ئەگەری هەیە پێش کۆتایی هاتنی ئۆلۆمپیادی چین روسیا ئۆکرانیا داگیربکات

سوپای رووسیا
SNN
تا دێت گرژییەکانی نێوان وڵاتی رووسیا و ئۆکرانیا روو لە زیادبوون دەکات و وڵاتان پێشبینی و گرەوی خۆیان لەسەر ئەوە دەکەن کە ئایا روسیا کەی یەکەم فیشەکی خۆی دەتەقێنێت بەرامبەر ئۆکرانی و یەکەم پێدادان روودەدات.
جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، رایگەیاند لەوانەیە رووسیا پێش کۆتاییھاتنی ئۆلۆمپیادەکانی چین، ئۆکراینا داگیربکات، جەیک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە کۆشکی سپی رێکخست، ھەڵسەنگاندنی بۆ پێشھاتەکانی قەیرانی ئۆکراینا کرد.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە لە ئێستادا ناتوانن بڵێن سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بڕیاری تەواوی لەسەر داگیرکردنی ئۆکراینا داوە، بەڵام زانیاریی ھەواڵگریی بەھێزیان ھەیە لەسەر پرسی دەستپێکردنی داگیرکارییەکە لە ھەر ئان و ساتێکدا.
جەیک سولیڤان وتیشی: “ناچمە نێو وردەکاریی راپۆرتە ھەواڵگرییەکان بەڵام پێشتر باسی ئەگەری دەستپێکردنی (داگیرکاریی) لە دوای ئۆلۆمپیاتەکانی چین لە ئارادابوو، بەڵام بە پێچەوانەی ئەمە بە روونی دەتوانم بڵێم پێش کۆتایی ھاتنی ئۆلۆمپیاتەکان لەوانەیە دەستیپێبکات”.
جەیک سولیڤان ئاشکراشی کرد کە ئەمریکا و ھاوپەیمانانی ناتۆ لە بەرامبەر ھەر ئەگەرێکی داگیرکاریی، ئەوا سزای قورس بەسەر مۆسکۆدا دەسەپێنن.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینی دەکەن رووسیا سەرەتا بە ھێرشی مووشەکی و ئاسمانیی و دواتریش بە ئۆپەراسیۆنی وشکایی درێژە بە داگیرکردنی ئۆکراینا بدات.
جەیک سولیڤان بانگەشەی ئەوەشی کرد کە رووسەکان لەوانەیە بە ھێرشێکی ناوەخت بیانەوێ پایتەختی ئۆکراینا داگیر بکەن.
سولیڤان راشیگەیاند کە ئەوان نازانن لە 24 کاتژمێر تا 48 کاتژمێری داھاتوو چی روودەدات و وتیشی: “لە ھەر ساتێکدا لەوانەیە داگیرکاریی ئۆکراینا دەستپێبکات، پێویستە ئەمریکییەکان دەستبەجێ ئەو وڵاتە جێبھێڵن و لەکاتی داگیرکردنەکەدا ئۆپەراسیۆنی گواستنەوە ئەنجام نادەین”.
وتیشی” کە ئەمریکا و ھاوپەیمانە رۆژئاواییەکان بە سەپاندنی سزای قورس وەڵامی داگیرکاریی رووسیا دەدەنەوە”.
ئۆلۆمپیادەکانی 2022ی چین لە 20ی شوبات کۆتایی پێ دێت.








