“جوڵه‌ سیاسییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم گومانیان لاى به‌غدا دروستكرد”

0
598

SNN – عەلی حەمە سەعید

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنه‌رانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: هێنانه‌كایه‌ى دۆسییه‌ى غازى سروشتى هه‌رێم له‌ ئێستادا له‌لایه‌ن هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ لێكدانه‌وه‌ى وردى بۆ نه‌كرابوو، ده‌شڵێت: “حكومه‌تى هه‌رێم نه‌یتوانى سه‌ركه‌وتووانه‌ ئیداره‌ى مه‌له‌فى نه‌وت بدات”.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16ى شوبات، هه‌رێم كه‌مال ئاغا، سه‌رۆكى فراكسیۆنى سه‌وز له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ SNNى راگه‌یاند: “بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارێكی ئیلزامییە و دەبێت هەموو لایەك پێوەی پابەندبن، لە ماوەی رابردوودا حكومەتی هەرێم نەیتوانیووە سەركەوتوو بێت لە ئیدارەدانی مەلەفی نەوت، چونكە نەتواندراوە نەوت بكرێته‌ هۆكارێك بۆ خۆشگوزەرانی هاووڵاتییان و بوونیادنانی ژێرخانێكی ئابووری زۆر بەهێز بۆ هەرێمی كوردستان”.

له‌باره‌ى هێنانه‌ كایه‌ى بابه‌تى فرۆشتنى غازى سروشتى هه‌رێم له‌ ئێستادا هه‌رێم كه‌مال ئاغا ده‌ڵێت: “خۆی لەخۆیدا مامەڵەكردن لەگەڵ مەلەفی نەوت بابەتێكی ئاڵۆزە و رەهەندی نێودەوڵەتی و سیاسی لەخۆدەگرێت، لەهەمان كاتیشدا لەم دۆخەدا جگە لە مەلەفی نەوت بابەتی غازی سروشتی هەرێمی كوردستانیش بووە بەشێك لە دۆسیەكە بەبێ‌ ئەوەی خوێندنەوەیەكی ورد بكرێت، بۆ نمونه‌ ئێستا بابه‌تى گرژییه‌كانى نێوان ڕوسیا و ئۆكرانیا هه‌یه‌ كه‌ نرخى غازى سروشتى به‌رزكردووه‌ته‌وه‌، له‌ ناوخۆى عێراقیشدا دۆخى سیاسى زۆر ئاڵۆزه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هێنانه‌كایه‌ى بابه‌تى فرۆشتنى غازى سروشتى هه‌رێم به‌ توركیا و جوڵه‌ سیاسیه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم گومانیان دروستكرد”.

به‌ راى سه‌رۆكى فراكسیۆنى سه‌وز له‌ ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، “بەستنی هەندێك هاوپەيمانی لە عێراق رەنگدانەوەی خراپی هەبووه‌، چونكە دەستی هەموو ئەوانەی كردووەته‌وه‌ كە پێشتر چاوپۆشییان دەكرد لە هەندێك بابەتی تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم، ساده‌ترین نموونه‌ش بۆ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئەم سكاڵایە لە ساڵی 2012 تۆماركراوە، لەو كاته‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا چاوپۆشی كراوە، بەڵام پێدەچێت لەمەودوا بێدەنگ نەبن و ئەگەری دیكەش هەیە كە بابەتی داهاتی دەروازە سنورییەكان و ئەو داهاتەنه‌شی كە فیدراڵین داوایان بكرێته‌وه‌”.

هەرێم کەمال ئاغا، جەخت لەوەشده‌كاته‌وه‌، “ئەو بڕیارەی داداگای فیدراڵی جێگای نیگەرانی هەموو هێزە سیاسییەکانی هەرێمە، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە هێشتا دەرفەت ماوە ئێمە لە هەرێمی کوردستان ناوماڵی خۆمان رێکبخەینەوە و کۆتایی بەو پەرتەوازەییە بهێنین کە دروستبووە بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانین بەرگریی لە مافە دەستورییەکانی گەلەکەمان بکەین”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this