ئاری هەرسین: پێویستە رێککەوتنێکی نوێی ستراتیژی بەهێزتر لە نێوان یەکێتی و پارتی واژۆ بکرێت

0
764

SNN- عەلی حەمەسەعید

ئاری هەرسین، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی (سلێمانی – هەڵەبجە)ی پارتی باس لە سووربوونی سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی دەکات لەسەر چەسپاندنی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان، هاوکات پێشی وایە، کە پێویستە رێککەوتنێکی ستراتیژی بەهێزتر لەوەی پێشوو لەنێوان یەکێتی و پارتی واژۆ بکرێت، بۆ ئەوەش پێشنیاز دەکات دوو مەرج رەچاو بکرێت، دەشڵێت یەکلایی کردنەوەی پرسی سەرۆککۆمار بابەتێکی قورس نییە.

لەلێدوانێکدا بۆ SNN ئاری هەرسین سەبارەت بە هەنگاوەکانی باسکردنی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی رایگەیاند: “باشبوونی ئەو پەیوەندییانە قازانجی زۆری هەیە، بەتایبەتی کە باشبوونی پەیوەندییەکانیان زۆر گرنگە بۆ بوونی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان، هەروەها زۆر گرنگیشە بۆ بەرەوپێشچوونی ئەو دانوستانانەی لە داهاتوودا لە بەغدا دەکرێن”.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی سلێمانی- هەڵەبجەی پارتی لە درێژەدا وتی، باشبوونی ئەو پەیوەندیانە زۆرگرنگە بۆ نەهێشتنی ئاسەواری دوو ئیدارەیی لە هەرێم، کە ئەمانەش روویدا بازاڕ دەبوژێتەوە و ئەگەر کێشەیەکیش هەبێت لە پرسی بوودجە و مووچەدا، هەر کاتێک پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی باش بن ئەو کێشانە بە شێوەیەکی ئاسانتر چارەسەر دەکرێن.

ئاماژەی وەشکرد، “پرۆسەی چاکسازی کە لە کابینەی هەشتەمەوە هاتووە و لە کابینەی نۆیەمدا دەستیپێکراوە، سەرخستنی پرۆسەکە پەیوەستە بە باشبوونی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی”.

سەبارەت بە یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماریش وتی، “هەم ئێمە و هەم یەکێتی بایی ئەوەندە ئەزمونی سیاسیمان هەیە کە بەشێوەیەکی هاکەزایی مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسانەدا ناکەین، پارتی و یەکێتی مادام توانیبێتمان رێبکەوین و هەنگاوی باشمان ناوە لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا بۆ لێکتێگەیشتن و دروستکردنی کۆدەنگی ئەو پرسانەش کە لە نێواماندا هەیە لە کۆبوونەوەکانماندا چارەسەر دەبن و کێشەیەکی ئەوەندە قورس نییە”.

دەرباری رێککەوتنی ستراتیژیش لە نێوان پارتی و یەکێتی ئاری هەرسین وتی، “ئەگەر ئێمە بەرژەوەندی ئەم گەلەمان بوێت، پێویستە رێککەوتنێکی ستارتیژی بەهێزتر لەوەی پێشوو واژۆ بکەین، بەڵام دوو مەرجی سەرەکی دەبێت تیایدا رەچاو بکرێت، یەکەم گرنگە ئەو رێککەوتنە لەسەر ئاستی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی هەر دوولادا قەتیس نەمێنێت، بەڵکوو گرنگە ئەو رێککەوتنە شۆڕبکرێتەوە بۆ خوارەوە و بۆ ئۆرگانەکانی حزبەکانمان. دووەم، گرنگیشە لەو رێککەوتنە ستراتیژیەدا بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا ئاماژە بە هەنگاونانی جددی بۆ هێنانەدی یەک ئیدارەیی بکرێت، لەوانە یەکگرتنەوەی یەکەکانی حەفتا و هەشتا”.

باسی لەوەشکرد، بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی و ئەو هەنگاوانەی کە هەڵیانگرتوون “شایەتن بۆ ئەوەی کە ئەم سەرکردایەتیە نەک هەر بە زارەکی، بەڵکوو بە کرداریش خوازیاری ئەوەیە کە سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان هەبێت و ئەوەش مامەڵەکردنێکی زۆر جددی و واقعبینانە لە گەڵ ئێمە و لایەنەکانی دیکەدا دەکات”.

ئەوەشی خستەڕوو، “ئەگەر ئەو جددییەتە نەبوایە دانیشتنەکانی چەند هەفتەی رابردووی نێوانمان نەدەگەیشتنە ئەنجام و ئەوەی هەیە لێکەوتەی ئەو جددییەتەی سەرکردایەتی یەکێتییە”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this