“به‌مزووانه‌ حكومه‌تى هه‌رێم 14 ملیار دینار به‌سه‌ر كه‌مده‌رامه‌تاندا دابه‌شده‌كات”

0
1454
دراوى 25 هه‌زار دینارى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید
وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم رایده‌گه‌یه‌نێت: سەرجەم رێكارەكانی تایبەت بە دابەشكردنی بڕی 14 ملیار دینار بەسەر كەمدەرامەتانی هەرێمی كوردستان كۆتایی هاتووە، ده‌شڵێت: ” تەنیا ئەوە ماوە لەڕێگەی هه‌ژمارێكى بانكییەوە پارەكە دابەشبكەین”.

ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم بە SNNی‌ راگەیاند: “لەگەڵ ئەوەی دەبوو زووتر دەستمان بكردایە بە دابەشكردنی ئەو بڕە هاوكارییەی كە لەلایەن خێرخوازان و سەرمایەدارانی هەرێمەوە لەكاتی كەرەنتینەی گشتی كۆكرایەوە و بڕەكەی 14 ملیار دینارە، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی كەمدەرامەتان و هاوكات چەند گرفتێكی دیكەوە دابەشكردنی ئەو پارەیه‌ دواكەوت، بەڵام لە ئێستادا هەموو ئامادەكارییەكمان كردووە بۆ دابەشكردنی ئەو پارەیە”.

وتیشى: “ئەو 14 ملیار دینارە دابەشدەكرێت بەسەر 140 هەزار خێزاندا، بەجۆرێك كە هەر خێزانێك بڕی 100 هەزار دیناری‌ پێدەدرێت، تەنیا بۆ یەكجارە ئەو هاوكارییە، پارەكە لە هه‌ژمارى بانكى وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵاییەتییە و ئەو كەسانەشی كە هاوكارییەكەیان بەسەردا دابەشدەكرێت ناوەكانیان لەبەردەستدان و ئامادەن”.

وتەبێژەكەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئەوەشی خستەڕوو: “ئێمە 19 بەڕێوەبەرایەتیمان هەیە كە دەبێت ناوەكانمان بۆ بنێرن، ناتوانین هەموویان بەیەكەوە دەستبكەین بە دابەشكردنی پارەكە، بە گوێرەی ریزبەندی دەبێت، هەركات ئەوان تەواوبوون ئێمەش لەڕێگەی بانكەكانەوە دەستبە دابەشكردنی پارەكە دەكەین”.

 

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this