حکومەتی عێراق: هێزەکانی عێراق دەچنە ناوچەی جورف نەسر و مۆڵەتیش دراوەتە کەتائیبی حزبوڵڵا بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە

0
57

SNN-

حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی داوە بە چوونەناوەوەی هێزە چەکدارەکان بۆ ناوچەی “جورف نەسر”. هاوکات ئاشکرای کرد کە مۆڵەتێکی دیاریکراو دراوەتە کەتائیبی حزبوڵڵا بۆ کشانەوە لەو ناوچەیە و لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەش دەستکاریکردنی بۆرییەکانی نەوت و بوونی پاڵاوگە و تانکەری نهێنی لەوێ تۆمار کردووە.

ئاشکرابوونی دەستکاریکردنی بۆرییەکانی نەوت و بوونی پاڵاوگە

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)، عەبودی ئاماژەی بەوە دا کە دۆسیەی جورف نەسر بۆ چەندین ساڵ وەک “دۆسیەیەکی داخراو” وەسف دەکرا، بەڵام حکومەت بە پشتبەستن بە دەسەڵاتە یاسایی و دەستوورییەکانی بۆ پاراستنی سامانی گشتی، ڕێکاری گرتووەتەبەر بۆ بەدواداچوونی گومانەکانی بەقاچاخبردنی نەوت.

بە وتەی وتەبێژی حکومەت، لەسەر بنەمای ڕاپۆرتێکی وردی ئاژانسی هەواڵگری، سەرۆکوەزیران لیژنەیەکی باڵای بە سەرۆکایەتیی کەسایەتییەکی ئەمنیی دەستەی حەشدی شەعبی پێکهێناوە. لیژنەکە ڕۆژی هەینی پشکنینی بۆ شەش پێگە لەو ناوچەیە کردووە و دەستکاریکردنی ڕوونی لە بۆرییەکانی نەوت و هەوڵدان بۆ شاردنەوە و پڕکردنەوەی شوێنەواری ئەو دەستکاریکردنانەی بەدیکردووە، جگە لە دۆزینەوەی دوو پاڵاوگە، تانکەر و کۆگا، کە بوونیان بەڵگەیە لەسەر دابینکردنی نەوتی خاو بۆ کارپێکردنیان.

دوورخستنەوەی بەرپرسان و ڕەوانەکردنی دۆسیەکە بۆ دادگا

عەبودی ڕوونیشی کردەوە کە دوای بەرزکردنەوەی ڕاسپاردەکانی لیژنەکە، سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەیەکی ئەمنیی بەپەلەی ئەنجام داوە و فەرمانی بە دوورخستنەوەی ژمارەیەک بەرپرس و ڕەوانەکردنی تێوەگلاوان و تەواوی دۆسیەکە بۆ دادگا کردووە، هەروەها دەستەی دەستپاکیی ڕاسپاردووە بۆ بینینی ڕۆڵی خۆی.

ئەوەشی خستە ڕوو کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەکان کردووە ڕێگری لە هاتوچۆی هەر تانکەرێکی گواستنەوەی نەوت و سووتەمەنی بکەن لەو ناوچەیەدا.

مۆڵەت بۆ کەتائیبی حزبوڵڵا و چوونەناوەوەی سوپا

سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە وتەبێژی حکومەت جەختی کردەوە کە بڕیاری چوونەناوەوەی هێزە چەکدارەکان بۆ جورف نەسر دراوە، چونکە بەڕێوەبردنی سەرجەم شار و قەزاکان ئەرکی هێزە فەرمییەکانە کە بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کار دەکەن. لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە کەتائیبی حزبوڵڵا، عەبوودی گوتی: “مۆڵەتێکی دیاریکراو بۆ کەتائیب دانراوە تا لە جورف نەسر بچنە دەرەوە و ئەو مۆڵەتەش دوور نییە.”

هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەدواداچوون لە زاخۆوە تا بەسرە

عەبودی ئاماژەی بەوەش دا کە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی نەوت تەنیا جورف نەسر ناگرێتەوە، بەڵکو “لە زاخۆوە تا بەسرە” درێژ دەبێتەوە.

دەربارەی پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەم دۆسیەیەدا، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند: “حکومەت بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا دەکات کە دەسەڵاتەکانی هەرێمی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا دیاری کردووە، و هەماهەنگی و ئاماژەی پەسەند هەیە بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ نوێنەرانی دەزگا ئەمنییە فیدراڵییەکان.”

هۆشداریشی دا کە هەر کەسێک ببێتە ڕێگر لەبەردەم ئەرکی ئەو هێزانەدا ڕووبەڕووی یاسا دەبێتەوە، و ئاماژەی بە “ئەگەری چوونەناوەوەی هێزەکانی سوپا بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان” کرد.

بەشی بکە لە
تاگەکانجورف نەسر
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this