زانیاری لەبارەی ئەو نەخۆشیەی کە تووشی سەدان کەس لە قەڵادزێ بووە

SNN
نزیکەی 500 کەس لە قەڵادزێ تووشی ڤایرۆسێک بوون بەناوی (ڤایرۆسی رۆتا) و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرن.
د. ئازاد ئەحمەد بەڕێوەبەریی نەخۆشخانەی فێرکاری قەڵادزێ بە میدیاکانی راگەیاند: رۆژانە 45 بۆ 50 نەخۆش لە هەموو تەمەنە جیاوازەکان بۆ چارەسەری نەخۆشیەکە داخڵی نەخۆشخانە دەکرێن.
ڤایرۆسی رۆتا چییە؟
رۆتا ڤایرۆسێکی گواستراوەیە و دەبێتە هۆی سکچوون و رشانەوە، نەخۆشیەکە ڤاکسینی هەیە، بەبێ وەرگرتنی ڤاکسین، کەسی تووشبوو تا تەمەنی پێنج ساڵی ئەگەری زۆرە یەک جار تووش ببێت، زیاتر بەهۆی بەرکەوتن و نەشۆردنی دەست بە گوێرەی پێویست، بڵاودەبێتەوە.
بەگوێرەی پسپۆڕانی تەندروستی نیشانە دیارەکانی نەخۆشییەکە ئەمانەن:
-سکچوون کە ماوەکەی لە 24 کاتژمێر تێدەپەڕێت
-رشانەوەی بەردەوام
-رەنگی پیسایی نەخۆش بۆ رەش دەگۆڕێت یاخود خوێنی تیادا دەبێت
-تا، پلەی گەرمی لەش دەگایە 38.9
-هەستکردن بە بێهێزی و ئازاری جەستە
-وشکبوونەوەی لەش
رێنمایی تەندروستی چییە؟
رێنمایى بۆ خۆپارێزى لە ڤایرۆسەکە ئەوەیە کە دەستشۆردنى بەردەوام هەبێت و ئاوى پاک بۆ خواردنەوە بەکار بهێنرێت و پێش خواردنەوە بکوڵێنرێت، هەروەها مەودا و دورکەوتنەوە لە یەکترى رەچاو بکرێت.








