بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵی رابردوو چەند ئاویان تێدایە؟

0
757

SNN-

بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان باس لە ئاستی ئاوی بەنداوەکان و کێشە و گرفتەکانیان دەکات و دەڵێت:” هەردوو بەنداوی دهۆک و دەربەندیخان ئاستی ئاوەکانیان بەراورد بە ساڵی رابردوو لەم کاتەدا زیاترە، بەڵام ئاستی بەنداوی دوکان بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمیکردووە و بەهۆی جەرجنەکردنی پارەشەوە کارکردن لە نۆ بەنداوی هەرێمی کوردستان راگیراوە”.

رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە (SNN)ی راگەیاند، ئاستی بەنداوی دوکان بەراورد بە ساڵی رابردوو مەترێک و 80 سم کەمترە، بەڵام بەنداوی دەربەندیخان ئاستی ئاوەکەی 12 مەتر بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاترە و بەنداوی دهۆکیش ئاستی ئاوەکەی 90 سم زیاترە و دەشتوانین بڵێین بەگشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ئاستی ئاوی پێویستیان تێدایە ، ئێستاش ئامادەسازی دەکەین و پێشوازی لە وەرزی نوێی باران و کۆکردنەوەی ئاو دەکەین، بۆیە دەتوانین بڵێین بۆ ئەمساڵ مەترسی کەمبوونەوەی ئاومان لە بەنداوەکان تێپەڕاندووە.

سەبارەت بە گرتنەوەی ئاو لە لایەن تورکیاو ئێرانەوە و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان وتیشی:” ساڵانە لە کۆتایی مانگی هەشت و نۆدا ئەو دوو وڵاتە ئاو لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرنەوە، بە جۆرێک گرتنەوەی ئاو لە لایەن تورکیاوە وایکردووە ئاوی رووباری دیجلە و فوڕات لە خاکی عێراق زۆر کەمببێتەوە و گەورەترین کێشەی کەمئاوی لە عێراق ئەمساڵ دروستبووە و یەکێکە لە خراپترین ساڵەکان لە مێژووی عێراقدا و دەتوانین بڵێین لە ساڵی سییەکانەوە تا ئێستا بەو رێژەیە ئاستی ئاو لە بەنداوەکاندا کەمنەبووەتەوە، هەروەها ئێرانیش ساڵانە ئاوی سیروان و زێی بچووک دەگرێتەوە کە کێشەی ئاوی خواردنەوەی بۆ دانیشتوانی هەڵەبجە و سیراون و قەڵادزێ دروست دەکات، بۆ چارەسەری ئەو کێشەش دەبێت حکومەتی عێراق بە پێی ماددەی 114ی دەستور گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بکات.

دەربارەی ئەوەی کە کەمبوونەوەی ئاو هۆکارە بۆ پیسبوونی ئاو دەریاچەکان و دواتریش بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بە تایبەت کۆلێرا وەک ئەوەی ئێستا باسی لێوەدەکرێت راشیگەیاند: لە بنەڕەتدا وایە تا ئاستی ئاو کەمببێتەوە رێژەی پیسبوونی ئاو زیاتر دەبێت،، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا ئاستی ئاو زۆر لەوە زیاتر کەمبووەتەوە و هیچ كێشەیەکیش نەبووە لەبەرئەوە ناتوانین بڵێن بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەکانەوەیە یاخود راستەخۆ پەیوەندی بە کەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەکانەوە هەیە، چونکە رەنگە بەهۆی تێکەڵبوونی پاشەڕۆی ئاوەڕۆکانەوە بێت.

سەبارەت بە کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەکان و کاریگەری لەسەر سامانی ماسی و گرفتی ژینگەی ئاوی وتیشی: کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەکانیش کاریگەری دەکاتە سەر سامانی ماسی وزیندەەوارن و بەتایبەت لە رووبارەکاندا کە ئاو کەمدەبێتەوە جوڵەی سروشتی تێکدەچێت بەتایبەت کۆچی سروشتی ماسی تێکدەجێت و گرفتی ژینگەی ئاویش دروست دەبێت.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا بەنداوی دەربەندیخان کە ساڵی 2017، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانی پێگەیشتبوو چاککراوەتەوە ئاماژەی بەوەشکرد:” بەنداوی دەربەندیخان بەهۆی بوومەلەرزەکەی ساڵی 2017 زیانی بەرکەوت، بەڵام بە جەند قۆناغێک لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە چاککراوەتەوە و تا ئێستاش کاری چاککردنەوە تێیدا بەردەوامە، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی ئێستا بەنداوەکە کێشەیەکی وای نەماوە و توانای گلدانەوەی ئاوی پێویستی هەیە لە کاتی بارانباریندا و هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە، هەروەها لە سەرجەم بەنداوەکانی دیکەش ئامادەکاری دەکرێت بۆ کۆکردنەوەی ئاوی ئەمساڵ و کۆنتڕۆڵکردنی لافاو.

دەربارەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستانەوە راشێگەیاند: هەرسێ بەنداوی دەکان، دەربەندیخان و دهۆک بە بڕی 9.8 ملیار مەتر سێجا ئاودەگرن، لە بەنداوی دوکان رۆژانە 90 بۆ 100مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنرێت و لە دەربەندیخانیش 75 مێگاوات.

بەنداو یان پۆند بۆ گلدانەوەی ئاو باشترە؟ بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەڵێت:”پۆند بۆ ماوەیەکی دیاریکرا و کاتێکی کەم و ناوچەیەکی بچووک یان تێپەڕاندنی وشکەساڵی دەتوانرێت سودیلێوەربگیرێت، بەڵام بەنداو بۆ مەودای دوورودرێژە وبۆ دەیان ساڵ دەتوانرێت سودی لێببینرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەر ناوچەیە و تایبەتمەندی خۆی هەیە کە بۆ دروستکردنی پۆند یان بەندا وگونجاوتر بێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لە رووی جوگرافیا و تۆبۆگرافیا و سەرچاوەی ئاوی باش بۆ دروستکردنی بەنداو زۆر گونجاوە هەرچەندە چەند بڕیارێکیش لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ دروستکردنی ژمارەیەک بەنداو لە هەرێمی کوردستان دەرچوو بەڵام پەشیمان بوونەتەوە”.

رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە تەواوکردنی ئەو بەنداوانەی کە لەهەرێمی کوردستان لە قۆناغی کارکردندان دەڵێت:” ئێستا تەنها پێنج بەنداو کاریان تێدادەکرێت، ئەویش لەبەر نەبوونی پارە بە سستی کارەکانیان بەڕێوەدەچێت و نۆ بەنداوی دیکەش لەبەر بێ پارەیی کارەکانیان وەستاوەن”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this