بافڵ تاڵەبانی چەندین نهێنی لەسەر رووداوەکانی پێش 8ی تەمووز ئاشکرادەکات

0
1145
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سه‌رۆكى یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان | فۆتۆ: SNN

SNN

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ میدیاکاران ئاماژە بەوەدەکات: “یەکێتی لەدوای 8ی تەمووز بووەتە یەکێتییەکی تر، گەڕاوەتەوە سەر رێگای خۆی، ئێمە پرەنسیپەکانی مام جەلالمان لەلا گرنگە”.

هاوکات وتیشی: “لەدوای 8ی تەمووز، دەرفەتێکی زۆر رەخساوە بۆ یەکڕێزی کورد لە بەغدا، یەکێتی بڕوای بەو یەکڕیزییە هەیە چونکە بەوجۆرە دەبینە بەهێزترین بلۆک”.

راشیگەیاند: “چەند هەفتەیەکە ئەم گۆڕانکارییانە روویداوە، ئێمە ئامادەین بۆ هەموو چاکسازییەک، کار لەسەر هەموو چاکسازییەکیش دەکەین، ئەو هەڵانەی لە رابردوودا کراون خەتای چەند کەسێک بوون، بەڵام دەتوانن لە 8ی تەمووزەوە یەکێتی بخەنە ژێر تاقیکردنەوەوە، دڵنیام مانگ بە مانگ ئێمە سەرکەوتوو تر دەبین لەو تاقیکردنەوەیە، چونکە پێش ئەو وادەیە بابەتێکی دیکە بوو”.

هەر لەبارەی 8ی تەمووزەوە وتی: “هەندێک دەڵێن ئەمە کودەتا بوو، بەڵام من بۆتان رووندەکەمەوە ئەوەی روویدا هەڵوەشاندنەوەی کودەتا بوو، دەمێک ساڵە کودەتا کراوە لەناو یەکێتی، لاهور دەزگا ئەمنییەکانی بەکارهێنا بۆ ئەو کودەتایەی کە ئێمە هەڵمانوەشاندەوە، بەشێک لە دەزگای زانیاری زاڵبوو بەسەر یەکێتیدا، هەڵبژاردنمان نەکردووە لەناو حزب بەبێ دەزگای زانیاری، هیچ بەرپرسێکی ئەم حزبە دەزگای ئاوا بەکارنەهێناوە، هیچ بەرپرسێکی یەکێتی وەکو لاهور هێزێکی ئاڵتونی وەک دژە تیرۆری بەکارنەهێناوە بۆ سەرخستنی سیاسەتی خۆی”.

وتیشی: “لە ماوەکانی رابردوودا بەهۆی لاهور شێخ جەنگییەوە، یەکێتی هێندە دووربوو لە پرەنسیپەکانی مام جەلال و سۆشیال دیموکرات کە خەڵک حزبەکەی نەیدەناسییەوە، کار گەیشتبووە ئاستێک کە تا 100 کادری یەکێتی هەبوون کە نەیاندەوێرا بە ئاسیاسێڵ قسە بکەن”.

هاوکات رەتیشیکردەوە ئێران، تورکیا یان هەر هێزێکی دەرەکی دەستیان لە گۆڕانکارییەکاندا هەبووبێت.

پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتی

لەبارەی پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی وتی: “ئێستا رقی شەخسی لەنێوانماندا نەماوە، ئێمە وەکو یەکێتی ئامانجمان ئەوەیە باڵانسی هێز لە کوردستان راستبکەینەوە، بەرامبەر بە پارتی”، لەبارەی کۆکردنەوەی دەنگ لەلایەن یەکێتییەوە وتی: “پێموانیە بە جنێو بتوانین لە هیچ حزبێک ببەینەوە، بەڵکو دەبێت بە خزمەتکردنی خەڵک و نەهێشتنی گەندەڵی حزبەکەمان دەنگبهێنێت”.

