سرووە محەمەد: ئەوەی ڕوودەدات لە عێراق بەهۆی گوێنەگرتن بوو لە داوایەکی یەكێتی

SNN-عەلی حەمە سەعید
ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات ئێمە لە یەكێتیی نشتیمانیی كوردستان هەرلەیەكەم سوێندخواردنی پەرلەمانتارانەوە داوای تەوافوق و ڕێككەوتنمان كردووە لە نێوان سەرجەم لایەنە شیعە و سونەكان بۆ ئەوەی دۆخەكە نەگاتە ئەمڕۆ، بەڵام ئەوەی ئێستا ڕوودەدات لە عێراق و پەرلەمان ناتوانێت كۆبوونەوە بكات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار بەگوێنەكردنمان بوو لەلایەن هەندێك لایەنی سیاسی كە پێیان وابوو بەتەنها دەتوانن هەموو شتێك لەبەرژەوەندی خۆیان یەكلایی بكەنەوە.
سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نشتیمانیی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: ئێمە لە فراكسیۆنی یەكێتی و هەروەها سەركردایەتی یەكێتی هەر لە یەكەم ساتەوە تا ئێستا داوای ئەنجامدانی تەوافوق و ڕێككەوتنمان كردووە چونكە لەوە دڵنیابووین كە ئەگەر تەوافوق نەكرێت زۆر ئەستەمە بتواندرێت بە زۆرینە و كەمینە بابەتەكان یەكلایی بكرێنەوە ئەوەش سەلمێندراوە كە لەدوای پرۆسەی ئازادكردنی عێراق تائێستا عێراق بەتەوافوق بەرێوەچووە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە زوو هاوارمانكرد كە نابینە بەشێك لە تێكدانی ماڵی شیعەكان بەڵام بەداخەوە كە پارتی ئەوەی بە هەند وەرنەگرت و بووە بەشێك لە تێكدانی ماڵی شیعەكان و هەروەها پەرتكردنی ماڵی كورد، ئەنجامەكەشی ئەوەیە كە ئێستا دەیبینین پەرلەمان ناتوانێت كۆببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.
ئەو پەرلەمانتارەی فراكسیۆنی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی ڕوودەدات لە ئەنجامی ئەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە لایەنە سیاسییەكان گوێیان بۆ یەكێتیی نشتیمانیی كوردستان نەگرت كە داوای تەوافوق و سازانی دەكرد بۆ یەكلاكردنەوەی پرسە سیاسییەكان، لەكاتێكدا هەنجێك لایەنی سیاسی پێیان وابوو كە دەتوانن بەزۆرینە و كەمینە لە بەرژەوەندی خۆیان ئەو بابەتە یەكلایی دەكەنەوە بەڵام ئەنجامەكەمان بینی كە نەیانتوانی.








