بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەكانیان كۆمپانیای كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك مانیان گرتووە لەكاركردن

خۆڵ و خاشاک
SNN-عەلی حەمە سەعید
لەبەرامبەر خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانیان لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ماوەی چەند ڕۆژێكە رۆژە كۆمپانیای تایبەت بە كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی ناوشاری سلێمانی كارەكانی راگرتووە ئەمەش بووەتە هۆی كۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاك لە گەڕەك و شوێنەگشتیەكانی سلێمانی و بەرپرسانی كۆمپانیاكەش داوای چارەسەركردنی گرفتەكەدەكەن.
خالید شینكی، خاوەنی كۆمپانیای خالید شینكی كە تایبەت بە كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاكی ناو سەنتەری سلێمانی بە SNNی ڕاگەیاند: ئەو گرفتەی لە كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك دروستبووە بەهۆی خەرجنەكردنی شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكەمانەوەیە كە ئێمە لەتواناماندا نەماوە لەسەر حسابی خۆمان مووچەی كارمەندەكانمان خەرجبكەین، هەر ئەوەش وایكردووە كە كرێكار و كارمەندەكانمان دەستلەكارەكانیان هەڵبگرن تا ئەوكاتەی مووچەكانیان بۆ خەرجدەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، دەكرێت حكومەتی هەێم ڕەزامەندی دەرببڕێت بۆ خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیەی كە لە ماڵان كۆدەكرێتەوە بدرێتە كامەندەكانی ئێمە بچن تا ئەوكاتەی حكومەتی هەرێم پارەمان بۆ دابیندەكات و گرفتەكە چاەسەر دەبێت كە ئێمەش لەگەڵ چارەسەركردنی ئەو گفتەداین و نامانەوێت ئەو كێشەیە زیاتر درێژە بكێشێت.
نزار كەمال، لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری لە شارەوانی سلێمانی بۆ SNNی ڕوونكردەوە، ئەو گرفتەی روویداوە پەیوەندی بە خەرجكردنی پارەی كۆمپانیاكانەوە هەیە لە بانقەكان، چونكە مانگانە بڕی یەك ملیار و 200 ملیۆن دینار بۆ ئەوكۆمپانیایانە دابیندەكرێت، ئەوانیش دەچنە بانك ئێستا كێشەكەیان لە بانكە و ئەوان پارەیان پێنادەن كە 60%ی پارەكەیان پێدەدرێت بە شێوەی قیست ئەوەشیان پێنادەن.
ئەو بەرپرسەی شارەوانی سلیمانی جەختیشیكردەوە كە ئەگەر گرفتی ئەو كۆمپانیایە چارەسەر نەكریت ئەوا ناتوانن بەتەنها خۆڵ و خاشاكی ناو سلێمانی و شوێنە گشتیەكان كۆبكەینەوە بەڵكوو ئەو كارە تەنها بە كۆمپانیاكان دەكرێت.








