200 ملیار دینارەكەی هەرێم لە نێوان گێژاوی ناردن و نەناردنی لە لایەن بەغداوە

0
791

SNN-عەلی حەمە سەعید
لەگەڵ ئەوەی زیاد لە دوو هەفتەیە بە زۆینەی دەنگی ئەنجومەنی وەزیران و هاوكات ماوەی هەفتەیەكیشە نوسراو ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق كراوە بۆ خەرجكردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێم، بەڵام تا ئێستا ناردن و نەناردنی ئەو 200 ملیار دینارە لە گێژاوی لێدوانی بەرپرسانی هەرێم و بەغدا دەخولێتەوە.

فارس عیسا، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەغدا بە SNNی ڕاگەیاند: ناردنی 200 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان بڕیاری كۆتایی لەسەر دراوە هۆكاری دواكەوتنیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تا ئێستا هەردوو دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێم نەگەیشتوون بە كۆتایی كارەكانیان لەبارەی وردبینی لە داهات و ژمارەی فەرمانبەران، بۆیە لەدوای تەواو بوونی ئەو كارە بە زووترین كات 200 ملیارەكە ڕەوانەی بەغدا دەكرێت.

لە بەرامبەردا بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم ئەوەی بۆ SNN ڕوونكردەوە كە هۆكاری نەناردنی 200 ملیار دینارەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە( عەلی عەلاوی ) وەزیری دارایی عێراق لە ژێر فشاری بەشێك لە لایەنە شیعییەكان ئامادە نییە واژۆ لەسەر ناردنی ئەو بڕە پارەیە بكات، چونكە هەڕەشەی ئەوەیان لێكردووە كە ئەگەر بە وەها كارێك هەستێت بە پشتبەستن بە زۆرینەی پەرلەمانی بانگهێشتی پەرلەمانی دەكەن و متمانەی لێدەسەندرێتەوە.

لەلایەكی دیكەوە هەر ئەمڕۆ حەسەن نازم، وتەبێژی حكومەتی عێراق ئەوەی ڕاگەیاند كە ناردنی 200 ملیار دینار بۆ بەغدا بڕیاری لەسەر دراوە و تەنها چەند کارێکی تەكنیكی ماوە.

بە گوێرەی بەدواداچوونەكانی SNN تا ئەوكاتەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە گەشتەی بۆ وڵاتانی ئەوروپی دەگەڕێتەوە هیچ بڕیارێك بۆ ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێم نادرێت، هاوكات دوای گەڕانەوەشی لە ئەوروپا لەلایەن بەرپرسانی حكومەتی هەرێمەوە جارێكی دیكە فشار دەكرێت بۆ ڕەوانەكردنی ئەو پارەیە بەڵام نازاندرێت ئاخۆ وەزیری دارایی ڕەزامەندی دەردەبڕێت بە ناردنی یاخود سەۆك وەزیران بە ڕاستەوخۆ خۆی بڕیاری ناردنی پارەكە دەدات.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this