ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران راگەیەندرا

0
347

SNN

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوا دەكات لە نزیكترین دەرفەتدا لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆ، دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بكرێت و داهاتەكەشی بخرێتەوە ناو گەنجینەی گشتی عیراق، راشیدەگەیەنێت: حكومەتی هەرێم نابێتە بەربەست لە بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و خوازیارە لە زووترین كاتدا بگەن بە ڕێككەوتنی كۆتایی.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەدا، ئەنجامی سەردانی ئەم دواییەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان بۆ بەغدا و كۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لە سەر دۆسیەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، لەلایەن ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران خرایەڕوو، باسی لە ڕێكارەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و وردەكاریی گفتوگۆی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حكومەت و كۆمپانیا نەوتییەكانی كرد و ئاماژەی دا كە لە كۆبوونەوەكاندا، شاندی حكومەتی هەرێم جەختیان لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە پێویستە هەرچی زووە ڕێكار و میكانیزمی چارەسەركردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەكانی بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دابنرێت تا لە نزیكترین دەرفەتدا، لە ڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆ، دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بكرێت و داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمیش بخرێتەوە ناو داهاتی گەنجینەی گشتی عێراق بۆ خزمەتی خەرجییەكان تاكو چیتر زیان بە گەنجینەی گشتیی عێراق و هەرێمیش نەگات، كە ئەمە خواستی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدڕاڵ و كۆمپانیا نەوتییەكانیشە.

هەروەها ئاماژەشی بەوەدا حكومەتی هەرێم ئامادەیە بۆ هەر كارئاسانییەك لەم پێناوەدا بە ڕەچاوكردنی بنەما و دەسەڵاتە دەستووریەكان و بەرژەوەندی گشتیی هاوبەش، كۆبونەوەكانیش لەم چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبن.

ئەنجومەنی وەزیران ستایشی هەوڵەكانی تیمی دانوستانكاری كرد و جەختیشی لەوە كردەوە كە حكومەتی هەرێم نابێتە بەربەست لە بەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و خوازیاری ئەوەیە لە زووترین كاتدا بگەن بە ڕێككەوتنی كۆتایی.

بڕگەی دووەمی كۆبوونەوە، گفتوگۆكردن بوو لە سەر بڕیارێكی حكومەتی فیدراڵ تایبەت بە دانانی دوو گۆڕەپانی گومرگیی لە هەردوو پارێزگای موسڵ و دیالە كە كاریگەریی لە سەر ڕێڕەوی جووڵەی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە.

ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، ڕاپۆرتێكی لەبارەی كاریگەری و دەرهاوێشتە نەرێنییەكانی ئەم بڕیارە لە سەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ لە پەیوەندی بەردەوامدا بن بۆ گفتوگۆ بە ئاراستەی چارەسەركردنی بابەتەكە بەشێوەیەك كە لە بەرژەوەندی گشتی و ئاسانكاریكردن بۆ برەودان بە جووڵەی بازرگانیدا بێت لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە ڕەچاوكردنی دەستوور و یاسا بەركارەكان و نەهێشتنی ڕووتین و بەربەستەكان.

لە بڕگەی سێیەمدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێكی بەرفراوان و پڕ لە زانیاری لە بارەی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و ئاڤاهییا لە عێراق و هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد، كە بڕیارە لە مانگی یازدەی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

وەزیری پلاندانان، تیشكی خستە سەر ڕێكار و ئامادەكاریی و هەنگاوەكانی وەزارەتەكەی بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی زانستییانە و لە پێناو گەشەپێدانی هەمەلایەنە بێت و دوور بێت لە دەستوەردان و هەر ئامانجێكی سیاسی بە تایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵەكانی وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و هەماهەنگی بەردەوامیان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ و بایەخی سەرژمێریی بۆ مەبەستەكانی بوژاندنەوە و ئاوەدانكردنەوە وگەشەپێدان، جەختیكردەوە لەسەر ئەوەی پێویستە ئەم سەرژمێریە، لەسەر بنەمای ڕەچاوكردنی دادپەروەریی و یەكسانی بێت و دوور لە هەر مەبەستێكی سیاسیی و نەتەوەیی بێت و نەبێتە پێشێلكاریی لە بنەما دەستوورییەكان و ماددەی 140ی دەستوور تایبەت بە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە پێویستە تەنیا دەستوور چارەنووسی ئەم ناوچانە یەكلایی بكاتەوە.

لە كۆتاییدا، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە ، ئامادەسازییەكانی وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی بۆ تاقیكردنەوە گشتییەكانی پۆلی 12 ی ئامادەیی بە هەموو بەشەكانییەوە، لە سەرتاسەری هەرێم خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد هاوكاری وەزارەتی پەروەردە بن بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆسەیە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this