راشیگەیاند: رێککەوتنی ستراتیژی لەگەل پارتی ئەگەر مابێت دەمێکە وەکو خۆی جێبەجێ ناکرێت.

وتیشی: دەمەوێت یەکێتی ببێتە بەهێزترین هێز لە هەموو کوردستان، ئەوەی کە پێویستە بیکەین پشتیوانیکردنی حکومەت و دەسەڵاتی لۆکاڵییە.

پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ گۆڕان

بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند: خواستمان هەیە لەگەڵ گۆڕان یەکبگرینەوە، دەبێت حزبەکانی زۆنی سەوز ئەگەر یەکیش نەگرنەوە لەیەکتر تێبگەن، ئەو رکابەرییەی لەگەڵ پارتی هەمانە پێویست ناکات لەگەڵ گۆڕان هەمانبێت، ئێمە بۆ هەموو شت ئامادەین، جێبەجێکردنی رێککەوتنی دەباشان یان هەر رێککەوتنێکی نوێ کە لەگەڵ ئەمڕۆدا بگونجێت.

رایگەیاند: دڵنیام لەدوای هەڵبژاردنەکە دەرفەت هەیە لەگەڵ هەموو لایەنەکان قسە بکەین، دۆخمان لەگەڵ گۆڕان زۆر باشە، بەرنامەکەمان تەنیا بۆ ئەم هەڵبژاردنە نیە و دەمانەوێت لایەنی دیکە داخڵ بکەین.

بازرگانی ئازاد لە زۆنی سەوز

بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند لەدوای ٨ی تەمووز سەدان نامەی دەستخۆشی پێگەیشتووە و وتی: “بزنزمان هەبووە پێی وتووم ئێستا دەتوانم بە ئارامی بخەوم”. تاشیگەیاند: دەبێت بزنزمان ئازادبێت، حزب دەستوەرنەداتە کاروباری بەڵکو بشتیوانی بکات، سلێمانی شاری رۆشنبیرییە یەک پیاوماقوڵ و هونەرمەند و بزنزمان بەرگری لەو هەڤاڵانەی کە پێش ٨ی مانگ لە حوکمدابوون نەکردووە.

وتیشی: دەبێت جەوێک دروستبکەین کە بزنزمان بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، بەتایبەت ئەوانەی کە ئێستا لە بەغدا و شوێنەکانی دیکە بازرگانی دەکەن.

سەروەری دادگاکان

لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی ئەو کەسانەی لە رابردوودا هەڕەشەیان لە هاووڵاتیان کردووە و سەرانەیان وەرگرتووە یان هەر کارێکی تاوانکاری کە بەناوی حزب و دەزگای دژە تیرۆرەوە لە رابردوودا بەرامبەر بە هاووڵاتیان کراوە، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند: “من ناتوانم دەستوەربدەمە کاروباری دادگاکان بەڵام متمانەم بە دادگاکان هەیە.

بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەبارەی 31ی ئاب

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی راگەیەندراوی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەبارەت بە ٣١ی ئاب رایگەیاند: ئەمە ئیشی مەکتەبی سیاسی بوو منیش پشتیوانی هەموو بڕیارێکی یەکێتیم.

ژەهرخواردکردن

بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند: دکتۆر و پرۆفیسۆری چەند وڵاتێک منیان دیوە، ئەو ماددە ژەهریەی کە دراوە بە من دۆزراوەتەوە، دانپێدانان هەبووە لەسەری، هەرگیز شتی وا رووینەداوە، خیانەتە، نەک لە من بەڵکو لە یەکێتی، لە رێبازی مام جەلال و خەڵکی کوردستان، شتێک نییە بەناوی گەڕانەوە بۆ پێش هەشتی مانگ، ئەوەی کە روویداوە هێز (لەژێر فەرمانی لاهور شێخ جەنگی و لە پێش ٨ی تەمووز) براوەتەسەر کارگێڕێکی مەکتەبی سیاسی لەسەر گفتوگۆیەکی سادە لە گروپێکی داخراوی وەتسئەپ، پێڵاوەکانیان لەسەر مێزەکەی داناوە، من گریانمەهات بۆ ئەو یەکێتیەی کە هەبوو، بەراستی مام جەلال لە ژیاندا بوایە قەت شتی وا رووینەدەدا.

