پەکەکە ناوی خۆی گۆڕی و پەیامێکیان لەژێر ناوە نوێکەیان بڵاوکردەوە

0
633

SNN

بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئاپۆیی ڕاگەیاند، لەو ئاستەی کە کەس چاوەڕوانی نەدەکرد ئەوەی پێویست بوو بۆ پرۆسەکە کردمان، ئیتر ئێستا بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بگاتە ئەنجام، دەبێت پێگەی ڕێبەر ئاپۆ دیاری بکرێت و هەنگاوی یاسایی و حقووقی بنرێت، ئەمە ویست و چاوەڕوانی گەلەکەمان، هێزە دیموکراتەکان و ئێمەشە.

ئەمڕۆ، ساڵێک بەسەر کۆنگرەی 12یەمینی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چوارچیوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا تێدەپەڕێت، بەو بۆنەیەوە بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئاپۆیی ڕاگەیاندراوێکی گرنگی بڵاوکردەوە.

بۆ گەلەکەمان و ڕای گشتیی

ئەم کۆنگرەیەی ئەمڕۆمان لە ساڵڕۆژی 12ـیەمین کۆنگرەی پەکەکەدا ئەنجام دەدەین. ساڵێک بەسەر بڕیارەکانی کۆتاییهێنان بە چالاکییەکان لە ژێر ناوی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداریی دژی تورکیا تێپەڕی. دەمانەوێت هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ئەو شتانە بکەین کە لە ماوەی ئەم ساڵەدا ڕوویان داوە. لە چوارچێوەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا تەڤگەری ئازادیی چی کردووە، دەوڵەتی تورک چی کردووە؟ هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەم پرسانە بۆ ڕای گشتیی بدەینەوە.

ڕێبەر ئاپۆ لە بانگەوازەکەی ڕۆژی 27ی شووباتی 2025ـدا، ئەو مەرج و بارودۆخانەی کە پەکەکەیان پێشخست و هۆکارەکانی پشت ئەو بڕیارەی خستەڕوو. ڕێبەرێتیی (ڕێبەر ئاپۆ)، بە پشتبەستن بە دەرەنجامی ئەو پێشکەوتنانەی لە ماوەی 50 ساڵدا هاتنە پێشەوە، داوای لە پەکەکە کرد، کە کۆتایی بە چالاکییەکانی لەژێر ناوی خۆیدا بهێنێت و کۆتایی بە خەباتی چەکداریی دژی تورکیا بهێنێت. تەڤگەرەکەمان دوای ئەم بانگەوازە، لە 1ـی ئاداردا ئاگربەستی یەکلایەنەی ڕاگەیاند.

دوای ئەم بانگەوازە، زۆرێک لە لایەن و کەسایەتییەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە پەکەکە بەپێی بانگەوازەکە ناجوڵێتەوە. بەڵام پەکەکە کە وەک تەڤگەرێکی ڕێبەرێتیی سەری هەڵداوە و لەسەر هێڵی ڕێبەرێتی تێدەکۆشێت و بەرەو پێش دەچێت، لە ماوەیەکی کورتدا کۆنگرەی خۆی بەست. پەکەکە بێ دوودڵی بانگەوازەکەی ڕێبەرێتی خستە بواری جێبەجێکردنەوە؛ لەو چوارچێوەیەدا بڕیاری کۆتاییهێنان بەچالاکییەکانی لەژێر ناوی پەکەکەدا دا و کۆتایی بە خەباتی چەکداری دژی تورکیا هێنا. لە ئەنجامدا جەختکرایەوە، کە تەنها ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت ئەم بڕیارانە بکاتە پراکتیک و وەک بەردەنگ (دانووستانکاری سەرەکی) دەتوانێت پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەڕێوە ببات.

ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی 1993ـوە تا ئەمڕۆ چەندین جار ئاگربەستی تاکلایانەی ڕاگەیاندووە، بۆ ئەوەی بتوانێت بە دیموکراتیکییانە ڕێگە لە بەردەم چارەسەری پرسی کورد بکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستە پێشنیاری چارەسەری پێشخستووە و بە شێوازێکی عەقڵانی و ژیرانە نزیک بووەتەوە کە تا ئێستا لە جیهاندا نزیکایەتی لەو شێوەیە نەبینراوە. بەڵام دەوڵەتی تورک بە هۆی ئەوەی لەو کاتەدا خاوەنی چارەسەریی سیاسیی نەبوو، ئەم هەوڵانە بێئەنجام مانەوە.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە و هاوبەشی دەسەڵاتی ئێستا، لە 22ـی تشرینی یەکەمی 2024ـدا بانگەوازێکی کرد. ڕێبەر ئاپۆش بەو ئەگەرەی کە ئیرادەی چارەسەری لە ناو دەوڵەتدا پێشبکەوێت، وەڵامێکی ئەرێنی ئەو بانگەوازی دایەوە.

