ژمارەیەک ئەندامی سوپا هۆشداری دەدەن لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە فەڕەنسا

0
1308

SNN

جارێکی تر ژمارەیەک لە هێزە سەربازییەکانی فەڕەنسا بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی کراوە هۆشدارییان داوە لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە وڵاتەکەیان و نزیکەی 130 هەزار کەس لە هاوڵاتیانی ئەو وڵاتەش نامەکەیان واژۆکردوە و پشتیوانیان بۆ دەربریوە.

نامەکە لە گۆڤاری والێر ئەکچووێڵزی سەر بە راستڕەوەکان بڵاوکراوەتەوە، بەڵام ژمارەی ئەو سەربازانە و پلەکانیان و ئەوەی کە ئایا تائێستا بەردەوامن لە کارکردن لە سوپا یان خانەنشینن، نەزانراوە.

نوسەرانی نامەکە خۆیان وەک نەوەی نوێی سەربازانی فەڕەنسی ناوبردووە، کە لە ئەفغانستان و مالی و کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست جەنگاون یان لە یەکەکانی دژە تیرۆری ناوخۆ کاریان کردووە.

لەبەشێکی نامەکەدا رەخنە لە حکومەتی فەڕەنسا گیراوە بەوەی، کە لە کاتێکدا سەربازەکانیان لە دەرەوە بە گیانبازییەوە بەرەوڕووی توندڕەوی ئیسلامی بوونەتەوە، بەڵام حکومەت لە ناوخۆی وڵاتەکە دەستی هێزە توندڕەوە ئیسلامیەکانی ئاوەڵا کردووە و چەندین ئیمتیازی پێداون.

هەر لەو نامەیەدا هۆشداری دراوە لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ و ئۆباڵەکەشی خراوەتە ئەستۆی حکومەت و دەسەڵاتداران و جەختکراوەتەوە کە لەوەها ئەگەرێکی کارەساتباردا، سوپا ئاسایش و ئارامی بۆ وڵاتەکە دەگەڕێنێتەوە.

فلۆرانس پارلی وەزیری بەرگریی فەرەنسا رایگەیاندوە: “ئەو کەسانەی نامەکەیان واژۆکردووە، ئەگەر لە ئێستادا ئەندامی هێزەکانی سوپا بن یان لە ریزی هێزەکانی یەدەگدا بن، بە هۆی پێشێلکردنی بنەمای بێلایەنی هێزە چەکدارەکان لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و سزا دەدرێن”.

هەرچی ماریان لۆپێنی سەرکردەی پارتی گردبوونەوەی نەتەوەیی راستڕەوەکانە پشتیوانی خۆی بۆ ئەو نامەیەی سەربازانی فەڕەنسی دەربڕیوە.

رۆژی 21ی نیسانی ئەمساڵیش لە شەستەمین ساڵیادی هەوڵێکی ناسەرکەوتووی کودەتا بەسەر ژەنەڕان دیگۆل، نزیکەی هەزار کەسایەتی سەربازی کە 20 کەسیان لە ژەنەڕاڵە خانەنشینەکان بوون لە نامەیەکی کراوەدا هۆشداریان دابوو لەوەی، کە فەڕەنسا لە لێواری شەڕی ناوخۆدایە.

بەپێی یاساکانی فەرەنسا هێزە سەربازی و ئەمنیەکان لە ململانێکاندا بێلایەنن و مافی ئەوەشیان نییە بیر و رایان لە بارە پرسە سیاسی و ئایینیەکانەوە دەرببڕن.

ماوەی چەند ساڵێکە فەڕەنسا رووبەڕووی چەند ئاڵۆزیەک بووەتەوە کە دیارترینیان خۆپیشاندانی هێلەک زەردەکان و روودانی چەند پەلامارێکی خوێناوی لە لایەن ئیسلامیە تونڕەوەکان و بەهێزبوونی راستڕەوەکانە کە دژی کۆچبەران و رەوتە ئیسلامیەکانن لە وڵاتەدا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this