لاهور شێخ جەنگی ناچار نەکراوە بە جێهێشتنی وڵات بەڵکو پێشنیاری بۆ کراوە

لەسەر پێشنیاری چوونەدەرەوەی لاهور شێخ جەنگی بۆ دەرەوەی وڵات وتی: “چەند گفتوگۆیەک لە نێوانماندا کرا، کەس ناتوانرێت ناچار بکرێت لەسەر جێهێشتنی وڵات چونکە مافی مرۆڤ هەیە بەڵام پێشنیارێکی وا کرا کە تا دوای هەڵبژاردن لاهور گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکات، دوای هەڵبژاردن زۆر بەخێربێتەوە، 104 ئەندامی سەرکردایەتی پشتیوانی چوونەدەرەوەی بوون، د.بەرهەم داوای لێنەکراوە، منیش ئیمزام نەکردووە چونکە نەمویستووە شتەکە بە شەخسی بکرێت، ئەڕوات ناڕوات  زۆر ئاساییە! من چەندین جار لەگەڵ لاهور دانیشتووم بە نهێنی، باسمان کردوە چی بکەین، ئەوەی لە سۆشیال میدیاکانەوە باسدەکرێت لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان عەکسی راستیەکان بوو، نەخێر نزیکنەبووینەتەوە و دانیشتنەکانمان ئەنجامی باشی نەبووە، پێموانیە بە کۆبوونەوەی داخراو کێشەکان چارەسەرکەین”.

بافڵ تاڵەبانی وتی: “لاهور شێخ جەنگی تەواو بووە”.

سیستمی هاوسەرۆکایەتی

بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند: چیتر سیستمی هاوسەرۆکایەتی گونجاو نییە و کاری پێناکرێت لە واقعدا هەر ئەوە ماوە لەناو کۆبوونەوەیەکی سکرتاریەتدا بڕیاری لەسەر بدرێت، لاهور بە خواستی خۆی دەسەڵاتەکانی پێشکەش کردم، ئەم سیستمە دەکرا سەرکەوتووبێت ئەگەر گفتوگۆمان بکردایە و گلەییەکانمان بەیەکتر بوتایە نەک لە سۆشیال میدیاوە لەیەکتر بدەین.

دەزگای زانیاری گەڕاوەتەوە سەر ئەرکەکەی خۆی

بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند: “دەزگای زانیاری بۆ پاراستنی خەڵک دروستبووە، هی ئەوە نیە بەکاریبهێنێت بۆ هەڕەشەکردن و بەهێزکردنی کەسێک، گەیشتە حەدێک تەحەمول نەدەکرا، زۆربەی حزبەکە ئەمە دەزانێت، زانیاری بووبووە بازرگانییەک لەم کۆتاییەدا بۆ دەوڵەمەندکردنی چەند کەسێک، من جاسوسم لەناو ماڵەکەمدا دۆزیوەتەوە هی زانیاری، بەش هەبووە لەناو زانیاری کاری لەسەر ئەخلاقی کادرانی یەکێتی کردووە، دەیان کادر هەیە لەدوای کۆبوونەوە پێیام وتراوە وا قسە نەکەی، ئیعلامی سێبەرتان لێ بەرەدەین و لە هەڵبژاردن سەرکەوتن نابیت، بەڵێ من دەرمانخواردکراوم و بەڵگەشم لایە لەناو ماڵی خۆم، دانپێدانانیشم هەیە و دەرمانەکەش دۆزراوەتەوە، من ئەم حزبەم نەدەناسییەوە، زۆر گۆڕانکاری کراوە و زۆری تریش بەڕێوەیە، لەمەودوا مەڵبەند و کۆمیتە وەک خۆی لێدەکرێتەوە، دەزگای زانیاری لە ئێستادا باشترین سەرکردەی هەیە ، کاری خۆی دەکات و دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی خۆی کە پاراستنی ئێمەیە، پاراستنی کادرەکانمانە نەک هەڕەشە و چاوسورکردنەوە و فشارخستنەسەر کادرەکانی ئێمە”.