تەڤگەری ئازادییمان، لەبەر ئەوەی باوەڕی بە هێزی چارەسەریی ڕێبەر ئاپۆیە، بڕیاری زۆر ڕادیکاڵی وەک کۆتاییهێنان بە چالاکییەکان لە ژێر ناوی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. تەنها هەنگاوی گەورەی لەم شێوەیە دەتوانن ڕێگە لە بەردەم چارەسەرییەکی دیموکراتیک بکەنەوە. لەم بابەتەدا ویستمان ئیرادە و بڕیارداریی خۆمان نیشان بدەین. هەر بۆیە، بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، لە 11ـی تەممووزی 2025ـدا لەگەڵ 30 هەڤاڵی گەریلاماندا چەکەکانیان سووتاند. بەم شێوەیە سەلمێندرا کە کاتێک مەرجە سیاسییە گونجاوەکان لە ڕێگەی هەنگاوە یاساییە پێویستەکانەوە بڕەخسێندرێت، هەزاران گەریلاش چەکەکانیان دادەنێن. هەر ئەو کاتە دەوڵەت باخچەلی لەم چوارچێوەیەدا قسەی کرد و وتی: دەبوایە ئەو کەسانەی چەکەکانیان سووتاندووە، لە ڕێگەی دەرکردنی یاسای پێویستەوە ڕوویان لە تورکیا بکردایەتەوە. دەوڵەت باخچەلی بەم شێوەیە ئاماژەی بەوەدابوو کە گەڕانەوە بۆ تورکیا چۆن دەبێت.

وەک تەڤگەری ئازادی، بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و نیشاندانی ئیرادەمان بۆ چارەسەری سیاسی-دیموکراتیک، هێزەکانمان لەناو سنوورەکانی تورکیاوە کشاندەوە بۆ دەرەوەی سنوور. لە “هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا”ـش هەندێک لە سەنگەرەکانمان چۆڵ کرد بۆ ئەوەی ڕێگریی لە پێکدادانی ئەگەریی بکەین. دیسان، لە ساڵی 2017ـدا هەندێک لە بەڕێوەبەرانی “میت”ـمان بە دیل گرتبوو، ئەو کەسانەشمان ڕادەست کردەوە.

هەموو ئەم هەنگاوانەمان بۆ ڕەخساندنی زەمینەی هەنگاوی سیاسی و یاسایی نا، تاوەکو بتوانین بگەینە چارەسەرێکی سیاسی-دیموکراتیک. لەم پرۆسەیەدا لە ئیمرالی هەندێک دیدار لەگەڵ ڕێبەرێتییمان ئەنجام دران، هەروەها تەرمی هەندێک لە شەهیدەکانمان لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا وەرگیرانەوە. جگە لەم بابەتانە، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جیاوازتر نەنراوە.

هەمیشە بۆ چارەسەری سیاسی-دیموکراتیک، ڕای گشتیی کوردمان ئامادە کردووە و پەیامی ئەرێنیمان داوە بە گەلانی تورکیا؛ لەم بابەتەدا زۆر بە هەستیارییەوە نزیک بووینەتەوە. بەڵام هەندێک لە بەرپرسانی دەسەڵات و ڕاگەیاندنەکانی نزیک لە دەسەڵات، نەک هەر ڕای گشتییان ئامادە نەکرد، بەڵکو بە پێچەوانەوە بۆ دروستکردنی هەست و فکری نەرێنی کاریان کردووە و هەڵوێستیان نیشانداوە. هەروەها ئەو نزیکایەتییە نەرێنییەی بەرامبەر بە ئۆپۆزسیۆن هەبووە، بووەتە هۆی ئەوەی پشتگیریی کۆمەڵایەتی بۆ پرۆسەکە زیاد نەکات.

ئەو کۆمیسیۆنەی کە لە پەرلەمان پێکهێنرا، بە ئەرێنیمان بینی. بەڵام پرۆسەی ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە زۆر درێژەی کێشا و ڕای گشتی بە باشی بۆ ئامادە نەکرا. سەرەڕای ئەوەی بەردەنگی سەرەکی و لایەنی چارەسەر ڕێبەرێتییمانە، بەڵام لەم پرۆسەیەدا کۆمسیۆنی پەرلەمان تەنها یەک جار دیداری لەگەڵ ڕێبەرێتییمان ئەنجامدا. لە کۆتاییدا کۆمسیۆنی پەرلەمان ڕاپۆرتێکی ئامادە کرد؛ ئەم ڕاپۆرتە سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەکانی، دەتوانێت لە بواری پراکتیکیدا کاریگەری ئەرێنی دروست بکات. بەڵام تا ئێستا ئەو تێگەیشتن و پێشنیارانەی لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوون، جێبەجێ نەکراون. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە دەسەڵات بەشێوەیەکی بە شێوەیەکی ڕاست و دڵسۆزانە لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک نزیک نابێتەوە.

