بڕی سزای دواکەوتنی نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری گۆڕانکاری بەسەردا دێت

0
899

عەلی حەمەسەعید- SNN

دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو دەستکرا بە جێبەجێکردنی سیستمی نوێی نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، لەگەڵ ئەو سیستمەدا گۆڕانکاری لە سزای بەسەرچوونی مۆڵەتی شۆفێریش ئەنجامدرا، بەجۆرێک ئەگەر شۆفێرێک ساڵێک بەسەر نوێکردنەوەی مۆڵەتکەیدا بچێت، 60هەزار دینار غەرامە دەکرێت، بەڵام لەسیستمە کۆنەکەدا تەنها 30هەزار دینار غەرامە دەکرا، وتەبێژی هاتووچۆ پارێزگای هەولێریش ئاماژە بەوەدەكات ئەو گۆڕانکارییە پەیوەندی بە سیستەمە نوێیەکەوە هەیە.

فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر بە SNNی رایگەیاند: پێشتر لەسیستمی کۆنی نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری ئەکەر شۆفێرێک ڕۆژێک مۆڵەتکەی بەسەرچووبێت و یاخود ساڵێک بەسەرچووبێت ئەوا وەک یەک مامەڵەی لەگەڵ دەکراو بۆ ئەو یەک ڕۆژە یان ئەو یەک ساڵە بڕی 30هەزار دینار وەک سزا وەردەگیرا، بەڵام لەسیستمی نوێ ئەوە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەجۆرێک هەر كەسێك مۆڵەتی بەسەرچووبێت و نوێی نەكردبێتەوە، بۆ یەك مانگ لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت و بۆ دانیشتووانی دەرەوەی شاریش دوو مانگ لێخۆشبوونی بۆ دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەو وادەیە هەرشۆفێرێك مۆڵەتەکەی بەسەرچووبێت و نوێی نەكردبێتەوە بۆ هەر مانگێك پێنج هەزار دینار سزای بۆ دەنووسرێت، بۆیە خاوەن مۆڵەتی شۆفێری دەتوانێت بەزووترین كات لەدوای تەوبوونی ماوەی مۆلەتەكەی نوێی بكاتەوە بۆ ئەوەی هیچ سزایەکی بۆ نەنوسرێت و تەنها پارەی نوێکردنەوەی مۆڵەتکەی لێوەردەگیرێت، بەڵام ئەگەر 12 مانگ دوا بكەوێت كەدەكاتە ساڵێك ئەوا بڕی 60 هەزار دیناری وەک سزا لێوەردەگیرێت.

وتەکانی وتەبێژەكەی هاتووچۆی پارێزگای هەولێر لەکاتێکدایە کە جگە لە پارێزگەی هەولێر تائێستا لە پارێزگاکانی دیکەی کوردستان کار بەو سیستمە نوێیەی نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری ناکرێت تائێستا دیار نییە کەی لەسلێمانی و دهۆک کار بەو سیستمە نوێیە دەکرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this