بۆچوونی وڵاتان:

هاوسەرۆکی یەکێتی وتی: “ئێستا وڵاتان زۆر رازین لە دۆخی فڕۆکەخانەکان، ئامارەکانیش دەریدەخەن کە تاوان و کوشتن و تەقەکردن نەماوە یان زۆر کەمبووەتەوە، سەرانە وەرگرتن نەماوە.

ئای پڵەس بۆ “سوکایەتی کردن” بە کادرانی یەکێتی و حزبەکانی دیکە بەکارهاتووە

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی داخستنی کەناڵەکە بۆ چەند رۆژێک وتی: “ئەوترێت من کەناڵی لاهورم داخست، بۆچی هی لاهورە؟ زەویەکەی هی نۆکانە، بیناکەی هی یەکێتیە، ئامێرەکانی هی دەزگایەکی یەکێتیە، بەڵام شتێکی سەیر هەبوو، ئەو شوێنە کاری تێدا دەکرا بەڵام ئیجازەی نییە، هێشتا فریکوێنسی نییە، سەیربوو لام کە شەوو رۆژ خەڵک لەوێ دەوام دەکات، جوابێکمان بۆ ناردن، کە چی دەکەن لەوێ؟ وەڵاممان دەستنەکەوت؟ دوو سێ برادەری میدیام نارد و مەفرەزەیەک وتم بزانم لەوێ چی هەیە؟ بۆمان دەرکەوت لەوێ دەیان پەیجیان دەبرد بەڕێوە کە جنێویان بە هەموومان دەدا، جنێوخانە بوو، کوڕەکانی نەوشیروان و د.رێواس و دەیان کەسی دیکە جنێویان بۆ ئامادە کرابوو، هەموو کەسێک فۆڵدەری خۆی هەبووە، کۆسرەت، قوباد، مەسعود بارزانی..هتد فایلی بۆ ئامادەکرابوو، تەنانەت بۆ ئەو کەسانەی نزیک خۆیانن نەکا رۆژێک نزیکی خۆیان نەمێننەوە، ئەمە تەلەفزیۆن نەبوو، چۆن دەتوانن شتێک داخەم کە کارناکات، داواکارم کە لیژنەیەکی میدیایی دانێن کە تەماشای هارددرایڤەکان بکات، فەحسی ئەوە بکات و راستیەکان لای هەموان ئاشکرابێت، لەئێستاشدا بەڵێن دەدەم کە ناهێڵم ئەو کەناڵە ببێتە جنێوخانە، یەکێتی خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی ئای پڵەس دەدات.

چەکدارەکانی سەرچنار

بافڵ تاڵەبانی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەو کەسانە کرد کە لە نزیک هۆتێل لالەزەر لە سلێمانی بە چەکەوە دەمێننەوە و وتی: “ئەو کۆبوونەوەی چەکداری نافەرمییە، هەندێک کەس بە بەشێکیان دەڵێت ملیشیای لای لالەزار، نازانم بۆچی بە ئاڕبیجی و چەکەوە هاتووچۆ دەکەن؟ جوابمان بۆ ناردون بۆچی وادەکەن و لە چی دەترسن؟ دەڵێن لە ئاسایشی خۆمان، پێویست ناکات لە هیچ بترسن، ئەگەر ئەو کەسانە لەوێ نەمێنن ئەمنیەتی سلێمانی وەکو خۆی لێدێتەوە، هەرچەندە ئێستاش باشە، تەنیا لە ١٠٠ مەترێکدایە کە وەک ماداگیشکۆ دەردەکەوێت.

 

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this