ڕێبەر ئاپۆ ئەم پرۆسەیەی لە 27ـی شووباتی 2025ـدا بە “بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” دەستپێکرد و خێراتری کرد. ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت کۆتایی بە سەردەمی پێکدادان و گرژییە 100 ساڵەییەکەی نێوان تورکیا و گەلی کورد بهێنێت، تاوەکو کۆمارێکی دیموکراتیک بێتە کایەوە و پرسی کورد لە ڕێگەی “ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک” چارەسەر ببێت. ئامانج و هەوڵەکانیش لەم چوارچێوەیەدا پەرە دەستێنن. بەڵام بۆ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت ڕۆڵی خۆی لە بە دیهێنانی ئامانجێکی وەهادا بگێڕێت، دەبێت وەک بەردەنگی فەرمی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. بەم شێوەیە دەردەکەوێت کە ئایا دەوڵەت ئیرادەی ڕاستەقینەی بۆ چارەسەری پرسی کورد هەیە یان نا. پرۆسەیەکی ڕاستەقینەی چارەسەری، تەنها بە ناساندنی پێگەی یاسایی ڕێبەر ئاپۆ وەک لایەنی دانووستانکار و دیاریکردنی ئەم پێگەیە دەست پێدەکات.

ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئەوەی ئەو دیدار و گفتوگۆیانەی ئەنجام دەدرێن واتادار و بەرهەمدار بن، چەندین جار باسی لە ڕوونکردنەوەی پێگەی خۆی کردووە. ئەگەر شوێنی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕووی یاسایی و سیاسییەوە دیاری بکرێت و بتوانێت لەسەر ئەم بنەمایە لەگەڵ لایەنە جیاوازەکاندا دیدار ئەنجام بدات، ئەو کاتە دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. ئەگەرنا، ڕێبەر ئاپۆ بەو دیدارانەی کە جارجارە لەگەڵ شاندەکاندا ئەنجام دەدات، ناتوانێت ڕۆڵە سەرەکییەکەی خۆی بگێڕێت؛ لە دۆخێكی لەم شێوەیەشدا ئەستەمە بتوانێتیش ڕۆڵی خۆی بگێڕێت.

پرسی کورد بنەڕەتیترین پرسی تورکیایە و ڕێبەر ئاپۆش لە پلەی یەکەمدا بەردەنگی سەرەکیی ئەم پرسەیە. ئەو نزیکایەتییەی ئێستا بەرامبەر بە ڕێبەر ئاپۆ هەیە، نیشانی دەدات کە ئەم پرسە سەد ساڵەیە و چارەسەرکردنی بە ڕاستی دەستنیشان نەکراوە. سەرەڕای ئەوەی ئەم ڕاستییە لەبەر چاوە، بەڵام وتەکانی سەرۆکی پەرلەمان و بەرپرسانی ئاکەپە کە دەڵێن پرۆسەکە بەردەوامە و هیچ چەقبەستووییەک نییە، گوزارشت لە بارودۆخێکی ڕاستەقینە ناکەن. هەر کاتێک پێگەی ڕێبەر ئاپۆ دیاری کرا و کاتێک ڕێبەر ئاپۆ توانی بگاتە هەلومەرجی کارکردنی ئازاد، ئەو کاتە دەتوانرێت باس لە پێشوەچوونی پرۆسەکە بکرێت. تەنها لە بارودۆخێکی وەهادایە کە گەلی کورد و ڕای گشتی بڕوا بە بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە دەکەن و پشتگیرییەکان بۆ پرۆسەکە بە شێوەیەکی خێرا زیاد دەکات.

