SNN نهێنییەكی پشت رۆشتنی ئەدهەم بارزانی بۆ دەرەوەی كوردستان ئاشكرا دەكات

0
2115

SNN-عەلی حەمە سەعید
لە ئێستادا ڕۆشتنی یەكێك لە ئامۆزاكانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەو حزبە بووەتە باسی گەرمی بەشێك لە ڕاگەیاندنەكان، گوایە بەهۆی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا و بێدەنگی حكومەتی هەرێم، كوردستانی جێهیشووە، بەڵام SNN لە بەدواداچونێكدا نهێنییەكی پشت جێهێشتنی ئەدهەم بارزانی ئاشكرا دەكات.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لە بەرپرسێكی باڵای پارتی بە SNN دراون ئەوە پشتڕاستبووەتەوە لە ئێستادا ئەدهەم بارزانی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەرێمی كوردستانی بەرەو ئێران جێهێشتووە، ئەوەش وەك دەربڕینی ناڕەزایەتییەك لە بەرامبەر بێدەنگی حكومەتی هەرێم لە ئاست هێرش و دەستدرێژییەكانی دەوڵەتی توركیا لە خاكی هەرێمی كوردستان و تاڵانكردنی سامانی سروشتی ناوچە داگیركراوەكان.

سیاسەتمەدارێک کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت لەوبارەیەوە بە SNNی وت: رۆشتنی ئەدهەم بارزانی بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا بە پاڵپشتی توركیا بۆ پارتی، شەڕ لە نێوان پارتی و پەکەکە روودەدات. لەحاڵەتی شكستی پارتی بەرامبەر بە پەكەكە، پارتی دەیەوێت دەرگایەكی گفتوگۆ لەگەڵ پەكەكە بهێڵێتەوە بۆ ئەوەش دەیەوێت لەرێگەی لێدوانەكانی ئەم دواییەی ئەدهەم بارزانی و جێهێشتنی كوردستان سۆزی پەكەكە بەلای ئەدهەم بارزانیدا ڕابكێشێت و دواتر ناوبراو وەك نێوەندگیرێك بەكاربهێنێت بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ پەكەكە.

ئەو سیاسەتمەدارە وتوویەتی: كە هێرشەكانی توركیا بۆسەرخاكی كوردستان نوێ‌ نین، بەڵكوو چەندین ساڵە توركیا ئەو هێرشانەی دەستپێكردووە بەڵام نە پارتی و نە ئەدهەم بارزانی هیچ هەڵوێستێكیان نەنواندووە، بۆیە ئەم هەڵوێستەی ئێستای ئەدهەم بارزانی جگە لەوەی بەرژەوەندییەكی سیاسی بۆ پارتی و بنەماڵەی بارزانی لە پشتەوەیە هێندە هەڵوێستێكی نشتیمانی و دژ بە داگیركەرانی كوردستان نییە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this