کارەبای سلێمانی: لەئێستادا دەتوانین 3 بۆ 4 کاتژمێر کارەبا دەدەین بەهاووڵاتییان

0
1230

SNN-

کۆنترۆڵی کارەبای سلێمانی سەرقاڵی چارەسەرکردنی دۆخی پێدانی کارەبایە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ڕوودانی کوژانەوەی گشتی و قائیمقامیەت و کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکان لە ئامادەباشیدان بۆ کارپێکردنی موەلیدەکان لە  کاتێکدا چاککردنەوەی سیستمەکە کاتی زیاتری پێویست بێت.

لەو بارەیەوە سیروان محەمەد، وتەبێژی کارەبای سلێمانی تایبەت بە SNNی ڕاگەیاند: “کۆنترۆڵی کارەبای سلێمانی سەرقاڵی ئەوەیە پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان بەردەوام بێت و کوژانەوەی گشتی ڕوونەدات، لە ئێستاشدا دابینکردنی کارەبا بۆ شوێنە خزمەتگوزارییەکان وەک نەخۆشخانەکان، پرۆژەکانی ئاو و زیندانییەکان لە پێشینەیە، هەروەها ئەوەی دیکەش زیاد دەبێت دابەشدەکرێت بەسەر گەڕەکەکاندا.”

سەبارەت بە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان وتەبێژی کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد: “لەوانەیە 3 بۆ 4 کاتژمێر کارەبا بدەینە هاووڵاتییان، چونکە ئێمە 600 فیدەرمان هەیە و بەتەنها ناوشاری سلێمانی نییە، بەڵکو بەرپرسین لە ڕاپەڕین، قەڵادزێ و هەڵەبجەوە؛ کۆنتڕۆڵکردنی کارەبای سلێمانی بەرپرسە لە دابەشکردن، گواستنەوەی کارەبا و پاراستنی سیستمەکە.”

هاوکات فازڵ عومەر، قائیمقامی سلێمانی بە وەکالەت لە لێدوانێکدا بۆ SNN ڕایگەیاند: “چاوەڕوانی کارەبای سلێمانی دەکەین بزانین وەڵامی ئەوان چی دەبێت و چەند کاتژمێر کارەبا دەدەنە هاووڵاتییان، چونکە هەندێکجار ئەو ڕووداوانە لە 24 کاتژمێر تاوەکو 48 کاتژمێر دەخایەنێت تا دۆخەکە چارەسەر دەبێت، بۆیە لە سبەینێوە ئەگەر کارەبای نیشتمانی چاک نەبووەوە لەگەڵ موەلیدەکان  کۆدەبینەوە وبڕیاری پێویست دەدرێت.”

لە لایەکی دیکەوە عوسمان محەمەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بۆ SNN ئاشکرای کرد: “لە 95٪ی موەلیدە ئەهلییەکان بە تەواوی ئامادەن بۆ کارکردن و چاوەڕێی بڕیاری قائیمقامیەت و کارەبای سلێمانین، بۆ ئەوەی ئەگەر ئاسایبوونەوەی کارەبای نیشتمانی زۆری پێچوو، بەپێی میکانیزمێک کاریان پێبکرێتەوە و بڕیاری لەسەر بدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ داوایەکمان لێنەکراوە بۆ کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this