ئەنجام نەدانی كۆنگرەی پارتی پێش هەڵبژاردنەكان كارێكی نایاساییە

0
1871

SNN-عەلی حەمە سەعید

هەرچەندە بڕیاربوو ئەمساڵ كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام بە بیانووی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە كۆنگرەی 14ی ئەو حزبە بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە، شارەزایەكی بواری هەڵبژاردنیش ئاماژە بە نایاسایی بوونی دواخستنی كۆنگرەی پارتی دەكات بۆ دوای هەڵبژاردنەكان، بەرپرسێكی پارتیش دەڵێت سەرەڕای كۆرۆنا بەڵام كاتی پێویستمان لەبەردەستدا نەبوو بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە.

پارتی دیموكراتی كوردستان ماوەی 11 ساڵە كۆنگرەی نەبەستووە، لە كاتێكدا بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەكە دەبێت چوار ساڵ جارێك كۆنگرە ببەستێت، هاوكات بە گوێرەی یاسای كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقیش هەر حزبێك بیەوێت بەشداری هەڵبژاردن بكات دەبێت كۆنگرەی نوێی ئەنجام دابێت.

سەعید كاكەیی، ئەندامی پێشووی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و شارەزا لە كاروباری هەڵبژاردن بە SNNی راگەیاند: بە گوێرەی یاسای كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان هەر حزبێك كە بەشداری هەڵبژاردن دەكات دەبێت پێش هەڵبژاردن كۆنگرەی نوێی بەستبێت، بۆیە لە ڕووی یاساییەوە نەبەستنی كۆنگرەی پارتی پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان كێشەیەكی یاساییەو و كۆمیسیۆن چاوپۆشی لەو كێشە یاساییە كردووە بۆ پارتی و ئەو حزبانەی كە هاوشێوەی پارتی كۆنگرەیان ئەنجام نەداوە یاخود دوایان خستووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم چاوپۆشییە كاتییەو بەهۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە پەیرەو دەكرێت، هەر حزبێكی دیكەش كۆنگرەی دواخستبێت بە شێوەیەكی كاتی چاوپۆشی لێكراوە.

فارس نەورۆڵی، وتەبێژی ئەنجومەنی سەركرایەتی سلێمانی-هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ SNNی ڕوونكردەوە، گومان لەوەدا نییە كە ئەگەر بگونجێت زۆر پێویستە كار بە پەیڕەو پرۆگرامی حزب بكرێت بۆ بەستنی كۆنگرە لە كاتی خۆیدا، بەڵام جاری وا هەیە بارودۆخێك دێتە پێشەوە نەك پارتی بەڵكوو هەر حزبێكی دیكەش بێت ناتوانێت لەكاتی خۆیدا كۆنگرە ببەستێت، بۆیە ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە گومان لەوەدا نییە كە بڵاو بوونەوەی كۆرۆنا كاریگەری ڕاستەوخۆی هەبووە لە دواخستنی كۆنگرەی 14ی پارتی بۆ دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق.

ئەوەشی خستەروو، بەدەر لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا كە هۆكار بوون بۆ دواخستنی كۆنگرە لە هەمان كاتیشدا نزیك بوونەوە لە هەڵبژاردنەكانی عێراق و هەروەها ئەو ئەركە سیاسی و ئیدارییەی لەسەر شانی پارتییە ڕێگەخۆشكەر نەبوون كە بتوانین لە كاتی خۆیدا كۆنگرە ببەستین، هاوكات ئەگەریش هەموو ئەندامانی كۆنگرە پێكوتەی كۆرۆنامان بەكاربهێنایە ئەوكات دەكرایە بابەتێكی ڕاگەیاندنەكان و دەوترا پارتی جیاكاری كردووە بۆیە پێمان باش بوو بۆ چەند مانگێك كۆنگرە دوابخرێت.

وتەكانی ئەو بەرپرسەی پارتی لە كاتێكدایە كە لە سەرەتای ئەم مانگەدا، خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، بەهۆی تەشەنەی كۆرۆنا و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كۆنگرەی 14ی حزبەكە دواخراوە، بەڵام دیاری نەكرد كە بۆ كەی دواخراوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە 16ی ئابی 1946 دامەزراوە و تائێستا 13 كۆنگرەی ئەنجامداوە لە ساڵی 2010 ەوە تا ئێستا كۆنگرەی نەبەستووە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this