بافڵ تاڵەبانی: رێگەنادەین لە پرسی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا بەرژەوەندی حزبی زاڵبکرێت

SNN
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان سەبارەت بە پرسی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان وێڕای جەختکردنەوە لە پاڵپشتی یەکێتی بۆ ئەو پرسە، وتی: ” رێگەنادەین لەم پرۆسە نیشتمانییەدا بەرژەوەندی حزبی زاڵبکرێت و ناھاوسەنگی دروستبکرێت”.
بافڵ تاڵەبانی، سەردانی فەرماندەیی ھێزەکانی حەفتای کرد و لەلایەن مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی ھێزەکانی حەفتا و ژمارەیەک فەرماندە و پلەباڵای سەربازی پێشوازی لێکرا و لەکۆبوونەوەیەکدا هاوسەرۆکی یەکێتی تیشکی خستەسەر دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئەمنییەکان و ھەڵوەستەی کرد لەسەر بارودۆخی سەربازیی ئەم دواییەی بەغدا و چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش و ھەوڵەکانی یەکخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە.
لەبارەی یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە و پێشخستنی توانا سەربازییەکان و پێداچوونەوە بە پەیکەری یەکە سەربازییەکان، ھاوسەرۆک جەختی لەوە کردەوە: “یەکێتی پاڵپشتی و ھاوکاری سەرخستنی ئەم ھەنگاوە نیشتمانییە دەکات و دەمانەوێت ھێزێک بونیادبنێینەوە کە لەئاست گۆڕانکارییە ئەمنی و سەربازییەکان بێت. لەڕووی نەتەوەییشەوە ببینە خاوەنی ھێزێکی پڕچەک، تۆکمە و راهێنراو کە بەرژەوەندییە گشتییەکانی خاک و وڵاتەکەمان بپارێزێت، بەڵام لەگەڵ ئەم ھەنگاوانەش رێگەنادەین لەم پرۆسە نیشتمانییەدا بەرژەوەندی حزبی زاڵبکرێت و ناھاوسەنگی دروستبکرێت. دەبێت لە یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بنەماکانی یەکسانی، دادپەروەری و نیشتمانی رەچاو بکرێت”.
ھەر لەکۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی فەرماندەی ھێزەکانی حەفتای بەرچاوڕوونکرد لە سیاسەتی نوێی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چەند راسپاردە و بڕیارێکی دەرکرد لەپێناو سەقامگیری زیاتری ئاسایش و ئارامی لە ھەرێم بەتایبەت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم کە بۆشایی ئەمنیی تێدایە و لەئێستادا لەچوارچێوەی ژووری ھاوبەشی ئۆپەراسیۆن لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان ھەماھەنگی دەکرێت و بەرنامە و پلان بۆ ئارامی زیاتر لەو سنوورانە دادەنرێت.
سەبارەت بە ژیان و گوزەرانی ھێزەکانی پێشمەرگە و دواکەوتنی مووچەی چەند لیوایەکی ھاوبەش، ھاوسەرۆکی یەکێتی نیگەرانی خۆی دەربڕی و وتی، لەرێگەی نوێنەرەکانمانەوە لە حکومەت داوامانکردووە ئەم کێشەیە بە خێرایی چارەسەربکرێت و رێگەنەدرێت ژیان و قوتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بخرێتە ناو کێشمەکێش و ململانێکانەوە.
لە درێژەی سەردانەکەدا بافڵ تاڵەبانی بارەگای دەزگای ھەواڵگریی پێشمەرگەی بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە بەدواداچوونی بۆ چۆنییەتی بەڕێوەچوونی کاروبارە سەربازی و ھەواڵگرییەکان کرد. لەبەرامبەر ماندووبوون و رۆڵی دەزگاکە لەپاراستنی ئاسایش و ئارامی ھەرێم، سوپاس و دەستخۆشی لە جەلال شێخ ناجی، لێپرسراوی دەزگای ھەواڵگری پێشمەرگە و ئەفسەران و کارمەندانی دەزگاکە کرد کە لەخۆبووردووانە لەئەرکدان و ھاوکار و پشتیوانی ھێزەکانی پێشمەرگە، ئاسایش، ناوخۆ و ھێزەکانی دژەتیرۆرن و وەک یەک تیم بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییان کاردەکەن.
شاندێکی باڵای نەوەی نوێ سەردانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەکات
43 خولهك لهمهوپێش
هەواڵی زیاتر
-
شاندێکی باڵای نەوەی نوێ سەردانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەکات
43 خولهك لهمهوپێش -
هەواڵێکی نوێ لەبارەی مووچە
1كاتژمێر لهمهوپێش -
کۆبوونەوە چارەنووسسازەکانی هەرێم و بەغدا دەستپێدەکەن
3كاتژمێر لهمهوپێش
دەربارەی ئێمە
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
ئەگەر لەبیرت کرد
-
شاندێکی باڵای نەوەی نوێ سەردانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەکات
43 خولهك لهمهوپێش -
هەواڵێکی نوێ لەبارەی مووچە
1كاتژمێر لهمهوپێش
بنکۆڵکاری
-
هەولێر شاری باڵەخانە بەرزەکان بەڵام بێ ژێرخان
كانونی دووهم 5, 2022 -
بڵاوبوونەوەی ڤيديۆی سێکسی لە تۆڕەکۆمەڵايەتييەکاندا
تهمموز 6, 2021









