پارێزگاری هەولێر: نابێت بێ وەرگرتنی رەزامەندی بەرگرى شارستانى سیستمی غازی شل بۆ هیچ شوێنێک دابنرێت

SNN-
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، هیچ كۆمپانیا و کەسێک بەبێ وەرگرتنى ڕەزامەندى بەرگرى شارستانى، نابێت سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە، نانەواخانە و ماڵان جێگیر بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 2022.11.21، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر یەکەمین کۆبوونەوەى تایبەت بە پێداچوونەوە بە سیستمی شۆفاژ لە شوێنە گشتییەکان و ماڵان و بە کارهێنانى غازی ئێڵ پی جی ئەنجامدرا.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی پارێزگای پارێزگارى هەولێر، بڕیاردراوە پێداچوونەوە و بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو شوێنان بکرێت کە ئەم سیستەمە بەکاردەهێنن و جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە هەموو ئەو ماڵ و شوێنانەى کە ئەو سیستەم دادەنێن، دەبێت بە ئاگاداری بەرگرى شارستانیى و بە کەلوپەلی ستانداردى جیهانى و لەلایەن کۆمپانیایى مۆڵەتدرا و کەسانی شارەزا و ئەندازیاری باوەڕپێکراوەوە دابنرێت.
لە تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، دواى گفتوگۆ و وەرگرتنى تێبینى و ڕاو سەرنجى ئامادەبووان لەسەر ئەم پرسە، کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانە:-
یەکەم/ هۆشیارکردنەوەى هاوڵاتییان لە چۆنیەتى بەکارهێنانى سیستەمى غازی ئێڵ پی جی و شۆفاژ و مەترسیەکانى دانانى ئەو سیستەمە لەلایەن کەسانى بێ مۆڵەت و ناشارەزا.
دووەم/ چاودێریكردنى سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەى کە سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە، نانەواخانە و ماڵان جێگیر دەکەن.
سێیەم/ هیچ كۆمپانیا و کەسێک بەبێ وەرگرتنى ڕەزامەندى بەرگرى شارستانى نابێت سیستمی غازی شل بۆ چێشتخانە، نانەواخانە و ماڵان جێگیربکات، ئەوانەشى لە ئێستادا ئەو کارە دەکەن دەبێت لەماوەى یەک مانگ سەردانى بەڕێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى هەولێر بکەن.
چوارەم/ بنكهكانى بهرگرى شارستانى پێداچوونەوە بۆ هەموو ئەو شوێنانە دەکەن کە ئەم سیستەمە بەکاردەهێنن.
پێنجەم/ لیژنەکانى (قائیمقامیەت، شارەوانى، بەرگرى شارستانى و نەوت و کانزاکانى هەولێر) چاودێرى هەموو شوێنەکان دەکەن کە ئەو سیستەمەیان بۆ دانراوە.
شەشەم/ بەڕێوەبەرایەتى نەوت و کانزاکانى هەولێر چاودێرى ئەو بەنزینخانانە دەکات کە سیستەمى غازی (ئێڵ پی جی)یان بۆ ئۆتۆمبێل دادەناوە، دەبێت خاوەنى بەنزینخانانەکانیش لەماوەى دوو هەفتەدا سەردانى بەڕێوەبەرایەتى ناوبراو بکەن بۆ وەرگرتنى ڕێنمایی نوێ.
حەوتەم/ دانانى لیژنهیهك بۆ پێداچوونەوە و دانانى مەرجى زانستى لەنزیکترین کاتدا.
هەشتەم/ پارێزگاى هەولێر لەڕێگەى کۆلێژى ئەندازیاریى زانکۆى سەڵاحەدین کۆنفرانسێکى زانستى تایبەت بەسیستەمی غازی (ئێڵ پی جی) و شۆفاژ و دوورخستنەوە مەترسیەکانى لەسەر گیانى هاونیشتیمانیان ئەنجامدەدات.
نۆیەم/ دەرچواندنى چەند فەرمانێک لەنزیکترین کاتدا بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لەبارەى سیستەمی غازى ئێڵ پی جی و شۆڤاژ.
More News
-
ترەمپ: تواناکانی ئێران کەمیکردووە
5 hours لهمهوپێش
About Us
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.



