“مەرجی عێراق بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێم نەهێشتنی لێبڕینی مووچەیە”

0
1298

SNN-عەلی حەمە سەعید

بە وتەی بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دارایی هەرێم حکومەتی عێراق ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ناردنی بڕێك پارە بۆ هەرێم بەمەرجی ئەوەی لێبڕینی مووچە لە فەرمانبەرانی هەرێم كۆتایی پێبهێندرێت، بەڵام سەرۆكی حكومەتی هەرێم نایەوێت بە یەكجار كۆتایی بە لێبڕینی مووچە بهێندرێت و تیمی یەكێتیش لە حكومەت لەگەڵ ئەوەدان لەگەڵ گەیشتنی پارەکە بە یەکجاری لێبڕین نەمێنێت، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: “كۆتایی نەهێنان بە لێبڕینی مووچە پێچەوانەی یاسایە”.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی كە لەبەرپرسێكی باڵای وەزارەتی داریی و ئابوری بە SNN، “پەیوەندییەكانی بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی لەگەڵ حكومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوامی هەیە، بۆ گەیشتن بە بڕیاری كۆتایی ناردنی بڕێك پارە لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان بە شێوەی سولفە تا ئەو كاتەی مادەكانی 10 و 11ی یاسای بودجەی گشتی عێراق كە تایبەتە بە پشكی هەرێم دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، عێراق ئامادەیی دەربڕیوە بە ناردنی بڕێك پارە كە لە سەروو 200 ملیار دینارەوەیە وابڕیاریشە كە هەفتەی داهاتوو ئەو بڕە پارەیە لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە بخرێتە سەر حسابی بانكی هەرێم، بەڵام عێراق بەو مەرجە ئەو بڕە پارەیە دەنێرێت كە حكومەتی هەرێم كۆتایی بە لێبڕینی مووچە بهێنێت وەك لە یاسای بودجەی گشتی عێراقیش ئاماژە بەو خاڵە كراوە.

ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی دارایی هەرێم جەختی لەوەشكردەوە، بە دڵنیاییەوە دابەشكردنی مووچەی ئەم مانگە هەر بە لێبڕینی لە %21 دابەشدەكرێت و پێدەچێت لە ڕۆژی یەك شەممەشەوە دەستبكرێت بەدابەشكردنی مووچە كە 27ی مانگ دەكات، هاوكات سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەنیازە كە بەیەك جار كۆتایی بە لێبڕینی مووچە نەهێندرێت بەڵكوو قۆناغ بە قۆناغ لێبڕین كەمبكرێتەوە بە جۆرێك ئەگەر بەغدا پارەی نارد لێبڕین كەمبكرێتەوە بۆ لە %15 تا لە %17 بەڵام ئەمە لەلایەن تیمی یەكێتی لە حكومەت ڕەتكراوەتەوە و داواینكردووە كە بە گەیشتنی پارەی بەغدا كۆتایی بە لێبڕینی مووچە بهێندرێت.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ SNNی ڕوونكردەوە، حكومەتی عێراق بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری ناردنی برێك پارەی بە شێوەی سولفە بۆ هەرێمی كوردستان داوە و تەنها ئەوە ماوە بخرێتە سەر حسابی بانكی هەرێم، بەڵام ئەگەر حكومەتی هەرێم بیر لەوە بكاتەوە بە گەیشتنی پارە لە بەغداوە بەردەوامی بدات بە لێبڕینی مووچە ئەگەر لە %1 یش بێت ئەوە هەر نایاساییە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە یاسای بودجەی گشتی بە بڕگەیەك ئاماژە بەوەدراوە كە ناردنی هەر بڕە پارەیەك لە بەغداوە بۆ هەرێم دەبێت بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرجبكرێت، ئەمە ئەوە دەردەخات كە بەردەوامی لێبڕینی مووچە كارێكی پێچەوانەی یاسای بودجەیە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this