ئاگر کردنەوە لە شاخی گۆيژە قەدەغەکرا

0
507

SNN-عەلی حەمە سەعید
بەڕێوەبەری هۆبەی پاراستن و دارستانی سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات: هەڵمەتێكی 10 ڕۆژەی بەرفراوانمان بە بەشداری چەندین لایەنی پەیوەندیدار دەستپێكردووە بۆ پاراستنی ئەو دارستان و سەوزاییەی كە بەهەوڵ و ماندووبونی چەند ساڵەی چەندین دامودەزگاو كۆمپانیا هاتووە ئاراوە، بۆیە هەر جۆرە ئاگركردنەوەیەك لەسەر شاخی گۆیژە قەدەغەكراوە و سەرپێچیكارانیش سزادەدرێن.

هاوكار جەلال، بەڕێوەبەری هۆبەی دارستان و پاوانی سلێمانی بە SNNی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی لەماوەكانی ڕابردوو لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا بەهەمان شێوە چەند حاڵەتێكی ئاگركەوتنەوە لە سنوری شاخی گۆیژە تۆماركراو بەهۆیانەوە ڕووبەرێكی زۆری سەوزایی سوتاون، بۆیە بە پێویستمان زانی بەهەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنیەكانی سلێمانی و لەسەر ڕاسپاردەی قایمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی و چەند لایەنێكی دیكەی پەیوەندیدارە بەشێوەیەكی مەیدانی هەڵمەتێكی بەرفراوانی پێدانی هۆشیاری بەو گەشتیارانە بدەین كە بە شەوان سەردانی شاخی گۆیژە دەكەن و لە قۆناغی یەكەمیشدا كردنەوەی هەر جۆرە ئاگركردنەوەیەكمان لەسەر شاخی گۆیژە قەدەغەكردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە ئەو هەڵمەتەی دەستمانپێكردووە بۆ پاراستنی ئەو داردرەخت و سەوزاییەیە كە بەهەوڵ و ماندووبوونی چەندین ساڵەی هۆبەی دارستان و پاوانی سلێمانی و دامودەزگاحكومییەكان و كۆمپانیاكان و ڕێكخراوەكانی بواری ژینگە بونیاد نراوە، دەمانەوێت ئەو ژینگە سەوزە وەك خۆی بمێنێتەوە و بەهۆی ئاگركردنەوەیەكەوە سروشتی جوانی گۆیژە تێكنەچێت.

بەڕێوەبەری هۆبەی دارستان و پاوانی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو: ئێمە نامانەوێت هیچ كەسێك سزا بدەین یاخود گرفت بۆ گەشتیاران دروست بكەین، بەڵام ئەگەر بزانین كەسانێك هەن بەمەبەست یاخود بۆ خۆشی خۆیان ئاگردەكەنەوە و دواتر نایكوژێننەوەو كارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێت ناچارین بە پێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ بكەین و سزا بدێن.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this