بافڵ تاڵەبانی لە ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال پەیامێک بڵاودەکاتەوە

0
686
بافڵ تاڵه‌بانى، سه‌رۆكى یه‌كێتیی نیشتمانیى كوردستان | فۆتۆ: SNN
SNN
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چوارەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال-دا پەیامێک بڵاو دەکاتەوە و دەڵێت “:لە چوارەمین ساڵڕۆژی ماڵئاوایی تۆدا بەشکۆوە رادەمێنم و تاوێک لە خەباتی رابەر و رۆشنکەرەوەی بیری کوردایەتی و بڵێسەی شۆڕشی نوێ، پشوودەدەم و بەدەم گەشبینی، ھیوا و ئومێدەوە بۆ ئاسۆیەکی روونتر ھەنگاودەنێم.
ھەنگاوی وەفاداری دەنێين و بەشوێن دونیابینی و سیاسەتی حەکیمانەی مام ڕێدەکەين و ئەمانەتی تۆ لە بەرامبەر خوێنی شەھیدان و تێکۆشەرانی یەکێتی دەپارێزین، دەیبوژێنینەوە، رێکیدەخەینەوە.
وەفادار بۆ یەکێتی و مێژووی پڕسەروەری مام
ئەرکی ئێمەيە بەرنامەکەت تەواوبکەين و یەکێتی ناو یەکێتی بپارێزين، ئەم یادە بەدەرفەت دەزانم تا جارێکی تر دڵنیات بکەمەوە و ویژدانم ئاسوودەبکەم، دوای پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنێکی زۆر دواجار بە ھاوکاری دڵسۆزانی رێگاکەت و تێکۆشەران و شوێنکەوتوانی، یەکێتیمان لەھەڵدێران پاراست و ژیانی سیاسی و حیزبایەتیمان ئاسایی کردەوە، ھەر بڕیارێک درابێت و لەداھاتووشدا دەدرێت لە خزمەتی چاکەی گشتی و یەکێتی و کوردستانەکەت دەبێت، راستە رێگری ھەبوو بەڵام لەم کاروانەدا تەنھا نەبووین و تەنھا نین، پێکەوە ھەموومان تێکۆشەران، پێشمەرگەی دێرین، کەمئەندامانی سەنگەر، زیندانیانی سیاسی، کەسوکاری شەھیدان، ھەڤاڵان و کادران یەکێتیمان پاراست و لەخەمی یەکێتیدا بووین، وەک سەردەمی رابەرایەتی تۆ ئێستا یەکێتی و یەکێتییەکان ئازاو ئازادن کار بۆ ژیانێکی باشتر و کوردستانێکی ئاوەدانتر دەکەن.
لەم قۆناغی خەباتی نوێیەشدا یەکێتییەکەمان و گۆڕانەکەی کاک نەوشيروان دوا ئاواتی ئێوە و ویستی کۆمەڵانی خەڵکیان بەجێگەیاند و پێکەوە بەرەو سەرکەوتن ھەنگاودەنێن و لە ھاوپەیمانیەتييەکەدا لە بەردەم وەفاداری خەڵک و کێشە بنچینەییەکانی ھەرێم و پارسەنگی ھێز و مافە دەستوورییەکانمان راوەستاوین، ھاوپەیمانی کوردستان وەفادار دەبێت و کار بۆ ژیانێکی باشتر و پاراستنی قەوارەی ھەرێم دەکات، خۆمان ئامادەکردووە و لە بەردەم سەرپێخستنی خەونی تۆ و کاک نەوشیروان داین و دەمانەوێت ئەو سیاسەتە حەکیمانەی ئێوە بکەینە سەرمەشقی خەباتی نوێمان.
کەرکوک و کەرکوکییەکان، خانەقینییەکان، شەنگال، مەخمور و ئازیزانمان لە ناوچە دابڕێندراوەکان لەبەرامبەر بەڵێنی سەرۆک مام جەلال و خەمی کوردستانی بوونی ئێوە وەفادارین و لەئاست بەرپرسیارێتی پەیمانی مام دەبین و قودسی کوردستان قوڵایی ستراتیژی خەباتمان دەبێت و بەگیانمان دەیپارێزین، بۆ ھەمیشە لەگەڵتانین و شارەکەی خۆمان جێنەھێشتووە و جێی ناھێڵین، وەفا و وەسێتی باوکمانە و دەیپارێزین.
بۆ تۆی باوکیش بیرت دەکەم، زۆرجار لەبەرامبەر مەزنیت، رابەرایەتی و پێشەواییت، داکۆکیت لە مافە گشتییەکان و ئازادی رادەربڕین و تەبایی و یەکڕیزی گەلی کورد، خەمت بۆ نیشتمانێک کە رەنگدانەوەی ھەموو بۆچوونە جیاوازەکان بێت، رادەمێنم و بەڵێن بە رۆحت دەدەم کە ئەم بەرپرسیارێتییە بە ئەمانەتەوە بەجێ بگەیەنم و مەشخەڵی شۆڕشی نوێ و یەکێتییەکەت بڵێسەدارتر بکەم، ئارامی بۆ ڕۆ‌حی مەزنت و رێگات رۆشن و یەکێتییەکەت ئاوەدانتر باوکە گیان.
کوڕی خۆت
“بافڵ”
3ی تشرینی یەکەمی 2021
بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this