نوێنەری حکومەتی هەرێم لە پۆڵندا: کەیسی کۆچبەران زیانی بە ناوبانگی هەرێم گەیاندووە

0
1025

SNN

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە پۆڵندا دەڵێت: ” کەیسی کۆچبەران زۆر زۆر زیانی بە ناوبانگی هەرێم گەیاندووە، ئەو کەيسانەی پێشکەشی دەکەن شتی زۆر ناڕاستی تێدايە سەبارەت بە هۆکاری کۆچکردنيان”.

زیاد ڕەئوف، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵندا بە بەدەنگی ئەمریکای راگەياندووە: “کەیسی ئەو کۆچبەرانە زۆر زۆر زیانی داوە لە ناوبانگی هەرێمی کوردستان چونکە ئەو کەیسانەی پێشکەشی دەکەن لە پۆڵندا، ئێمە لەدەسەڵاتدارانی پۆڵندا و هەتا لە چاودێرە ئەوروپییەکان لێرە دەبیستین شتی زۆر ناڕاست و ناڕەوا باس دەکەن سەبارەت بە هۆکاری کۆچکردنیان، هی وای هەیە دەڵێت من ڕۆژنامەنوسم ئەگەر لە کوردستان بژیم ئەوا دەستگیر دەکرێم و ئەشکەنجە دەدرێم”.

باسی لەوەشکردووە: “بەشێکیش لەو گەنجانە وتویانە پارتی بەزۆر دەمانێرێت بۆ شەڕی پەکەکە، ئیتر زۆر چیرۆکی هەڵبەستروای تریان دروستکردوە کە عەقڵ قبوڵی ناکات، زۆریان باسییان لەوە کردووە ئازادی لەهەرێمی کوردستان نیە و ژیانیان لە مەترسی بووە لەوێ بۆیە ناچاربوون کوردستان بەجێبهێڵن”.

دەشڵێت “ئێمە ئاگاداری دۆخی ئەو پەنابەرە کوردانەین کە گەیشتونەتە پۆڵندا، بەڵام ئەوانەی لەو دیو سنورەوەن ئاگاداری دۆخیان نین، ئەگەر بمانەوێت بچینە نزیک سنوور ڕێگە نادەن کراوەتە ناوچەیەکی قەدەغەکراو و باری نائاسایی تێدا ڕاگەیەنراوە، تەنانەت ڕێگە بە ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و ڕۆژنامەنوسانیش نادەن بچنە ئەو شوێنە”.

زیاد ڕەئوف ئاماژەی بەوەشکردووە: “بەگوێرەی ئامارێک لەم کاتەدا 1200 کۆچبەر لە پۆڵندا هەن کە هەڵگری پاسپۆڕتی عێراقین و زۆربەیان کوردن، بە پێی ئەو ئامارە فەرمیانەی بڵاودەکرێنەوە وە میدیاکانی پۆڵنداش باسی دەکەن 3-4 هەزار کۆچبەر لەسەر سنوری بیلاڕوسن کە زۆربەیان کوردن”.

وتيشی “میدیای پۆڵندا لەم بابەتەدا بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە، ئەو میدیایانەی سەر بەدەسەڵاتن ئەم کارە بە تۆڵەکردنەوەی بیلاڕوس دەزانن بەرامبەر پۆڵندا و یەکێتی ئەوروپا بەتایبەت دوای هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە و ناچارکردنی فڕۆکەیەک بۆ ئەوەی کەسێکی ئۆپۆزسیۆن ناچار بکات و دەستگیری بکات، بەڵام میدیا ئازادەکان و ئۆپۆزسیۆن داوا دەکەن مادام ئەو کۆچبەرانە هاتون بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و سەیری کەیسەکەیان بکرێت”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this