چارەنووسی سەدان کۆچبەری کورد لە نێو کەمپ و گرتووخانەکان یەکلانەبووەتەوە

SNN-عەلی حەمە سەعید
سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران ئاماژە بەوەدەكات تائێستا نزیكەی 700 كۆچبەری كورد لە كەمپەكانی لیتوانیان و سەرسنوری نێوان بیلاڕوسیا و لیتوانیان گیریان خواردووە و دەستبەسەركراون، هاوكات بەمەبەستی بەدەمەوەچوون و هاوكاریكردنیشیانەوە داوامان لە كەسوكارەكانیان كردووە بەڵگەنامە و ناسنامەكانیانمان بۆ بنێرن بۆ ئەوەی بەدواداچوونیان بۆ بكەین.
ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارەو پەنابەران بە SNNی ڕاگەیاند: تائێستا زیاد لە 700 كۆچبەری كورد لە سەر سنوری نێوان بیلاڕوسیا و لیتوانیا گیریان خواردووە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەك لە كۆچبەری دیكەش لە كەمپەكاندان ژمارەیەكی دیكەشیان لە پایتەختی پۆلەندان و ژمارەیەكیشیان لە گرتوخانەی لیتوانیادا دەستبەسەركراون بۆیە لە هەوڵی ئەوەداین زانیاری تەواو لەسەر ئەو كۆچبەرانە كۆبكەینەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە داوامان لە كەسوكاری ئەو كۆچبەرانە كردووە كە بەڵگەنامە و ناسنامەكانیان بۆمان بهێنن بۆ ئەوەی هاوكاریان بین لە گەڕانەوەیان و یەكلاكردنەوەی چارەنوسیان، بەڵام ئەو زانیارییانەی كە ئێمە داوامانكردووە تائێستا وەك پێویست بەدەستنەگەیشتووە، چونكە ئێمە بە بەڵگە كاردەكەین ئەگەر بەڵگەمان لەبەردەست نەبێت ناتوانین هیچ بكەین.
سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، ئەوەشی خستەڕوو، ( قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكومەت بەردەوام لەسەر هێڵە لەگەڵمان بۆ هاوكاریكردنمان لەهەر ڕوویەكەوە بێت، بۆیە ئێمەش هەماهەنگ و هاوكاری هەر لایەنێكی حكومین كە كار بۆ گەرانەوە یان یەكلاكردنەوەی چارەنوسی ئەو كۆچبەرانە بكەن، بۆ ئەومەبەستەش وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراقیش لەو بابەتە ئاگاداركراوەتەوە.








