یەکێتی و گۆڕان: هاوپەیمانی نێوانمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدەستهێنانی مافەکانی کوردە

0
787

SNN

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند: رێککەوتنی پێکهێنانی هاوپەیمانی کوردستان لە نێوان یەکێتی و گۆڕان دەتوانێت ببێتە هەنگاوێک بۆ زیندووکردنەوەی دوو رێککەوتنی پێشووی نێوان هەردوولا، هاوکات ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی گۆڕانیش وتی: “لەگەڵ یەکێتی پێمان وایە دەتوانین بیبەینەوە، پێکەوە بەهێزترین و دەتوانین خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان بکەین”.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی کوردستاندا بەشداری لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا دەکەن، کە بریارە رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و بۆ ئەو مەبەستە رۆژی 30ی نیسانی ئەمساڵ هاوپەیمانێتیەکەیان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تۆمارکرا و ئەمڕۆش بە فەرمی بە بەشداری هاوسەرۆکانی یەکێتی و رێکخەری گشتیی گۆڕان رێککەوتنەکە واژۆ کرا.

دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا سۆران جەمال تاهیر و دەرباز محەمەد ناوەرۆکی رێککەوتنەکەیان راگەیاند.

سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی باسی لەوەکرد: هاوپەیمانی کوردستان هەنگاوێک دەبێت بۆ پاراستنی یەکڕیزی و هەنگاوێکیشە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لایەنەکانی دیکەش هەنگاو بە هەنگاو بچنە ناو هاوپەیمانێتیەکەیان بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەستووری عێراق مافەکانی گەلی کوردستان دەستەبەر بکەن و لە دوای هەڵبژاردن ئەو ئەرکانەی لەسەر شانیانە جێبەجێی بکەن.

باسی لەوەشکرد: “لە رابردوودا یەکێتی و گۆڕان دوو رێککەوتنیان هەبوو، یەکەمیان دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە بارە حکومەتی خۆجێییەوە بوەوە کە ئەتوانین بڵێین 95٪ی جێبەجێ کراوە، ئەوەی دووەمیشیان رێککەوتنی دەباشان بوو، کە خاڵ و بەندەکانی ماوە، بەڵام لە بەر هەندێک هۆکار لە پاش هەڵبژاردنەکانی 2018 هەڵپەسێردراوە”.

جەختیشی کردەوە: “رێککەوتنی پێکهێنانی لیستی هاوپەیمانی کوردستان لە نێوان یەکێتی و گۆڕان دەبێتە هەنگاوێک بۆ ئەوەی وردەوردە رێککەوتنەکانی پێشوو زیندوو بکاتەوە”.

لای خۆشیەوە دەرباز محەمەد ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان وتی: لەگەڵ یەکێتی پێمان وایە دەتوانین بیبەینەوە، پێکەوە بەهێزترین و دەتوانین خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان بکەین و ئەو کێشانە چارەسەر بکەین کە پەیوەندی بە بەغداوە هەیە.

وتیشی: بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش دەتوانین هەماهەنگی زیاتر بکەین و ئەو کێشانەی رووبەڕوومان دەبێتەوە چارەسەری بکەین”.

تەئکیدیشی کردەوە: ئەزمونی رابردوو سەلماندویەتی چەندە جیاوازبین، بەڵام لەبەغدا پێویستیمان بە پێکەوەییە، ئەو پێکەوەییە لەبەغدا بۆ هەموو هێزەکانی کوردستان پێویستە.

دەرباز محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد:  پێمان وایە دوای هەڵبژاردن لەگەڵ تێکڕای لایەنەکانی دیکە دەتوانین لە بەغدا لەسەر بەرنامەیەکی سیاسی و ئەجێندایەک کە ئەنجامەکەی بچێتە خزمەتی خەڵکی کوردستانەوە کاربکەین و ئەو کێشانەی لە رابردوو چارەسەر نەکراون بەتایبەتی ئەوانەی راستەوخۆ پەیوەستن بە موچە و بژێوی هاوڵاتیانی هەرێم، لە حکومەتی نوێی دوای هەڵبژاردن چارەسەریان بکەین.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this