مەترسییەك لەسەر داهاتی گەشتوگوزاری هەرێم دروستبووە

0
482

SNN-عەلی حەمە سەعید
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەلەبجە ئاشكرایدەكات بەهۆی دروستبوونی چەند كۆمپانیایەكی گەشتیاری و بردنەدەرەوەی گەشتیاران بۆ وڵاتانی ئێران وتوركیا بە بڕە پارەیەكی كەم و مانەوەیان بۆ چەند هەفتەیەك بووەتە هۆی ئەوەی ڕێژەی گەشتیاری ناوخۆیی زۆر كەم ببێتەوە هەر ئەوەش وایكردووە كە داهاتی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان روو لەكەمی بكات بۆیە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەكان چارەسەری ئەو مەترسییە بكەن لەسەر داهاتی گەشتیاری هەرێم دروستبووە.

غەریب ئەحمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە SNNی ڕاگەیاند: بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا ژمارەیەك كۆمپانیای گەشتیاری دروستبوون و كاریان تەنها ئەوەیە گەشتیاری ناوخۆیی دەبەنە دەرەوە، بەجۆرێك لەڕێگەی هەندێك كەناڵی راگەیاندن و سۆشیال میدیاوە ڕیكلام بۆ ئەو كۆمپانیایانە دەكرێت كە بە بڕی 200 دۆلار بۆماوەی حەوت ڕۆژ گەشتیاران دەبەن بۆ وڵاتی ئێران و بۆماوەی هەفتەیەك دەمێننەوە ئەمە بڕە پارەیەكی زۆر كەمە بەراورد بەو پارەیەی كە ئەگەر گەشتیارێك بێت ناوچە گەشتیارییەكانی ئێمە و بۆماوەی هەفتەیەك بمێنێتەوە بەڵایەنی كەم پێویستی بە 300 دۆلار دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا ڕۆشتنی گەشتیاران بۆ ئێران پێویستی بە ڤیزا نییە ئەمە وایكردووە كە ئەو كۆمپانیایانە زیاتر سود لەوە وەربگرن و بەشێوەی گروپ گەشتیاران دەبەنە دەرەوە، بەهەمان شێوەش ڕۆشتنی گەشتیارانی ناوخۆیی هەرێم بۆ وڵاتی توركیا زۆر ڕووی لە زیاد بوون كردووە بەجۆرێك بە گوێرەی لێدوانێكی كونسوڵی توركیا لە هەولێر ڕۆژانە 700 كەس لە هەرێمەوە داوای ڤیزای توركیا دەكەن بۆ سەردانی ئەو وڵاتە بەمەبەستی گەشتیاری.

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، ماوەیەكە هەستمان بە كەمبوونەوەی ڕێژەی هاتنی گەشتیارانی ناوخۆیی كردووە بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی سنورەكە بێگومان هۆكاری سەرەكیش ئەوەیە كە لە %80ی ئەو گەشتیارانەی پێشتر دەهاتنە ناوچەكەمان و بەلایەنی كەم 300 دۆلاریان خەرجدەكرد بۆ چەند ڕۆژیكی كەم لە ئێستادا بە بڕی 200 دۆلار دەبرێنە ئێران و ماوەی هەفتەیەك دەمێننەوە بە هەمان بڕە پارە، بۆیە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەكان سنوورێك بۆ كاری ئەو كۆمپانیایانە دبنێت و چەند مەرجێكیان بەسەردا بسەپێنێت بۆ ئەوەی داهاتی گەشتیاری لەهەرێم ڕوو لە پووكانەوەی زیاتر نەكات.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this