بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە ژمارەی کوژراوان لە لوبنان بەرزبووەوە

0
403

SNN

هێرشەکانی ئەم دوواییەی حزبوڵڵا بۆ سەر خاکی ئیسڕائیل کاردانەوەی ئەو وڵاتەی بەدوادا هات، بەجۆرێک ئیسڕائیل ئەمڕۆ بە چڕی باشوری لوبنانی بۆردومانکردووە کە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 100 کەس و برینداربوونی سەدان کەسی تر.

ئەمڕۆ دووشەممە 23ی ئەیلوول، سوپای ئیسڕائیل لە وەڵامی هێرشەکانی حزبوڵڵای لوبنانی بۆ سەر خاکی وڵاتەکەیان، باشوری لوبنانی بە چڕی بۆردوومانکرد، بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لەو بۆردوومانانەدا زیاتر لە 180 کەس کوژراون و 727 کەسی تریش برینداربوون، کە لەنێو کوژراو و بریندارەکاندا ژن و منداڵ و رۆژنامەنوس هەن، لە هەمان کاتدا خەڵکێکی زۆر ئاوارەبوون و ماڵ و حاڵیان بەجێهێشتووە.

لەلایەکی ترەوە، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بەیاننامەیەکی نوێی بڵاوکردووەتەوە و داوا لە دانیشتوانی گوندەکانی ناوچەی البقاع لە لوبنان دەکات، ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن کە چەک یان ژێرخانی حزبوڵڵای لوبنانیان تێدایە، بۆ مەودای دووری لە هەزار مەتر کەمتر نەبێت لە دەرەوەی گوندەکە، یان بچنە… قوتابخانەی گوندی نزیک، و نەگەڕانەوەی بۆ شوێنەکانی خۆیان تا ئاگادارکردنەوەی زیاتر.

لە هەمان کاتدا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، چەندین پێگەی حزبوڵڵایان لە لوبنان بۆردومانکردووە کە چەک و کەرەستەی سەربازی تێدا بووە، 300 ماڵیان لە باشوری لوبنان تەقاندووەتەوە کە چەکی حزبوڵڵای تێدا حەشاردراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو، هەزاران ئامێری بێتەل، کە ناسراون بە پەیجەر، لە بەیروتی پایتەختی لوبنان تەقینەوە، بەهۆیەوە هەزاران کەس لە پیاوانی حزبوڵڵای لوبنان کوژران، دوابەدوای تەقینەوەکان حزبوڵڵا وڵاتی ئیسرائیلی بەم تەقینەوانە تۆمەتباردەکات، بەڵام تاکو ئێستا بەرپرسانی ئیسرائیل هیچ لێدوانێکیان لەوبارەیەوە نەداوە و بێدەنگیان هەڵبژاردووە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this