سروە محەمەد: ئەمڕۆ غیابی سەرۆک مام جەلال لە عێراق بەتەواوی هەستی پێدەکرێت

SNN-عەلی حەمەسەعید
سروە محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات لە رابردوودا سەرۆک مام جەلال بە دەستپێشخەرییەکانی لایەنەکانی کۆدەکردەوە، بۆیە لە ئێستادا هەست بە غیابی ئەو سەرکردەیە دەکرێت، جەختیش دەکاتەوە وەک یەکێتی لەگەڵ ئەوەدا ناوماڵی شیعە و سوننە و کورد یەکگرتوو بێت.
لە لێدوانێکدا بۆ SNN سروە محەمەد رایگەیاند: ” هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراقەوە ئێمە وەک لیستی هاوپەیمانی و یەکێتی نەمانویست ببین بە بەشێک لە تێکدانی ناوماڵی شیعە و وەک یەکێتیش نەبووینەتە بەشێک لە تێکدانی نێوماڵی کوردی و هەمیشە کارمان کردوە لەسەر ئەوەی نێوماڵی شیعە و سوننە و کورد نێوماڵێکی کۆ بێت، لە پێناو ئەوەی بتوانین بەرژەوەندییەکانی عێراق و هەرێم بپارێزین”.
باسی لەوەشکرد، “بەیەکگرتنی نێوماڵی کورد دەتوانین زۆرترین ماف و داهات بۆ هەرێم دەستەبەر بکەین و زۆترین کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکەین”.
سروە محەمەد لە بەشیکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، “هەموو کات لە رابردوودا کۆکردنەوەی ناو ماڵی لایەنەکان بە دەستپێشخەری بەڕێز سەرۆک مام جەلال بووە، ئێستا بۆمان دەردەکەوێت بوونی بەڕێز مام جەلال لە عێراقدا چەندە گرنگ بووە و ئەمڕۆ غیابی مام جەلال دەردەکوێت و هەموو کوتلە و نەتەوەکانیش درکیان بەوە کردووە و بەداخەوەن بۆ ئەو هەموو دەستپێشخەرییە جوانانەی بەڕێز مام جەلال”.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆش پەرلەمان ناتوانێت کۆببێتەوە و ئەگەر کۆشببێتەوە و رێژەی یاسایی تەواو ناکرێت بۆ ئەوەی دەنگدان لەسەر سەرۆککۆمار بکرێت و دانیشتنەکە دەکەوێتە رۆژانی داهاتوو و لە داهاتووشدا کات ماوە بۆ ئەوەی رێککەوتنی تازە بکرێت.








