SNN ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بڵاودەکاتەوە

0
975

SNN-عەلی حەمە سەعید
بەسەرپەرشتی (بافڵ تاڵەبانی) و بە ئامادە بوونی ( قوباد تاڵەبانی) كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێوەدەچێت و لە كۆبوونەوەكەدا چەندین تەوەر و بابەتی گرنگ یەكلایی دەكرێنەوە، ئامادەبوونی (قوباد تاڵەبانی)ش بۆ ڕاسپاردنییەتی بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە پۆستە باڵاكانی حكومەت، هاوكات هەر لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆشدا باس لە كۆبوونەوەی بەرفراوانی ئەنجومەنی سەركردایەتیش كراوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە بەرپرسانی باڵای یەكێتی بە SNNدراون، ئەوە خراوەتە ڕوو هێشتا كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەسەرپەرشتی (بافڵ تاڵەبانی) بەردەوامی هەیە و پێدەچێت تا چەند كاتژمێرێكی دیكەش درێژەی پێبدرێت، ئەوەش بەهۆی چڕو پڕی ئەو بابەت و تەوەرانەی كە دەبێت لە كۆبوونەوەكەدا بخرێنە بەرباس و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، ئامادەبوونی (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكومەت لە كۆبوونەوەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی بۆ ئەوەیە كە مەكتەبی سیاسی یەكێتی (قوباد تاڵەبانی) ڕابسپێرێت بۆ ئەنجامدانی چەندین گۆرانكاری پێویست لە پۆستە حكومییەكان هەر لە بەڕێوەبەری ناحییەوە تا وەزیر و بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەكان كە لەپشكی یەكێتین لە حكومەت، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت تا بەهاری ساڵی داهاتوو سەرجەم ئەو گۆڕانكاریانە ئەنجامدرابێت.

هەر بەگوێرەی زانیارییەكانی SNN، ئامادەكردنی شاندێكی باڵا و شارەزا بۆ چوونە بەغدا لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق و دەستكردن بە گفتوگۆ سیاسییەكان لەگەڵ هێزە عێراقی و كوردستانییەكان تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بووە لەچەند ڕۆژی داهاتووشدا یەكێتی شاندێكی باڵا پێكدەهێنێت و ڕەوانەی بەغدای دەكات.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا چەندین پرسی ناوخۆیی یەكێتی تایبەت بە گۆڕانكارییەكان و هاوكات ئەنجامدانی گۆڕانكاری دیكەی حزبی دەخرێنە بەرباس و بریاری پێویستیان لەبارەوە دەدرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this