وەزارەتی پێشمەرگە خانەنشینی ئارەزوومەندانە ڕادەگرێت

0
1072

SNN-عەلی حەمە سەعید
وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم بە بڕیارێك خانەنشینی ئارەزوومەندانەی لە ڕیزەكانی پێشمەرگە ڕاگرتووە بۆ سەرجەم ئەفسەر و پلەدار و كارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە، جێگری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگەش لە پەرلەمانی كوردستان جەخت لەوەەكاتەوە سەرقاڵی ئامادەكردنی پرۆژەیەكیشن بۆ هەمواری یاسای خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ.

بەگوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە، كە وێنەیەكی لای SNNو ئاراستەی سەرجەم یەكەكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەكراوە ئاماژە بەوەكراوە، بریار درا بە راگرتنی مامەڵەی خانەنشینی ئارەزوومەندانە بۆ گشت ئەفسەر و پلەدار و پێشمەرگە، بۆ كاتیكی نادیار.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر هەر ئەفەسەر و پلەدارێكی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بە پشت بەستن بە مادەی (1) لە یاسای ژمارە 38ی ڕاژە و خانەنشینی هێزەكانی پێشمەرگە دەكرێ، لەسەر خواستی خۆی داوای خانەنشینبوونی بكردایە بەگوێرەی یاسا كاری بۆدەكرا، بەڵام لەئێستادا ئەو جۆرە خانەنشینیە ڕاگیراوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی SNN هۆكاری دەركردنی بڕیاری ڕاگرتنی خانەنشینی ئارەزوومەندانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە ئێستادا ژمارەیەكی زۆر لە هێزەكانی پێشمەرگە بەتایبەت هێزەكانی 70 و 80 داوای خانەنشین بوون دەكەن ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەدوای خانەنشین بوونیان لە %70ی كۆی مووچەكانیان بۆ خەرجدەكرێت، هاوكات لەدوای خانەنشینبوونی ئەو پێشمەرگانەش گرفت بۆ پڕكردنەوەی جێگاكانیان دروست دەبێت، چونكە دامەزراندن نییە و شەش ساڵە دامەزراندن ڕاگیراوە.

عوسمان سێدەری، جێگری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: ئەو یاسایەی ئێستا كاری پێدەكرێت بۆ خانەنشینكردنی هێزەكانی پێشمەرگە یاسایەكی باشە و تائێستا هیچ پێشمەرگەیەك سكاڵای نەبووە لەو یاسایە بەڵكوو بە پێچەوانەوە زۆرێك لە پلەدارەكانی پێشمەرگە بۆخۆیان داوای خانەنشین بوون دەكەن چونكە لەدوای خانەنشین بوونیان گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ نایبەت بەسەر مووچەكانیاندا.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر پێشمەرگەیەك 45 ساڵی تەمەنی تێپەڕاندبێت و 20 ساڵیش خزمەتی پێشمەرگایەتی هەبێت، ئەوا ڕاستەوخۆخۆ خانەنشیندەكرێت ولە دوای خانەنشین بوونیشی لە %70 ی كۆی گشتی مووچەكەی بۆ خەرجدەكرێت.

جێگری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، لە ئیستادا لەهەوڵداین یاسای خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ هەموار بكرێتەوە و پێداچوونەوە بە خانەنشینی هێزەكانی ناوخۆ بكرێت چونكە ئەوان جیاواز لە پێشمەرگە كاتێك خانەنشیندەكرێن مووچەكانیان بەڕێژەیەكی زۆر كەمدەكات.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this