کیژۆڵە منداڵە ئەفغانییەکان بە پارەیەکی کەم لەلایەن خێزانەکانیانەوە دەفرۆشرێن

0
1294

SNN

لەگەل دروستبوونی بارودۆخێکی سەختی مرۆیی لە ئەفغانستان، دیاردەیەکی نامۆ لەو وڵاتە سەریهەڵداوە ئەویش فرۆشتنی کچان و منداڵانە لە بەرامبەر پارەیەکی کەمدا.

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، لە راپۆرتێکی مەیدانیدا سەرنجی خستووەتەسەر دیاردەی فرۆشتنی کچان و منداڵان لەلایەن خێزانەکانیانەوە و هۆکاری ئەوەش بۆ هەژاری دەگەڕێنێتەوە، ئەو خێزانانە باس لەوەدەکەن کە چیتر توانای دابینکردنی خۆراکی منداڵەکانیان نییە.

لە یاریکردن گەڕاوەتەوە و زانیویەتی فرۆشراوە

پەروانە مەلیک-ی تەمەن 9  یەکێکی دیکەیە لە چیرۆکی تراژیدیای منداڵێک کە هەرزوو کۆتایی بە خەونی بەردەوامیدان لە خوێندن و بوونی بە مامۆستا دەهێندرێت، رۆژێک لەدوای گەڕانەوە لە یاریکردن لەگەڵ هاوڕێکانی، لەلایەن خێزانەکەیەوە پێی دەوترێت کە بەشوودراوە، بە پیاوێکی سەرسپی تەمەنی 55 ساڵ، باوکی پەروانە لە بەرامبەردا 2200 دۆلاری ئەمریکی وەرگرتبوو.

پەروانە لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا ئەمریکییەکە باسی لەوەکردووە کە ترسی هەیە هاوسەری داهاتووی ئەشکەنجەی بدات و ناچاریبکات بە کاری قورس کە لەتوانایدا نەبێت.

پەروانە ماوەی چوار ساڵبوو لە کەمپی ئاوارەکانی بادغیز لەگەڵ خێزانەکەی دەژیا، پشتیان بە هاوکاری رێکخراوە مرۆییەکان قایمبوو، بەڵام لەدوای دەستپێکردنی حوکمی تاڵیبان، بەشێکی زۆر لەو هاوکارییە مرۆییانە راگیران و ژیانی ئاوارەکانیش قورستربوو.

پەروانە خاوەنی خوشکێکی تەمەن 12 ساڵە کە ئەویش چەند مانگێک لەمەوبەر بە کەسێکی دیکە فرۆشرابوو.

عەبدولمالیکی باوکی پەروانە باسی لەوەکردووە کە بەو پارەیەی پەیدای کردووە لە فرۆشتنی کچە 9 ساڵەکەیدا، بەشی چەند مانگێکی کەمیان دەکات و دەبێت دواتر بەدوای رێگاچارەیەکی دیکە بۆ پەیداکردنی پارە بگەڕێن.

کچێکی تەمەن 4  ساڵ دەفرۆشرێت

لە جێگەیەکی دیکە و لە پارێزگای غۆر، بارودۆخێکی هاوشێوە دووبارەدەبێتەوە، خێزانێک دوو کچیان دەفرۆشن کە تەمەنیان تەنیا چوار ساڵ و نۆ ساڵە، باوکەکە بێ کارە و خاوەن پێداویستی تایبەتە، لە کەمپی ئاوارەکاندا ژیان بەسەردەبەن.

زەیتونی تەمەن چوار ساڵ، لەلای چەپەوە

زەیتونی تەمەن چوار ساڵ لەبەرامبەر 1100 دۆلاری ئەمریکیدا فرۆشراوە، بەڵام بەو تەمەنە کەمەشیەوە تێدەگات کە بۆچی فرۆشراوە، ئەو بە رۆژنامەنووسەکەی وتووە: “هۆکارەکەی ئەوەیە کە خێزانەکەم هەژارن و خواردنمان نییە”.

لەلایەن خێزانەکەیەوە فرۆشراوە بە کەسێک کە ناوی باوکی نازانرێت

ماگول-ی تەمەن 10 ساڵانیش لە بەرامبەر قەرزدا دەدرێتە پیاوێکی تەمەن 70  ساڵ، باوکی ماگول 2200  ی لە کەسێک وەرگرتبوو و دواتر نەیتوانیبوو قەرزەکەی بداتەوە، لە ترسی ئەوەی سکاڵای لەسەر تۆمارنەکرێت لەلای تاڵیبان، کچەکەی خۆی پێبەخشیبوو، باوکی ماگول زانیاری تەواوی نییە لەسەر پیاوە 70  ساڵەکە و تەنانەت ناوی خانەوادەکەشی نازانێت.

کڕیارەکە باسی لەوەکردووە کە ماگول لە ماڵەکەیدا رادەگرێت تا لە پاککردنەوەی ماڵ و ئامادەکردنی خواردندا هاوکارییان بکات، ماگول هەڕەشەی هەڕەشەی خۆکوشتن دەکات.

بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، رێژەی فرۆشتنی کچانی منداڵ و بەزۆر بەشوودانیشیان لەهەڵکشاندایە،  ساڵانە 10%ی کچانی تەمەن 10 بۆ 19  ساڵ منداڵیان دەبێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this