ئەمساڵ نزیکە دوو هەزار تۆن هەنگوین بەرهەم هاتووە و بڕێكی هەناردەی دەرەوە دەكرێت

0
463

SNN-عەلی حەمە سەعید
بەهۆی ئەو كەشوهەوایەی كە ماوەی دوو ساڵە ڕووی لەهەرێمی كوردستان كردووە و بڕی باران زیاتر بووە، بووەتەهۆی ئەوەی بەرهەمی هەنگوین زیاد بكات بەجۆرێك بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵ نزیك دەبێتەوە دوو هەزار تۆن و بەراورد بە ساڵی 2021 دوو هێندە زیادیكردووە، ئەندامێكی ڕێكخراوی هەنگەوانانی كوردستانیش جەخت لەوەدەكاتەوە ئەمساڵ بڕێكی باش لەهەنگوینی كوردستان ڕەوانەی دەرەوە دەكرێت و ساڵی ڕابردووش زیاد لە 50 تۆن هەناردەكراوە.

مەریوان عەزیز، ئەندامی ڕێكخراوی هەنگەوانانی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: ماوەی دوو ساڵە بەرهەمی هەنگوین لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێم ڕووی لە زیاد بوون كردووە، ئەوەش بەهۆی لەباری ئەو كەشوهەوایەی هاتووەتە ئاراوە چ لەڕووی بڕی باران بارین و سەوزبوونی دەشت ودەر و زۆربوونی گوڵ یاخود لە ڕووی مامناوەندی پلەكانی گەرما هەموو ئەمانەش هۆكارن بۆ ئەوەی بەرهەمی هەنگوین زیاد بكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ بەهارێكی تەڕمان هەیە، چاوەڕێ دەكرێت بەرهەمی هەنگوینی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان زۆر زیاد بێت، هاوكات ژمارەی هەنگەوانەكانیشمان زیادیكردووە و ژمارەی پورە هەنگەكانیش زۆربوون، بەڵام بەداخەوە وەك كەرتەكانی دیكە حكومەتی هەرێم زۆر بایەخ بە بابەتی هەنگ و بەرهەمی هەنگوین نادات و پێداویستیەكان لەسەر شانی خۆمان دابیندەكەین.

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لە كۆمەڵەی هەنگەوانانی كوردستانەوە بە SNN دراوە ئەوەخراوەتەڕوو، لە هەرێمی كوردستان 15 هەزار هەنگەوان هەن، كە 700 هەزار پوورەی هەنگیان هەیە، هاوكات ساڵانە گۆڕانكاری بەسەر بەرهەمی هەنگویندا دێت، لە ساڵی 2017دا 450 تۆن و ساڵی 2018 تەنیا 100 تۆن بەرهەمهاتووە، بەڵام لە ساڵی 2019دا زیادیكردووە بۆ 500 تۆن، لە ساڵی 2020دا نزیكەی 500 تۆن بەرهەمی هەنگوینی هەرێمی كوردستان بووە، بەڵام لە ساڵی 2021 زیادیكردووە و گەیشتووەتە 700 تۆن و ساڵی 2022 بەرهەمەكە بۆ هەزارو 600 تۆن زیادیكردووە، بەڵام پێشبینی دەكەین بەرهەمی ئەمساڵ بگاتە نزیكەی دوو هەزار تۆن، هاوكات لە ساڵی ڕابردووشدا 51 تۆن هەنگوین بە وڵاتی ئیمارات فرۆشراوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this