لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێم، سلێمانی لە پلەی یەكەمدایە لە بەرهەمهێنانی مریشكی زیندوو

0
304

SNN-عەلی حەمە سەعید
سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان لەپارێزگای سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان پارێزگای سلێمانی لە پلەی یەكەمدایە بەراورد بە پارێزگاكانی دیكەی هەرێم لە بەرهەمهێنانی مریشكی زیندوو، بەجۆرێك لەماوەی كەمتر لە دوو مانگدا لە كێڵگە پەلەوەرییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی نزیكەی 13 ملیۆن مریشك بەرهەم دەهێندرێن، هاوكات لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لەماوەی كەمتر لە دوومانگدا نزیكەی 30 ملیۆن مریشك بەرهەم دەهێندرێن.

نازم عەبدوڵا، سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەریەكانی سلێمانی بە SNNی ڕاگەیاند:  كەرتی پەلەوەری لە هەرێمی كوردستان دوو هێندی خواستی نێوخۆیی بەرهەمی پەلەوەری هەیە، بەڵام حكومەت هیچ پلانێكی ستراتیژی نییە بۆ رێكخستنی ئەو كەرتە، بەتایبەت لە چەند ساڵی رابردوودا دەیان كێڵگەی پەلەوەری و بەخێوكردنی مریشك كراونەتەوە بەشێوەیەكی رێكنەخراو و بەبێ پلان بووە و تاوەكو ئێستا هیچ پلانێكی ستراتیژی نییە بۆ رێكخستنەوەی كەرتی پەلەوەری.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەرهەمی نێوخۆیی لە ئاستی خواست زیاترە و بەشێوەیەكە لەماوەی كەمتر لە دوو مانگدا نزیكەی 30 ملیۆن مریشك و جووجەڵە بەرهەم دەهێنرێت، پارێزگای سلێمانیش لە پلەی یەكەمدایە، بەجۆرێك لە پارێ.گای سلێمانی نزیكەی 13 ملیۆن مریشك و لە پارێزگای هەولێرهەشت ملیۆن و 500 هەزار مریشك و لەپارێزگای دهۆك پێنج ملیۆن و 790 هەزار مریشك و لە پارێزگای هەڵەبجە 750 هەزار مریشك و لە ئیدارەی گەرمیان دوو ملیۆن و 500 هەزار مریشك لەماوەی كەمتر لە دوو مانگ بەرهەم دەهێندرێن.

سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان لە سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، زۆر گرنگە حكومەت پشتیوانی لە خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان بكات بەشێوەیەك لە نەخۆشخانە و بەندیخانە و دەوامی فەرمیی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆدا، لەبری ئەوەی مریشكی بەستوو بەكاربهێنرێت، بەرهەمی نێوخۆیی بەكاربهێنن، بۆ ئەومەبەستەش داوامان لە حكومەت كردووە لانیكەم لە 50٪ ئەو مریشكەی بۆ خواردنی نەخۆشخانە و بەندیخانە و دەوامی فەرمیی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆ بەكاردەهێنرێت، مریشك و بەرهەمی خۆماڵی بێت بەڵام تا ئیستا وەڵام نەدراوینەتەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this