“پارە ئامادەیە و مه‌سرور بارزانى بڕیار له‌سه‌ر دابەشكردنی مووچە نادات”

0
1734
دراوى 25 هه‌زار دینارى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید

به‌پرسێكى باڵاى وه‌زاره‌تى دارایی و ئابوورى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، هەرچەندە داهاتی پێویست لەبەردەست وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمدایە بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران تائێستا سەرۆكی حكومەت فەرمانی بە دابەشكردنی مووچەى نەداوەته‌ وەزارەتی دارایی، ده‌شڵێت: ” مه‌به‌ستى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌م كاره‌ بریتیه‌ له‌وه‌ى مووچه‌ نه‌درێت تاوه‌كو تا نزیكبوونەوە لە جەژنی رەمەزان تەنیا یەك مووچە دابەشبكرێت”.

به‌پێى زانیارییه‌كانى SNN كه‌ له‌ به‌رپرسێكى باڵاى وه‌زاره‌تى دارایی و ئابوورى حكومه‌تى هه‌رێم وه‌ریگرتوون، “هەرچەندە وەزارەتی دارایی و ئابووری ئامادەكاری كردووە بۆ دەستكردن بە دابەشكردنی مووچە و پاره‌ى ته‌واوه‌تى ئاماده‌یه‌، بەڵام تاوه‌كو ئێَستا لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە فەرمان نەكراوە بە دابەشكردنی مووچە، لە كاتێكدا لە مانگەكانی پێشووتردا هەركات پارە ئامادە دەبوو راستەوخۆ لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە فەرمان بە وەزارەتی دارایی دەكرا دەستبكەن بە دابەشكردنی مووچە”.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی له‌باره‌ى هۆكارى دابه‌شنه‌كردنى مووچه‌ و وه‌ستانى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌ ده‌ركردنى فه‌رمانى دابه‌شكردنى مووچه‌ ده‌ڵێت: “هۆكارى پێنه‌دانى فه‌رمانى دابەشكردنی مووچەی مانگی ئازاری فەرمانبەران لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە مەبەستی تایبەتی هەیە، چونكه‌ دەیەوێت تاوه‌كو كۆتایی مانگی رەمەزان و پێش جەژنی رەمەزان تەنها یەك مووچە دابەشبكرێت، ئەگەر ئێستا دەستبكرێت بە دابەشكردنی مووچە ئەوا لەگەڵ نزیكبوونەوە لە جەژن فەرمانبەران داوای مووچەیەكی دیكە دەكەن، بۆیە سەرۆكی حكومەت نایەوێت ئەوە رووبدات و دابەشكردنی مووچەی دواخستووە”.

بەگوێرەی زانیارییەكانی SNN، “داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنوورییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و پارێزگاكانی دیكە، هەروەها بەشێك لە داهاتی فرۆشتنی نەوت گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی دارایی، بەڵام لەبەر نەبوونی فەرمانی دەستكردن بە دابەشكردنی مووچە وەزارەتی دارایی ناتوانێت مووچە دابەشبكات”.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 3ى نیسان، عه‌لى حه‌مه‌ساڵح، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان رایگه‌یاند، “لە 2014ەوە دۆخی دارایی هێندە باش نەبووە، هەشت رۆژە پارەی لە بەردەستە بۆ مووچەی مانگی سێ، بەمەبەست دابەشناکرێت، هەربەرپرسێک دەڵێت: وانیە، دەچینە بەرنامەیەکی راستەخۆ لە هەر کەناڵێک پێی باشە”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this