەبڕن یان پاشەکەوتی دەکەن”.

ئەمە لە کاتێکدایە، دادگای فیدراڵی لە 21ی شوباتی رابردوودا بڕیاریدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە بدرێت و بۆ ئەو مەبەستەش داوایکرد مووچە لە رێگەی بانکە عێراقییەکانەوە وەربگرن، تەیف سامی، وەزیری دارای عێراق لەوبارەیەوە وتبووی “چیتر راستەوخۆ پارە بۆ هەرێم نانێرم، هەر بۆیە بۆ مانگی ئازار دەبێت لە رێگەی بانکەکانەوە مووچەخۆرانی هەرێم مووچەکانیان وەربگرن، لە ماوەی مانگێکیشدا دەبێت کارتی بانکی بۆ هەر مووچەخۆرێکی هەرێم دروستبکرێت”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this