“تا ئێستا نزیکەی 950 کۆچبەری کورد لە بێلاڕووس ماونەتەوە”

کۆچبەرێکی کورد و منداڵەکەی لە بیلاروسیا
SNN
ئاری جەلال سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران دەڵێت بەپـێی دوایـین ئامار هەتا ئێستا نزیکەی 700 کۆچبەر لەسەر سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا لە جەنگەڵەکانن و نزیکەی 250 کۆچبەریش لە پایتەختی بێلاڕووس لە هۆتێل و شوێنی نیشتەجێبووندان.
ئاری جەلال لە سەرەتای قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا رایگەیاند” لە ئێستادا ڕێژەیەکی بەرچاو لە سنووری بێلاڕووس گیریان خواردووە، هەتا ئێستا بە پێی دواین ئامار نزیکەی 700 کەسمان هەیە کە لەو جەنگەڵانە و سنورەکان گیرییان خواردووە، ئەمڕۆ نزیکەی 30 کەس بەرەو فڕۆکەخانە و بەرەو ناوشار و مینسک گەڕانەوە، ئامانجی ئەوانەی ماونەتەوە ئەوەیە هەرچۆنێک بێت خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا کە ئەمە زۆر زەحمەتە، هەرچۆنێک بێت لە لایەن پۆڵەندا و لیتوانیا و ئەو وڵاتانەی هاوسنوورن لەگەڵ بێلاڕووس ڕێگەیان پێ نادرێت سنور ببەزێنن بۆ وڵاتانی ئەوروپا.”
سەرۆکی دەزگای لوتکە وتیشی” لە ماوەی 8 مانگی ڕابردوو نزیکەی 9 هەزار هاووڵاتی عێراقی و هەرێم ڕووییان لە بێلاڕووس کردووە، ڕێژەیەکی دەرچووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا ڕێژەیەکی کەمە، ئەوەشی کە ماوەتەوە زۆربەیان خوازیارن بگەڕێنەوە بەڵام ئەو بڕە مادەیەی کە خەرجیان کردووە پێویست دەکات لە لایەنی لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و دەزگای کۆچی نێودەوڵەتی قەرەبوو بکرێنەوە هەتا بتوانن تێکەڵی کۆمەڵگا ببنەوە.”
دەربارەی ئەو کۆچبەرە کوردانەی کە لە ناو کەمپەکەی بێلاڕووس ماون، ئاری جەلال وتی” وەک ئاماژەم پێکرد 700 کۆچبەر لە ناو ئەو کەمپەدا ماونەتەوە ڕۆژانە وێنە و ڤیدیۆیان دێنە بەردەستمان لە ڕەوش و گوزەرانێکی سەختدان لە کەمی خواردن و خزمەتگوزاری کە سەرەتایـیترین خزمەتگوزاری تێدا نیـیە، وە ڕەنگە لە پایتەختی بێلاڕووسش نزیکەی 250 کۆچبەرمان هەبێت کە ئەوانە خۆیان لە هۆتێل و شوێنی نیشتەجێبووندا ماونەتەوە، چاوەڕوان دەکەن لە دەروازەیەکەوە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام وەک باسمان کرد لە ئێستادا زۆر زەحمەتە بەهۆی توندکردنەوەی سنوورەکان لە لایەن وڵاتانی ئەوروپاوە.”
ئاری جەلال وتیشی”ئەوەندەی ئێمە لێکۆڵینەوەمان کردووە وڵاتانی ئەوروپا ڕۆژبەڕۆژ لە پاشەکشەدان لە وەرگرتنی ئەو کۆچبەرانە، چونکە ئەوان وای دەبینن ئەو کۆچبەرانە بەهۆی خراپی دۆخی ئابوریەوە کۆچیان کردووە، نەک کەیسێکی واقیعی کە مەترسیدار بێت بۆ سەر ژیانیان.”
ئاری جەلال ئەوەشی وت” جگە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی کە لە ڕێگای هێڵی ئاسمانی عێراقیەوە زیاتر لە 4000 کەسی لەو کۆچبەرانە گەڕاندۆتەوە ئەگەرنا تا ئێستا هیچ هاوکارییەکی تر نەکراون.”