بۆ ئەوەی پرۆسەی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” پێشبکەوێت، دەبێت بە بڕیارێکی سیاسی پێگەی ڕێبەر ئاپۆ دیاری بکرێت، هەروەها بۆ ئەوەی سیاسەتی دیموکراتیک بە شێوەیەکی ئازاد پێشبکەوێت، پێویستە هەنگاوی یاسایی بنرێت. دانانی تەواوەتی چەک و چوونە ناو کایەی سیاسەتی دیموکراتیک تەنها بە هاوێشتنی هەنگاوی یاسایی دەبێت. ئەم ڕاستییە لە سەرەتای پرۆسەکەوە تا ئێستا لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە زانراوە، هەر بۆیەش گفتوگۆ لەسەر هەنگاوە یاساییەکان و سیستەمی دادوەری هەیە. لە ئەنجامدا، ئەو قسانەی کە هاوێشتنی هەنگاوە یاساییەکان “بە مەرجی دەستنیشانکردن و دڵنیابوونەوە لە دانانی چەک” دەبەستنەوە، گوزارشت لە ڕاستی ناکەن. ئەم نزیکایەتییە تەنها زیاتر سەری ڕای گشتی تێکدەدات؛ وا نیشانی دەدەن کە وەک بڵێی یاساکان بۆ گەشەپێدانی سیاسەتی دیموکراتیک و ئازادیی ڕادەربڕین و خۆڕێکخستن دەرکراون، بەڵام لایەنەکەی تر وتوویەتی ئێمە چەک دانانێین و نایەین! بە پێچەوانەوە، ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئەوەی گەڕانەوە بە شێوەیەکی خێرا ڕوو بدات، داوای کرد زەمینەی یاسایی و حقووقی ئامادە بکرێت. لە بنەڕەتدا بەرپرسان وتبوویان دوای جەژن هەنگاوە یاساییەکان دەنرێن، بەڵام هێشتا بۆ بەرەوپێشوەچوونی پرۆسەکە هەنگاوە یاساییە پێویستەکان نەنراون.

وەک تەڤگەری ئازادیی کورد، لەو کۆنگرەیەی کە تێیدا کۆتایی بە چالاکییەکان لە ژێر ناوی پەکەکەدا هاتووە و خەباتی چەکداری دژی تورکیا کۆتایی پێهێنرا، بڕیارمان دا کە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە بەڕێوە ببرێت. دانووستانکاری سەرەکی و پێشەنگی ئەم پرۆسەیە ڕێبەر ئاپۆیە. دەبێت بەپێی ئەم ڕاستییە و وەک بەردەنگی سەرەکی، پێگەی سیاسیی ڕێبەر ئاپۆ ڕوون بکرێتەوە و بتوانێت بگاتە هەلومەرجەکانی کارکردنی ئازاد. ئەم پرۆسەیە تەنها بەم شێوەیە بە ڕاستی بەڕێوە دەچێت و دەگاتە ئەنجام. لەم پرۆسەیەدا ئەوەی پێویست بوو کردمان، تەنانەت لەو ئاستەدا هەنگاومان نا کە کەس چاوەڕوانی نەدەکرد. ئێستا ئیتر بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بگاتە ئەنجام، دەبێت پێگەی ڕێبەر ئاپۆ دیاری بکرێت و هەنگاوی یاسایی و حقووقی بنرێت. ئەمە ویست و چاوەڕوانی گەلەکەمان، هێزە دیموکراتەکان و ئێمەشە.

هاوکات، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی پارتی نەتەوەپەرستی دەڵێت، سەبارەت بە عەبدوڵا ئۆجەلان، ئەگەر بۆشاییەك هەبێت لە پێگەكەی، پێویستە چارەسەر بکرێت بە قازانجی کۆماری تورکیا، خزمەت بە ئامانجی تورکیایەکی دوور لە تیرۆر بکات، پێویستە ناوی میکانیزمی پێویست لەم قۆناغەدا کراوە بێت.

باخچەلی لەوتەیەكدا لە گروپی پەرلەمانیی حزبەكەی وتی، پێویستە ئەم میکانیزمە چاکسازی کۆمەڵایەتی، ئاساییکردنەوەی سیاسی، یاسای برایەتی، نەزمی گشتی، ئاسایشی نیشتمانی و داهاتوویەکی ئارام  پێكەوە لەخۆبگرێت، بۆ کۆتایی هێنان بەم باسانە پێشنیاز دەکەم بە ڕێکخەری پڕۆسەی ئاشتی وسیاسیكردن ناوی بهێنرێت.

وتيشى، بێگومان دەتوانرێت بەدیلی دیکە پێشنیار بکرێت، هیوادارین سەرکردایەتی دامەزرێنەری پارتی كرێكارانی كوردستان رۆڵێکی دیاریکراو بگرێتە ئەستۆ، چونکە پرسی سەرەکی بریتییە لە بنبڕکردنی تەواوەتی تیرۆر و بێدەنگکردنی چەک و نەهێشتنی هەمیشەیی تیرۆر لە کارنامەکەمان و گەیشتن بە یەکگرتنی کۆمەڵایەتی.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this