‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی: گومانم نییە کە دەتوانین ئامانج و خەونەکانی مام و کاک نەوشیروان بەدیبهێنین

0
303

SNN

 لەپەیامێکدا لە ساڵیادی کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ئەمین، رێکخەری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە: ” کاتێک باوکێکی وەک کاک نەوشیروان کە شاخێک بوو لە ورە، لەبەرامبەر رەشەبادا کێوێک بوو لە دڵنیایی و لە سێبەرەکەیدا ئارامی دەبەخشی، لە فکریشدا ئومێدی پێدەبەخشیت، بێگومان لە دەستدانی ئازاربەخشە بەڵام بیروباوەڕی هاندەرە بۆ بەردەوامی”.

راشیگەیاندووە: هیوادارم گۆڕان و یەکێتی ئەو شاخە بن بۆ میللەتەکەمان چونکە هەموو کەس ئەوە دەزانێت و حاشاهەڵنەگرە کە لە دوا پرۆژە و هەنگاوی سیاسی ژیانیان، سەرۆک مام جەلال و کاک نەوشیروان زۆر لە یەکەوە نزیک بوون تا ئاستی یەکگرتنەوە و هەنگاوی گەورەشیان ناوە.

سەرۆک بافڵ جەختیشی کردووەتەوە: گومانم نییە کە دەتوانین ئامانج و خەونەکانی مام و کاک نەوشیروان بەدیبهێنین و پێکەوە تەواویان بکەین.

 

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ:

 

“لەساڵیادی ژیانئاوایی کاک نەوشیروان، یەکێک لە هەڤاڵانی تێكۆشەری دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان و هاوڕێی سەرۆک مام جەلال، سەری رێز و وەفا لەبەردەم مێژووی پاکی دادەنەوێنم و ئەم رۆژە پڕخەمە بە شکۆوە بەرز رادەگرم.

‏‎کاک نەوشیروان بیرمەند، سیاسەتمەداری کوردەواری و سەرکردەی شۆڕشی نوێ، قوتابخانەیەک بوو لە بیری نوێ، رۆشنفکری، بوێری و رچەشکێنی کاریزمایی رێکخراوەیی کە لە هەموو قۆناغەکانی خەباتی کوردایەتیدا رۆڵی رابەرایەتی دەگێڕا و بەشێکی گرنگی سەرخستنی خەباتی چەکداریی گەلەکەمان بوو.

‏‎ دەمەوێت ئەوە بڵێم کاک نەوشیروان باوک بوو، نەک تەنها بۆ منداڵەکانی بەڵکو باوک بوو بۆ زۆرینەی خەڵکی کوردستان.

‏‎ئەمڕۆ لە هەموو رۆژێک زیاتر دەمەوێت بۆ گۆڕان قسە بکەم، کاتێک کێوێکی گەورەی وەک کاک نەوشیروان مێژوو و ناسنامەتان بێت، هەست بە ئومێد دەکەم و هیوایەک هەیە بۆ داهاتوو. کەواتە ئەمە دەبێت هاندەرمان بێت بۆ هەنگاوی گەورەتر.

‏‎کاتێک باوکێکی وەک کاک نەوشیروان کە شاخێک بوو لە ورە، لەبەرامبەر رەشەبادا کێوێک بوو لە دڵنیایی و لە سێبەرەکەیدا ئارامی دەبەخشی، لە فکریشدا ئومێدی پێدەبەخشیت، بێگومان لە دەستدانی ئازاربەخشە بەڵام بیروباوەڕی هاندەرە بۆ بەردەوامی.

‏‎من لە ئازاری بێباوکی بۆ نەوەکانی و گۆڕان تێدەگەم چونکە من و کاک قوباد بەو ئازارەدا تێپەڕین.

‏‎هیوادارم گۆڕان و یەکێتی ئەو شاخە بن بۆ میللەتەکەمان چونکە هەموو کەس ئەوە دەزانێت و حاشاهەڵنەگرە کە لە دوا پرۆژە و هەنگاوی سیاسی ژیانیان، سەرۆک مام جەلال و کاک نەوشیروان زۆر لە یەکەوە نزیک بوون تا ئاستی یەکگرتنەوە و هەنگاوی گەورەشیان ناوە.

‏‎ئەم یادە بە دەرفەت دەزانم تاوەكو

‏‎بە هەموولایەکی رابگەیەنم یەکێتی بە هەموو شێوەیەک ئامادەیە بۆ هەنگاونان بەرەو رێککەوتنێکی نوێ و یەکگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان.

‏‎گومانم نییە کە دەتوانین ئامانج و خەونەکانی مام و کاک نەوشیروان بەدیبهێنین و پێکەوە تەواویان بکەین.

‏‎ئەمەش رێگا دروستەکەی خەبات و گەیشتنە بە ئامانجە نەتەوەیی و کوردستانییەکان.

‏‎هەزار سڵاو لە گیانی پاکی کاک نەوشیروان و سەرجەم تێکۆشەران و شەهیدانی رێگای رزگاری”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this